Kategori: Ukategorisert
وه‌فایه‌ك بۆ گیانێكی وه‌فادار
شه‌شی سێپتا‌مبر… هه‌ڵه‌ی زۆری تایپی وه‌ك ده‌نگی قاڵاوێكی نه‌حس هاواری ده‌كرد كه رووداوه‌كه نزیكه… شه‌ش خه‌تی كورت بۆ هاوخه‌می به‌لام وه‌ك هه‌میشه پێ‌داگر له سه‌ر به هێزی زاتیی من… كام هێز؟ به هێزنوێنی میكانیزمی هه‌میشه‌یی ده‌رونی من بوو بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له گه‌ڵ خه‌ڵكێكی سه‌گ ره‌فت كه زانی بووم گه‌ر بێ هێز دیار بیت سه‌د قات سكت ده‌دڕن! و هه‌روه‌ها بۆ هێمنی خاتری ئه‌وانه‌ی خۆشیان ئه‌وێم ده‌زانن خۆ له خه‌ته‌ر ناپارێزم…. تاقه‌تم نه‌بوو له جواب دا بنووسم به هێز نیم و ئه‌و قه‌ڵخانه قورسی به هێزیه به زۆر كێش ده‌كه‌م… گه‌ر بوایه ده‌یگوت ته‌نانه‌ت گه‌ر به زۆریش بوه ده‌بێ هه‌ر پێت بێت…
له گه‌ڵم هاوڕا بوو له سه‌ر ئه‌وه و ره‌نگه هه‌ر ئه‌و پته‌و تری كرد، به مه‌نتقێكی زۆر په‌تی و بێ موجامله، به واقێع بینیه‌كی خاڵی له هه‌ست به نسبه‌ت مرۆڤ و دنیا، واقێع بینیه‌ك كه ته‌نیا رێگای مانه‌وه له جه‌نگه‌ڵی ژیانی مرۆییه…
زۆر زوو بوو به مامۆستا‌م، هه‌ر كه یه‌كه‌م كتێبم خوێند، سه‌فه‌ری خیاڵ كه پڕ بوو له رووراستی و بێ لایه‌نی و ئینساف. قه‌ت پێم نه‌گوت مامۆستا هه‌ر كاكه بوو و خۆیشی قه‌ت پێی خۆش نه‌بوو وه‌ك مامۆستا ده‌ركه‌وێ، به‌ڵام به كرده‌وه وا بوو… گه‌رچی به خسڵه‌تی هه‌میشه‌م چه‌له‌حانێی زۆرم له هه‌ر باسێكی سیاسی دا له گه‌ڵ ده‌كرد به‌ڵام قه‌ت له هێڵی مه‌نتقی خۆی ده‌رنه‌ده‌چوو و هه‌ر ئه‌وه وای كردبوو منی له خۆبایی حازر بم له دڵ دا پێی بڵێم مامۆستا… مامۆستایه‌ك كه زۆر جار به دزیه‌وه ئاواتم ده‌خواست باوكم بوایه! كه باوكت نه‌بینی بێت وێنه‌یه‌كی ئایدیالی له ده‌ره‌وه بۆ ده‌دۆزیته‌وه وێنه‌یه‌ك كه له خۆت ده‌چێ و هه‌ست ده‌كه‌ی هێندێ شتت به ژنتیكی لێ وه‌رگرتوه! باوكم نه‌بوو به‌ڵام له نه‌ترسی و مه‌نتقی ژیانی ده‌ره‌كی و سیاسی دا تاكه كه‌سێك بوو كه هه‌ستم ده‌كرد تا ڕاده‌یه‌ك له‌و ده‌چم و ده‌مهه‌وێ وه‌كوو ئه‌و بم…
له جوابی شه‌ش خه‌ته كه‌دا چه‌ن خه‌تم له باره‌ی ژیانی ئودیسه‌یی و نادیاری خۆم نووسی، حاڵم وه‌ها نه‌بوو تاقه‌تی نووسینی زۆرم بێت، نه‌شم وێرا له جوابی نامه‌دا ته‌له‌فون بكه‌م، له ده‌نگێك كه وزه و هێز و پێكه‌نینی تێدا نه‌مابێ ترسام… من هه‌میشه له لاوازی ترساوم … هه‌م له لاوازی خۆم هه‌م ئه‌وانه‌ی كه خۆشم ده‌وێن… و به به‌هێزی ناسیومن…
له ڕۆژانی دوای ده‌ی سپتامبر زۆر شتی درا بوه پاڵ، هه‌ركێ ئه‌و به‌شه‌ی زه‌ق كردبوه‌وه كه خۆی پێی خۆش بوو، یه‌ك ناوی نابوه ره‌فیقی كۆمۆنیست!، یه‌ك وتبووی پێشمه‌رگه و یه‌كیش نوسیبوی هاوڕێی فیلمساز! جه‌ماعه‌تی به ناو نه‌ته‌وه‌یی شایه‌د به هۆی زاویه‌یه‌ك كه له گه‌ڵ نه‌مر قاسملوو بوویه هه‌ر به فیلمساز بوونی وه‌ستا بوون و لایه‌نی سیاسی كاراكتریان شاردبوه‌وه … زۆریش سه‌یر نیه ته‌یفور به‌تحایی له ناو پێكهاته‌ی سیاسه‌تی خاوه‌رمیانه‌یی دا كه‌سێك بوو كه ته‌حه‌مولی ئاسان نه‌بوو. له سیاسه‌تێك دا كه بنه‌مای له سه‌ر پۆپۆلیزم و شوعار و حه‌ماسه دانراوه و ته‌ركیزی له سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ده‌روێشه ئه‌و كه‌سێك بوو به پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی زاڵ. هه‌ر بۆیه‌ش گه‌رچی له باری توانای سیاسی و ته‌شكیلاتی و نیزامی هاوشانی شه‌ره‌فكه‌ندی و ته‌نانه‌ت قاسملوو(كه دیپلۆماسی ده‌ره‌كی به هێزی له هه‌موو هاوده‌وره‌كانی خۆی جیای ده‌كاته‌وه) بوو به‌ڵام تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی وای ده‌كرد له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات دا بمێنێته‌وه و ره‌نگه ئه‌وه‌ش خاڵی به هێزی كاراكتری بوو بێت… كاك ته‌یفور كه‌سێك بوو بۆ داهاتوو ، ئولگویه‌ك نه‌ك بۆ سه‌رده‌می خۆی و نه ته‌نانه‌ت بۆ سه‌رده‌می ئێستا به‌ڵكوو ئولگویه‌ك بوو بۆ سه‌رده‌مێك كه زۆرینه‌ی كورد له حه‌ماسه و خیاڵ و شوعار ده‌رهاتبێت… گه‌ر وه‌ها سه‌رده‌مێك بۆ كورد مومكین بێت!
نه قه‌ت سكرتێر بوو نه به هه‌موو توانایه‌وه ده‌فته‌ری سیاسی هیچ حیزبێك، نه به حه‌یاتی كۆمۆنیست بوو(كه گه‌ر بوایه له گه‌ڵ ره‌وته كۆمۆنیستیه‌كانی سه‌رده‌می خۆی ده‌كه‌وت) نه ناسیونالیستی ناحاڵی ، نه له سێبه‌ری ناوی دانشیان دا بوو نه شه‌ره‌فكه‌ندی كه هه‌ردووكیان هاوڕێی بوون … كاك ته‌یفور خۆی بوو به ده‌ر له‌و مێژوه كه هه‌یبوو، لانیكه‌م ئه‌وه‌ی وای كردبوو بۆ من ببێت به مامۆستا و ئولگوو نه مێژووی ژیانی سیاسی كه چیه‌تی تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه كردنی له گه‌ڵ ئه‌مری سیاسی دا بوو، تێگه‌یشتنێكی ته‌واو مه‌نتقی و بێ هه‌ست و بوێرانه كه له لووتكه‌ی بێ هه‌ستی دا ته‌واو ئه‌خلاقی بوو… به جۆرێك مه‌نتق و فه‌لسه‌فه‌ی كانتی وه بیر ده‌خستم ، بینایه‌كی گه‌وره و موحكه‌م له عه‌قڵانیه‌ت و ئه‌خلاق كه نه عه‌قلانیه‌ت به فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی سیاسی و ئوپورتونیست بوون لێك ده‌داته‌وه و نه ئه‌خلاق به هه‌ست و سۆز و دڵناسكی…
كاك ته‌یفور غه‌ریب بوو له فه‌زای سیاسه‌تی كوردی دا، به غه‌ریبیش مایه‌وه… غه‌ریبیه‌كه‌ش به‌رهه‌می نامۆیی خه‌ڵكی سیاسی كورد به پره‌نسیپه عه‌قڵی و ئه‌خلاقیه‌كانی ئه‌و بوو… ئه‌و پره‌نسیپگه‌له كه ده‌یگوت له سیاسه‌ت دا وه‌فاداری نه به نسبه‌ت تاكه كه‌سه و نه به نسبه‌ت سازمان، ته‌نیا یه‌ك جۆر وه‌فاداری هه‌یه كه وه‌فاداری به نیشتمان و ئارمانه…
گیانی پڕ له هیوا و وزه و وه‌فاداریت ئارام بێت و یادی به‌رزت هه‌رمان هاوڕێی گه‌وره‌م
فدیە
فدیە
لە دنیای کۆن دا کاتێ نەهامەتیەک رووی لە خەڵکی وڵاتێک، ناوچەیەک، خێڵێک ئەکرد و خەڵکەکە یان لە سەرەوەی خەڵکەکە سەرکردایەتی خەڵکەکە بەو ئاکامە دەگەیشت کە هیچیان لە دەست نایە تەنیا یەک رێگایان بۆ دەمایەوە : قوربانی یان فدیە ، بۆ ئەوەی خوداکان لە خوێنی قوربانی بخۆنەوە و بۆنی گۆشتە برژاوەکەی بچێ بە لووتیان دا و بەڵاکە لە سەر خەڵک لادەن. قوربانی دەبا لە باشترینەکان دەست چن کرابا، کوڕی گەورەی سەرۆک خێڵ یا شا، جوانترین کچی وڵات، بەرچاوترین مرۆڤەکان ئەوانەی لە هەموو بێ عەیب تر بوون … خوداکان بە کەمتر لەوانە رازی نەدەبوون و کۆمەڵگا بە قوربانی و سەرکردە و خەڵکەوە بەو ئاکامە دەگەیشتن کە ئەوە کارێکی ناچارە و هەر دەبێ بکرێ…
فدیە لە رازاوەترین جل دا و لە دوتوی رێورەسمێکی پڕ شکۆدا ئەچووە قوربانگا، دەنگی ئاوازی پیرۆز و حەماسی لە گەڵ بۆنی عوود و گوڵ و هەلهەلەی خەڵک پڕ شکۆترین ساتی ژیانی قوربانیان ئەنەخشاند، لە دڵەوە هەست بە ئارامیەکی رێژەیی، رزگاری خەڵک، گیان بەخشین بۆ زیندوو مانی ئەوانی دیکە، وە پێش مەرگی خەڵک کەوتن، شانازی فدیە بوون …. پلەکانەکانی قوربانگا و دڵێک کە هەر سات و توندتر لێدەدا، خەڵکێکی تینووی بینینی ئەو چرکە ساتە گرنگ و ئازار بەخشە، خەڵکێک پڕ لە خۆشەویستی قوربانی بە چاوی گریان چاوەرێی بینینی هەڵدڕینی سکی خۆشەویستەکەیان ، خۆشەویستی ئەو چرکە ساتە، کەسێ کە بە مەرجی ئەوەی بە سەری دێت خۆشەویستە… دواهەمین پلە و بەرزایی قوربانگا کە دەبێ ببێ بە سیمبولی بەرزی پلەی قوربانی ، قوربانیەک کە قەرارە دوایی ناوی ببێ بە شەهید، قەرارە نەمر بێت و گیانی لە شوێنێکی بەرزەوە ئاگاداری بەهاکانی خەڵک بێت… راکشان لە بەر دەستی کاهینی گەورە، بەرەو لووتکە چوونی هەلهەلەی خەڵک ، گریان و شیوەن و هاوار و دەماری دەرپەڕیوی لامل و بۆنی خوێن و ورووژانی خوداکان و خەڵک پێکەوە، هەڵدڕینی سینگی سپیی قوربانی و دەرکێشانی دڵێ کە هێشتا لێدەدات، دوا دیمەنی ژیانی قوربانی دڵی خۆیە، خوێناوی و گەرم و بە ترپە لە پێش چاوی خۆی، کێ شانازی ئەوەی پێ دەبەخشرێ دڵی خۆی و ترپەکانی ببینێ ؟! جگە لە فدیە جگە لەوەی دواتر ناوی دەبێ بە شەهید کێ وەها شانازیەک بە خۆی دەبینێ؟! ….
دڵەکە لە دەستی کاهین دا لە ترپە دەکەوێ و ئەخرێکە سەر کوانوویەک کە ئامادە کراوە پێشتر، بۆنی دڵی بر‌ژاو ئەگاتە لای خوداکان، مرۆڤەکان لە سەر دەستی یەکترەوە پەلامی پلەکانی قوربانگا ئەدەن، لە سینگیان ئەدەن، ئەگرین و بە دوای شتێک، بەشێک لە جل یان قژی قوربانی دان ، پارچە پەڕۆیەکی تەرجیحەن خوێنین کە وەکوو تەوەڕک بیبەنەوە بۆ ماڵ و ببێت بە بەڵا گەردانی باڵای موڵک و ماڵ و منداڵیان … لە سەر و چاوی یەکتر ئەدەن و هەرکەسەو چنگێ لە قوربانی گیر ئەکەن و بەشی خۆیانی لێ ئەبەن و گۆشت و دڵ و جەرگیشی بەشی تایبەتی خوداکانە کە لە مەعبەد دا کەباب ئەکرێ… رێورەسمی قوربانی کۆتایی پێ دێ و تاکەوشی قوربانی لە بن پلەکانەکانی قوربانگا جێ ئەمێنێ و خەڵکە ماتەمینەکە بەڵاوە ئەکەن و ئەچن لە ماڵەوە لە کۆ بوونەوەی بچووک بچووک دا دەدەنیشن و ئەوەی دیویانە دوبارە باسی ئەکەنەوە، هێندێکیان دوبارە ئەگرین، هێندێکیان بە باڵای شەهیدەکەدا دەڵێن بەڵام هەموویان لە دڵەوە هەستێکی هێمنی و شادیان هەیە لەوەی کە ئەو باشترین و جوانترینەیان رازی بوو ببێتە قوربانی بۆیان، کە شەرمەندەی دەرگای خوداکان نەبوون و ئەوەی شیاوی ئەوان بوو پێشکەشیان کرا، کە بەڵاکە لە سەریان لانیکەم بۆ ماوەیەک لاچوو ، دوایی ئەوەش خودا گەورەیە و وڵات لەو قوربانیانە بە تەواوی چۆڵ ناکات…. باسی شەهید و چاکەکانی لە ناو خەڵک دا نابڕێتەوە ، هەموویان بۆ زیاتر باسکردنی لە یەکتر پێش ئەکەون، شاعیرەکان شیعری بۆ ئێژن، پەیکەرتاشەکان پەیکەری ئەتاشن. لە ماندوویی دەرکردنی نێوان دوو جووت بوونیش دا پەیکێک بە یادیان هەڵئەدەن و ئاخێک لە نەبوونیان، فیلسووفترین و زاناترینەکانیشیان ئەڵێن چ ناکرێ ژیان تا بووە هەر وا بووە و هەر وا دەبێ و دوای ئەوەش باسێک لە سەر دێترمینیسمی مێژوویی مرۆڤەوە پێشکەش ئەکەن ….
لە دنیایەک دا کە کۆن بوون و کەونار بوون لە سەر و چاوی هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤەکانیەوە ئەبارێ و ئاشکرایە، لە دنیایەک دا کە هیچ شتێک نوێ نیە و هیچ بیرێکی نوێ و رەسەن بوونی نیە و تەنیا رواڵەتی شتەکان نوێیە و ناوەرۆک بۆنی هەمان هەزاران ساڵ لەمەو پێشی لێ دێ، شەهید هیچ نیە مەگەر هەمان فدیە کە ئەوکات پێشکەشی خوداکان ئەکرا و ئێستا پێشکەشی دایکی نیشتمان! (ژن خودایەک کە لە پەسەندێکی نەوتراو و گشتی دا لە جێی خوداکانی کۆن دانراوە و قوربانی پێشکەش ئەکرێ!)
لە دنیایەکی وەهادا شەهید نوێنەری ئامانجێک نیە و ئامانجە نادیارەکان لە ناو هەرای ماتەمگێڕان دا هەمیشە ون ترن لەوەی هەن ، هەموو شت ئاڵۆزە، ئامانجەکان درووشمگەلێکن کە بە ئاسانی جێگۆڕکێیان پێ ئەکرێ، وەلا ئەنرێن و فەرامۆش ئەبن و زۆریش بۆ هەموو کەس ئاساییە کە فەرامۆش بکرێن چون لە سەرەتاوە لە قووڵایی ناخی ئەو خەڵکەدا ئەوەی گرنگە قوربانی کردنەکە و رێورەسمی قوربانی و پێشکەش کردنی خوێن و بۆنی گۆشتی بر‌ژاو و شین و رۆڕۆی دوای رۆژی قوربانیە…. شتەکان بە رواڵەت نوێن، شۆڕش و ئامانج و سوور بوون لە سەر بڕوا و نەسرەوتن تا سەرکەوتن بەڵام سەرکەوتن چیە؟! شتێک کە بۆ خەڵکی دەڤەری ئەم قوربانگا گەورەیە کە ناوی کوردستانە هێشتا نا روونە کەس نازانێ سەرکەوتن چیە؟ بەس دەزانن شتێکی باشە! سەرکەوتن وشەیەکە بۆ جوانکاری بە کار ئەچێت و هیچ بەرانبەرێکی روونی لە دنیای واقێع دا نیە، ئامانجیش هەروا ، ئەوەی وەکوو دوا مەنزڵی شۆڕش پێناسە ئەکرێ لە خۆیدا هەمیشە تەماوی و نادیارە…. ئێرە تەنیا شوێنی دنیایە کە شۆڕش خۆی ئامانجە نە رێگا! تەنیا شوێنی دنیایە کە رێگا و ئامراز بە ئاسانی فەرز ئەبێ بە سەر ئامانج دا ،کە ئامانج لە بنەوە هەر بوونی نیە! خیاڵێکی ناروونە کە لای هەر کەس و وێنایەکی هەیە ….
شەهید بە هەمان عادەتی هەزاران ساڵ پێش لە ناو حەماسە و هەرای خەڵک دا رەوانەی قوربانگا ئەکرێ ، چرکە ساتی مێژووی لە بەر چاوی خەڵک تۆمار ئەبێ ، رەنج و چێژی شاراوەی شین گێڕێ خەڵک تێکەڵی خوێنی فدیە ئەبێت و ئەکرێ بە قورگی دایکی نیشتمان دا کە تێر بێت و لە رۆڵە بە غیرەتەکانی رازی بێت…. شەهید دوای رێورەسمی قوربانی پارچە پارچە ئەکرێ و هەرکەس و بەشی خۆی لێ ئەبات ، حیزب و سازمان بەشی خۆی، ئیدئۆلۆژی بەشی خۆی، شاعیران و شین گێڕان بەشی خۆیان جەوانە رۆمانتیکەکان بەشی خۆیان کە گریان بۆ جوانی قوربانیە … هەر کەس و بەشی خۆی ئەبات و هەموو کەس لە قووڵایی دڵیان دا رازین بەوەی رووی داوە و سەر و بنی قسەیان ئەبێ بە نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتا ئەژین! سووکترین جۆری پاساو بۆ دووبارە و هەزار بارە کردنی ئەو رێورەسمە نەگبەتەی کە هیچکات قەرار نیە کۆتایی پێ بێت…
لە قەیرانی بیر کردنەوەدا ، لە زاڵ بوونی رۆحی حەماسە و خوێن و ژن خودایەکی گەمژە و سەرەرۆ بە ناوی نیشتمان دا نیشتمانێ کە کەس نازانێ هێشتا سنوورەکانی لەشی تا کوێیە! کەس نازانێ کە ئایا دیلە و قەرارە رزگار بێکرێ یان قەرارە رۆژێ هەزار جار بە شوو بدرێ، کەس نازانێ کە قەرارە هاوکات بە سەر چەن کەس دا دابەش بکرێ … نیشتمانێ کە هەیە بۆ قوربانی گرتن و خەڵکێک کە تامی حەماسەی قوربانی بە هیچ شتێکی دیکەی ئەم دنیا ناگۆڕێ ، لە شوێنێکی وەها دا داستانی شەهید داستانی قووڵایی رەنجێکە بە ناوی نەزانین و بێ مەیلی بۆ زانین … داستانی دووبارە بوونی بێ کۆتای هەڵبژاردنی دیارترین کوڕ ، جوانترین کچ و بردنی بۆ قوربانگا و پاشان هەمان سووڕی بێ کۆتا ی شین و خۆ بەتاڵ کردنەوە یە ….
داستانی قسە کردنی بەردەوام و بێ تامی ئێمەیە لە بارەی کەسانێک کە لە قەیرانی ئامانج دا لە قەیرانی خواستێکی حەقیقی رزگاری دا دانە دانە و هەرکام و لە کاتێک دا رەوانەی قوربانگا ئەکرێن….
بیر کردنەوەکان و بێ تاقەتیەکان ئەمشەو، بە بێ ئیدیت ….. ٤.١.٢٠١٧
ئیشی من ئەمەیە
ئیشی من ئەمەیە
هەموو رۆژێک بەیانیان گزگەکەی دایکم هەڵئەگرم و لەتە پەرش و بڵاوەکانی رۆحم کۆ ئەکەمەوە، هەر جارەو لە شوێنێک وەک سیسرکی سەم لێدراو کەوتوون، جارێ لە بن دیوارێکی رووخاوی نازانم کوێ، جارێک لە ناو حەمامێکی عمومی(یان خصوصی) سەدساڵ لەمەوبەر، جارێک لە چێشتخانەی چەور و تێری خانقایەک، لە بن فەرشێک، ناو پۆتینێکی سەربازی، تۆی خەیاڵی پتورکاوی کابرایەکی هەزار ساڵ لەوەپێش مردوو … کۆیان ئەکەمەوەو ئەیانخەمەوە ناو جەستەم و ئەچمە دەرەوە بەرەو هەمان هیچکوێ کە ئەوانی تر ئەچن. لە ئیستگای ئوتوبوس لە گەڵ هەشت کەسی تر رائەوەستم، لە گەڵ پێنجیان سوار ئەبم و لە گەڵ سێ یان دائەبەزم و دیسان لە گەڵ دووانی تر سوار ئەبم و ئەمجار بە تەنیا دائەبەزم . لە ناو رێگە بیر ئەکەمەوە کە ئەو سیانەکەی تر کە سواری ئوتوبوس نەبوون بۆ کوێ چوون؟ پیرە ژنێکی چارشێو رەشی بەردەم بازاڕی یەهوودی کرماشانم ئەکەوێتەوە بیر کە چارشێوە کۆنەکەی بە دیانی گرتبوو و تەلیسێکی زل و چێو پەردەیەکی بە دەستەوە بوو و توند ئەرۆشت… ئەوەندە توند کە وات ئەزانی مناڵێکی هەشت ساڵانە! سیسرکەکان ئەکەونەوە جووڵە تا ئێوارە هەزاران ژیانی جۆراوجۆر بۆ بنیامەکانی ناو ئوتوبوس و ناو خیابان دروست ئەکەن ، هەزار جۆر رۆشتن کە هیچیان بە هیچکوێ ناگات…. تا ئێوارە هەرکام و هەزار جار ئەزێن و ئەبنە سیسرکی بچووک بچووک ، لە جیاتی خوێن سیسرک بە دەمارەکانما ئەچێ. بۆ ئێوارە نان و سیسرک دروست ئەکەم ، تەنیا خۆم ئەیانبینم خاسە! ئەیانبینم کە لە ژێر نینۆکەکانمەوە دێنە دەروو بە قەد کەوچکە دارینەکا شۆڕ ئەبنەوە و خۆیان ئەخەنە ناو چێشتەکە، بیر لەوە ئەکەمەوە کە بەیانی رۆژی دوایی ئەمانە لە کوێ و چۆن ئەبێ کۆ بکەمەوە!
نان کە ئەخۆم لە بەر خۆمەوە ئێژم خۆزگا هەموویان لە ناو بەشە چێشتەکەی خۆما بن و بە بێ زەحمەت بگەرێنەوە ناوەوەم … لەتکەکانی رۆحی بە سیسرک بووی خۆم ئەجاوم و قووتی ئەدەم .
شەو دیسان لە گەڵ ئەوانیتر ئەکەونەوە جووڵە… تا دێ بچووک ئەبن و دیسان تەشکیان ئەگۆڕێ و ئەمجار ئەبن بە مێشوولە، مێشوولەی ورد و ورد و بێ تاقەت. لە ناو تاریکیا خۆیان لە دەر و دیوار ئەدەن. ویزە ویز مێشکی سەرم ئەبەن ، ئەزانم ئەوەندە پێمەوە ئەدەن تا بێ خیالێ زەحمەتی بەیانی بم و رێگەیان پێ بدەم خۆیان بە لامپێک ،چرایەک شتێک بگەیەنن و وازم لێ بێنن… ئەوەندە بە چاومەوە ئەدەن تا رێگای خۆیان ئەکەنەوە، بەرئەبنەوە هەریەک بە لایەک و بەرەو هەر شوێنێک وردە رۆشنایەک هەبێ یان نەبێ و خەیاڵ بکەن هەیە، ئەڕۆن و من بیر لەوە ئەکەمەوە کە بەیانی مردووی چەند دانەیان ئەدۆزمەوە و چەنێکیان ئەکەونە دەرەکاتی هەمان دۆزەخی نازانم کوێ و هیچکات گزگەکەی دایکم ناتوانێ کۆیان بکاتەوە…
(بێهودە نووسینەکانی چرکەساتە بێهودەکانی هەر ئێستا)
ژیان
ژیان
وەک هەمیشە لە بەر پەنجەرە دانیشتوە و قژە خاوە رەشە درێژەکانی شانە ئەکات
بێدەنگ و ئارام … ئەوەندە ئارام کە هەمیشە وائەزانم زۆر مێهرەبانە
تەنانەت ئەو کاتانەی خەریکە بمخنکێنێ … ئەوەندە ئارامە کە هەر پێموایە زۆر مێهرەبانە!
بە خۆم ئەڵێم ئەم خنکانەش بەشێکە لە تەبیعەتی ئەم خانمە هەمیشە لاوەی بەرپەنجەرە
ئەو قژە درێژە قەترانیەشی هەر بۆ ئەوەیە
ئەو ئەبێ وا بێ و منیش ئەبێ لای ئەو وا بم
جگە لەو خنکاندنانە نەبێ کە خوا هەڵناگرێ ئەویش زۆر مێهرەبانانە و ئارام رووئەدات! ئیتر هیچ ناکات کە گومانی نامێهرەبانی تێا بێ
کاری نیە بەوەی کە بۆ ئەوەندە قسە ئەکەم ، یان بۆ ئەوەندە جانتاو ساک و شتەکەی ئەپشکنم و بە دوای چیا ئەگەڕێم ، و چیم ئەوێ و بۆ وازی لێ ناهێنم …
بێدەنگ دائەنیشێ و هەر قژی شانە ئەکات
تا ئەو کاتەی گومانی مێهرەبانی ئەو ئەوەندە بە هێز ئەبێ کە واز لە پشکنینی جانتاکەی دێنم و دائەنیشم تماشای خۆی ئەکەم…
حەز ناکات تماشای بکەم
تووڕە ئەبێ
واز لە قژ شانەکردن دێنێ و هەر بەو ئارامی و بێدەنگیەی هەمێشەی گوێچکەم بە توندی خول ئەدات و لە بەردەم خۆی دامئەنێت و
هەموو لەتە پەرش و بڵاوەکانی بوونی پارچە پارچە کراوم ئەنێتە بەردەستم و ئەڵێ:
زۆر حەزت لە تماشایە؟!
فەرموو دانیشە تماشا بکە!
گۆرستان
لەوەتی لە بیرم بێ گۆرستانی خوداکانم
ئەو خودایانە بێزار بوونە لە جەبەرووتی خودایی
ئەو خودایانە هیلاک بوونە لە بێمەرگی
ئەو خودایانە کوژراون و هەزار جار گۆڕ بەگۆڕ کراون و گۆڕەکانیان هەمیشە ون بوە
ئەو خودایانەی وەسوەسەی فانی بوون بە گیانیان دا ئەگەڕێ
ئەوانەی بۆ جارێک بۆنیان بە بۆنی هەناسەی مرۆڤەکانەوە ناوە و بە تاوانی مەستی لە کۆشکی خوداکان دەرکراون
ئەوانەی تاقەتی گەمژەیی بەندەکانیان نەماوە
هەموو ئەو خودا تەبارەک و تەعالاگەلە
کە بەیانیەک لە هەمان عەرشی خودایی و لە داوێنی دایکم دا بوون بە خودا و چوونە ناو زکرەکانیەوە
هەموویان
یەک لە دوای یەک
دەمەو ئێواران دێن و لە لەپی دەستی من دا خۆیان ئەکوژن!
هەر وەک سامووراییەکی رەسەن
دائەنیشن و شەرمی نوقسانی خودایی بە شانازی خۆ کوشتن قەرەبوو ئەکەنەوە
ئینجا تەرمەکانیان لە ناو دەنگی دووری زکرەکانی دایکم و هەیبەتی سامناک و جوانی مەرگ دا بە حورمەتێکی خودایانە ئەنێژرێن
هەموو دەمەو ئێوارەیەک
خودایەکی هیلاک شوێنێکی هێمن و بێدەنگی بۆ مردنێکی شکۆمەند دەست ئەکەوێ و
گۆڕستانی خوداکانیش پڕ ئەبێ لە عەتری پیرۆزی تەرمی ئەو…
میوان …
دیسان لەو دیو پەنجەرەکەیە…
لە ئێوارەوە لەوێیە و لە بەینی درزی پەردەکەوە هەوڵ ئەدات بزانێ خەریکی چیم. رووبەرگی کتێبەکە جۆرێ ئەگرم کە نەیبینێ
بزەیەک ئەکات و بە ئارامی ئێژێ :»یانێ چی ؟! »
ئەو نە تەنیا رووبەرگی کتێبەکە کە دانە بە دانەی وشەکانیشی ئەبینێ، هەرچۆن من بە بێ ئەوەی تماشای ئەو بکەم بزەکەی ئەبینم و گاڵتە پێکردنە ئارامەکەی ئەبیسم…
هەر کات دێت سەرەتا بە دەور ماڵەکەدا ئەسووڕێتەوە، لەهەموو پەنجەرەکانەوە چاو ئەگێڕێ… وەک تارمایەکی کپ هەموو شوێنێک داگیر ئەکات… فیلتەرێکی تایبەت ئەخاتە سەر دەنگەکان ، وا ئەکات دەنگی لەرینەوەی گەڵاکان لە پەنا گوێما بێت ، دەنگی با کە بە ئەسپایی خۆی بە دیوارەکەدا ئەکێشێ ئەکات بە نووزەی مناڵێکی برسی کە هێزی گریانی نەماوە . هەر کاتیش باران بێت… ئاخ باران…
هەرکات باران بێت دانە دانەی دڵۆپەکان کۆ ئەکاتەوە و ئەیتکێنێتە ناو گوێم…
هەر لەو کاتانەشە کە ئیتر لە سووڕانەوە بە دەوری ماڵەکەدا واز دێنێ و دێتە ژوورەوە…
بەڵام ئەمشەو خۆ باران نیە! …
فاتمە وتی خەتای با و باران نیە تۆ هەر بۆ خۆت مەجنونی!
ئەزانێ هیچ ناخوێنم… ئەزانێ کتێبەکەم بە دەستەوەیە کە نەیبینم… کە خیاڵ بکەم نامبینێ…
دەنگی هێمن تر ئەکاتەوە، ئێستا وەکوو چرپەیەکی نزمە کە لە قووڵایی نوورێکەوە بێت. نازانم بەو هەموو تاریکیەوە بۆ پێی ئەڵێن نوور! ئەوانەی کوێستانی شاهۆ ئێژم … قووڵن و بنیام بە خۆی نازانێ و تێی ئەکەوێ…
نا… بە خۆی نازانێ، گەر بزانێ خۆ تێی ناکەوێ!
مەعقوول نیە بزانی و تێیشی بکەوی!
لە هەر شوێنێک ئەتوانن ببن تەنانەت لە بەرزایی لووتکەکاندا!
کێ باوەڕ ئەکات؟!
هێندێکیان ئەگەنە ناوەندی زەوی! هێندێکیشیان ئەگەنە دنیایەکی تر لە ژێر زەوی!
هەرکێ بۆ شاهۆ چوو بێ ئەزانێ وایە…
هێندێ کەس بۆ هەمیشە نوقم ئەبن، هێندێکیش دێنەوە و یان ئەیانهێننەوە…
هەر بەو چرپە هەرە نزمە کە ئێستا مێهەرەبانتر بووە ئێژێ:»…خۆت هەمیشە گەرەکت بوو بزانی لەو ناوەندی زەویە چ باسە!»
دیسان گوێی لێم بووە…
نازانم کەی هاتوەتە ژوورەوە ، لە هاسانەی دەرگاکە بە مشتە ئاگرەکەیەوە راوەستاوە، بە ئیشارە داوا ئەکات رێگای بدەم.
پێکەنینم دێ ، خۆیشی بزەیەک ئەکات، هەردووکمان ئەزانین ئەو ئیزن وەر گرتنە چەند فۆرمالیتەیە!
قژە درێژە سپیەکانی بە لایەکدا شۆڕ ئەکاتەوە و ئارام بەرانبەرم دائەنیشێ. هەناسەیەک هەڵئەکێشێ و بە خەمێکی قووڵی هێمنەوە ئێژێ:» ئەزانی… هەر هیچ نەبێ فێر ئەبی … خەڵک هەروا لە کوت و پڕ ئەمرن بە بێ ئەوەی پێشتر بزانن چیەو چۆنە!… مردنیش فێر بوونی گەرەک.»
چاو لە دەستی ئەکەم… ناسک و سپی ، بە پێچەوانەی پرچ و چاوی هیچ پیر نەبوە… دەستی کچێکی تەمەن چواردە ساڵە، بە ئەو قامکە باریکگەلە کە هیچیان نەکردوە، جگە لە هەڵگرتنی ئەو ئاگرە نەبێ!
دەنگی هێمن هێمن بەرەو قووڵایی تاریکی نوورەکە ئەمبات
خەریکە شتێک ئەخوێنێ لە جۆری دۆعا یان شێعر …
فاتمە راست ئەکات خەتای با و باران نیە….
چاوم بەدوای ئەو دیوی تاریکی نوورەکەدا ئەگەڕێ
……
بۆنی سووتانی پارچە گۆشتێک ماڵەکە پڕ ئەکات…