Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

فیلمێک دەربارەی درۆ

 

 A_SEPARATION_1390_11_061

لە دنیای هونەردا هێندێ بەرهەم هەن کە لە هونەری وڵاتێکدا دەوران خولقێنن «دابڕانی نادرو سیمین» دواهەمین بەرهەمی هونەری ئەسغەری فەرهادی، یەکێک لەوانەیە. ئەم فیلمە لە سینمای ئێراندا بە هۆی ستایلی جیاوازەوە فیلمێکی تایبەتە کە دەتوانێت وەکوو تێپەڕینێک لە سینمای خۆماڵی بۆ سینمای نێودەوڵەتی بێتە ئەژمار. ئەم فیلمە کە ساڵی رابردوو خەڵاتی ورچی زێڕینی فیلمی بێرلینی بردەوە، لەم دواییانە خەڵاتی گۆڵدن گلۆبیشی وەکوو شانازییەک بۆ خۆی و سینمای ئێران تۆمار کرد و دوابەدوای ئەوەش بوو بە کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار لە دوو بەشى گشتى(بۆ فیلمنانە) و فیلمە بیانییەکاندا و دواجار ئەو خەڵاتەى لە بەشى فیلمە بیانییەکاندا بۆخۆى مسۆگەر کرد. شایانی ئاماژەیە کە کاندید بوونی فیلمێکی بیانی بۆ خەڵاتی ئوسکار لە بەشی گشتی‏دا تەنیا بۆ دەرهێنەری بەناوبانگی ئیتالی واتە فدریکۆ فلینی (بۆ دەرهێنای فیلمی جادە)مسۆگەر بووە، ئەگەرچى لە بەشى فیلمنامەدا ئەو خەڵاتەى نەبردەوە بەڵام هەر ئەمەش . بۆ فەرهادی و سینمای ئێران سەرکەوتنێکی گەورەو بەرچاو دێتە ئەژمار.

پێش لەوەی بپەرژێمە سەر باسی فیلمەکە، کورتەیەک سەبارەت بە ئەسغەری فەرهادی و کارەکانی دەخەمە بەر دەستی خوێنەر.

کورتەیەک لە کارنامەی ئەسغەری فەرهادی:

یەکەم کارەکانی ئەسغەری فەرهادی دوو زنجیرە دراما بۆ تەلەفزیونی ئێران بوو، پاشان رووی کردە سینما و دوای بەشداری لە نووسینی سێناریوی فیلمی سەرکەوتووی «بەرزایی نزم» دەرهێنانی ئیبراهیم حاتەمی کیا دوو فیلمی سینمایی بە ناوی «سەما لە ئاخباراندا» و هەروەها «شاری جوان»ی بەرهەم هێنا، بەڵام لەگەڵ دەرهێنانی سێهەمین فیلمى واتە «چوارشەمە سووری» بوو کە خۆی وەکوو دەرهێنەرێکی خاوەن ستایل بە بینەرانی سینما ناساند. ئەو کارە بە هۆی پێکهاتەی «هیچکاکی» و ئاڵۆزانەی خۆی و لە ناکاوگیری بینەر، لە کاتی خۆیدا فیلمێکی بەرچاو بوو. فەرهادی لە دواهەمین کاری خۆیدا بە شێوەیەک هەمان کەشوهەوای «چوارشەمە سووری» واتە رووبەڕوو بوونی دوو توێژی کۆمەڵگای وێنا کردووە، توێژی نێوەنجی و ژیانی مۆدێڕنی ئەو توێژەو چۆنیەتی بەرەورووبونی لەگەڵ توێژی کەم داهات کە فەرهەنگێکی نەریتی و ئایینی هەیە. لە هەردووی ئەم فیلمانەدا ژنێکی کارەکەر لە ماڵێکی توێژی نێوەنجیدا ئیش دەکات. فەرهادی لەم بەرەوڕووبوونەوەدا بۆچوونێکی بەهامەندانە و مۆرالیی بە واتای زەق کردنەوەی هیچ لایەنێکی نییە و هەردوو لایەن بە کێشەکان و راستییە فەرهەنگیەکانی خۆیانەوە پێناسە دەکات.

لە فیلمێکی سەرکەوتووی دیکەی ئەم دەرهێنەرەدا، واتە «دەربارەی ئێلی» کە خەڵاتی ورچی زێرینی بێرلینی بۆ باشترین دەرهێنان وەرگرت، دیسان هەمان پێکهاتەی «هیچکاکی» دەبیندرێ. «دەربارەی ئێلی» فیلمێک سەبارەت بە راستی و داوەرییەکانی ئینسانە. راستی کامەیە؟ چ کات ئینسان تووشی پێشداوەری دەبێت و بایەخە مرۆییەکانی بە تۆمەتبار کردنی کەسانی دیکە دەباتە ژێر پرسیار؟ مۆدێرن بوون لە کۆمەڵگای ئێراندا لە چ ئاستێکدایە و ئەخلاقی مۆدێڕن کە زۆر جار خۆی لە بەرانبەر نەریت دا بەرزتر دەبینێ لە کاتی ئەزموون و کردەوەدا چەندە سەرکەوتووە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەیە کە پاش بینینی «دەربارەی ئێلی» مێشکی بینەری وردبین سەرقاڵ دەکات.

لە «دابڕان»یش دا هەمان تێم دەبینینەوە. ئەمجارەیان لە سەر مانایەکی ئەخلاقی دیکە، واتە درۆ. ئینسانەکان بۆچی درۆدەکەن؟ چی بەرەو درۆ هانیان دەداو چی مەجبووریان دەکات کە درۆ بکەن. ئایا درۆ دەتوانێ رەوایی هەبێ؟ هەرەس هێنانى ئەخلاقی لە کوێوە دەست پێدەکات و ئایا مرۆڤ دەتوانێ بە تەواوی پاک و دوور لە دژەبایەخە مۆرالییەکان بژی؟ ئەوانە و کۆمەڵێ پرسیاری دیکە بینەری ئەم فیلمە تووشی گێژبوونێکى تایبەت دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی کە کاتی بڵاو بوونەوەی لە ساڵۆنی سینمادا تا ماوەیەک دوای تەواو بوونی فیلمەکە زۆر کەس نەتوانن لە سەر کورسییەکانیان هەستن و بە بێ ئەوەی بزانن چاویان بڕیبێتە پەردەی ڕەشی سینماو نوقم بن لە نێو ئەو شتانەدا کە زۆر سادە دەنوێنن بەڵام قووڵاییەک بە قەدەر تەمەنی ئینسانیان هەیە.

فیلمەکانی فەرهادی فیلمگەلێک دەربارەی ئەخلاقن. ئەوە بە واتەی ئەخلاقی بوونیان نییە بەڵکوو بە پێچەوانە نیشانەی هاتنەدەرەوەی دەرهێنەر لە چوارچێوەی داوەریی نێوان مۆرال و دژەمۆرل و بینینی چەمکە ئەخلاقییەکانە لە دەرەوەى خۆیانەوە. ئەویش لە کۆمەڵگایەک دا کە ماوەیەکە بە دوای پێناسەیەکی روون بۆ ئەخلاقدا سەرگەردانەو لە رەوتی تێپەڕاندنی نەریت و گەییشتن بە مۆدێرنیتەدا توشی ناسەقامگیری ئەخلاقی و ئەرزشی بووە. لە فیلمەکانی فەرهادی‏(بە تایبە لەم دوو فیلمە دواهەمینانە)دا دەرهێنەر بینەرەکەی لە گەڵ چەمکە فەلسەفییەکاندا بەرەوروودەکات. شێوەی کاری فەرهادی لە سینمادا تا رادەیەک هاوشێوەی نووسینی میلان کۆندرا نووسەری  چێکییە. نوسینێک و روانینێک کە دەیهەوێ پێش بە خێرایی رووداوەکانی دنیای ئەمڕۆ بگرێت و کامێرای بە پەلەی ژیانی مۆدێڕن بۆ چەند چرکەیەک هێمن بکاتەوە بۆ دیتنی وردەکاریەکانی پێوەندی‏دار بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤایەتیەوە. ئەو مرۆڤەی کە دەرفەتی بیرکردنەوەی بۆ نەماوەو بەردەوام لە ژێر بوردوومانی زانیاری و پرۆپاگاندای جۆراوجۆر دایە. دەتوانین بڵێین فیلمەکانی فەرهادی زیاتر لەوەی کە پشتبەستوو بە نەریتی چیرۆکیی و گێڕانەوەیی سینما بن پاڵیان بە رەخنەوە داوە، ئەو بە روونی لە کارەکانی‏دا پێش لەوەی کە دڵەراوکەێی گێڕانەوەی چیرۆکێکی هەبێت گرینگی بە مانا جۆراوجۆرەکانی رووداوەکان دەدات. لە سەر شتێک رادەوەستێ کە بینەری ئەمڕۆ بە پێی فەرهەنگی زاڵ کە فەرهەنگی پەلە کردنە نایبینێت و گرنگی پێ نادات. ئەوە لە چیرۆکەکانی کۆندرایش‏دا خاڵێکی بەرچاوەو بریتییە لە تێڕامان لە سەر چەمکەکان و بایەخەکان و بابەتە فەلسەفییەکان. رووداوەکان هەم لە نووسینی کۆندراو هەم لە کارەکانی فەرهادی‏دا هەمیشە دەکەونە پەراوێزی خوێندنەوەو راڤەکانیان. مانای رووداو لەو شێوە کارەدا زۆر جیاوازە لە وەی مرۆڤ لە ژیانی ئاسایی و رۆژانەدا پێناسەی دەکات بۆ نموونە بابەتی مەرگ (لە دەربارەی ئێلی) و دابڕان (لە دابڕانی نادر و سیمین) ئەگەرچی بابەتگەلێکی زەق و لە ژیانی مرۆڤ‏دا رووداوگەلێکی تایبەتن، بەڵام لە هونەری فەرهادی‏دا ئەمانە دەبن بە بیانوو و دەرفەت بۆ کۆڵینی نێوئاخنی مرۆڤ. واتە ئەو ماناگەلەو ئەو باسگەلە و ئەو پرسیارگەلەی کە مەرگی ئێلی دەیانخولقێنن ئەوەندە مەزن و قووڵن کە هەیمەنەی مەرگ دەشکێنن و دەیخەنە پەراوێزەوە، هەروەها لە دابڕان‏دا ئەو شتەی لە ئاکامدا بۆ بینەر دەمێنێتەوە خەم خواردن بۆ دابڕانەکە نییە بەڵکوو تێڕامانە لە سەر هەمووی ئەو شتانەی لە فیلمەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

دوای ئەم پێشەکییە کە باس کردنی پێویست بوو، دەپەرژێمە سەر شیکاری فیلمی دابڕانی نادر و سیمین:

لوکەیشن(فەزا):

 ئەوەی سەبارەت بە شوینەکان (لوکەیشنەکان) سەرنج راکێشە فەزای ناوەوەی ماڵی نادرو سیمینە، ماڵەکە فۆرمێکی پێچاوپێچی هەیە، بینەر بە ئاسانی ناتوانێ نەخشەی ماڵەکە بێنێتە بەرچاوی خۆی. دەرهێنەر گشتیەتی فەزاکە لە چاو بینەر دەشارێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەی فیلم گرتنەکە (کە فیلم گرتنی لە سەر دەستە) بە بینەر ئیزنی ئەوە دەدات کە تا رادەیەک ناو ماڵەکە ببینێت بەڵام هەمووشوێنێکی پیشان نادات و فۆرمی ماڵەکەی بۆ دەرناخات، ئەوە لە گەڵ ناوەرۆکی رەمزاویى و هیچکاکیی فیلمەکەدا بە باشی دێتەوە، واتە فۆرمی ماڵەکە رێفرنس دەدات بە فۆرمی فیلمەکەوە. شتێکی دیکە لە بارەی فەزاکانەوە چۆنیەتی‏و رۆڵی لێنانگە(مەتبەخ)یە، بەشێکی هەرە زۆری باس و قسەکانی ناوەوەی ماڵ لە لێنانگەکەدایە. زۆر جار نادرو سیمین بۆ پاراستنی «تێرمە» (کچەکەیان) لە دەمەقاڵەکانى خۆیان دەینێرنە لێنانگەکە وەک ئەوەى شوێنێکی ئەمن بێت. لێنانگە لەم فیلمەدا نموونەیەکە بۆ فەزای مۆدێرن و دەڵێی مینیاتوورێکە لە مێشکی مرۆڤە مۆدێرنەکان (واتە نادرو سیمین)، بوونی وێنەی جۆراوجۆر بە دیوارەکان و بە سەلاجەکەوە دیمەنێکى قەرەباڵغ و سەرنجڕاکێش لە وێنە بۆ بینەر وێنا دەکات کە لە گەڵ ئەو شپرزەییە هەمیشەییەی سەر مێزەکە دەتوانێ وەکوو تایبەتمەندی ژیانی مۆدێرن کە سەرچاوەکەی هەمان بیرکردنەوەی مۆدێرنە خۆی پێناسە بکات.

رووناکیى کەم، بە کار هێنانی رەنگی مات و مردوو و شپرزەیی‏و داپڕژاویى‏و هەستی نائەمنی کە لە ماڵی نادر و سیمین‏دا هەیە هێمایەکە لە ژیان و عەقڵییەتی ئەوان. بە پێچەوانە ماڵی دایکی سیمین رووناک و خاوێن‏و تەژى لە تەناهییە.

تیتراژ:

تیتراژی دەسپێکی فیلمەکە لە گەڵ کەشووهەوای گشتیی فیلمەکەدا کە زیاتر لە مەحکەمەدایە گونجاوە. ئیستنساخی هەویەی کەسانێک کە روو لە مەحکەمە دەکەن‏و پێناسەی سارد و بێ‏هەستی یاسا و مەحکەمە بۆ ئینسان ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی هەیە بۆ نێوەرۆکی فیلمەکە کە بینەر لە کورسی حاکم‏‏دا دادەنێت و هەست و هاوسۆزی لێ دەستێنێت و ناچاری دەکات لە جیاتی دڵى روو لە هزری بکات. سێکانسی یەکەمی فیلمەکەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، نادر و سیمین لە سەر دوو کورسی بەرانبەر بە کامێرا دانیشتوون و بینەر لێرەدا رۆڵی حاکم دەگێڕێ.

نێوەرۆک:

بابەتی فیلمەکە لە سێکانسی یەکەمەوە بۆ بینەر روون دەبێتەوە: سیمین دەیهەوێ بۆ دەرەوە بڕوات و نادر ئامادە نییە لە گەڵی بڕوات و هۆکاریشی بوونی باوکێکی پیرە کە ئاڵزایمەری هەیەو نادر وەکوو منداڵی ئەو پیاوە ناتوانێ بە جێی بهێڵێت. پاڵنەرى سەرەکی سیمین بۆ رۆیشتن کچەکەیەتىو هۆکارى مانەوەى نادر باوکییەتی. هەر لە گفتوگۆی سەرەتاوە بۆمان دەردەکەوێ کە بەشێک لە فیلمەکە باسی رووبەڕووبوونى رابردوو و داهاتوو دەکات. رابردوویەک کە بایەخەکانی لە نەریت سەرچاوەیان گرتوەو داهاتوویەک کە پێناسەی ئەمڕۆیی و مۆدێڕنی خۆی بۆ هەموو شتێک هەیە. لە کۆتایی ئەم گفتۆگویەدا سیمین کە پێداگری لە سەر گرینگی رۆشتنی دەکات دەڵێ «نامهەوێ کچەکەم لەم باروودۆخەدا پەروەردە بێت.» حاکم دەڵێ «کام بارودۆخ؟» سیمین وەڵامێکی روونی نییە.

هەمووی ئەو شتانەی روودەدەن لە واقێع‏دا وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەتاییەن. واتە روونکردنەوەی ئەو باروودۆخە کە سیمین نەیدەتوانی لە رستەیەکدا باسی بکات. باروودۆخێک کە سیمین و سیمینەکان بەو ئاکامە دەگەیەنێت کە چی‏تر ناتوانن لە ئێراندا بمێننەوە دەبێ بڕۆن و خۆیان و خۆشەویستەکانیان دەرباز بکەن.

سیمین ماڵ بە جێ دەهێڵێت و نادر ناچار دەبێت بۆ پەرستاری لە باوکە پیرەکەی کارەکەرێک بگرێت و ئەوە دەبێتە دەسپێکی کێشەکانی دیکە کە دوابەدوای یەک وەکوو زنجیرەیەکی هۆیی‏و بەرهۆیی رووداوەکانی فیلمەکە دەخولقێنن. «رازیە» ئەو ژنە کارەکەرەیە کە سەرەڕای دووگیان بوونی بە هۆی بێکاری و نەداری مێردەکەی ئەرکی پەرستاری لە باوکی نادر دەگرێتە ئەستۆ. رازیە ژنێکی موسڵمان و پێداگر لە سەر بڕیارەکانی ئیسلامەو ئەو مەسەلەیە کاتێ بە روونی بۆ بینەر دەردەکەوێ کە باوکی نادر خۆی پیس دەکات و رازیە بۆ خاوێن کردنەوەی لە مەلایەک پرسیار دەکات کە ئایا بۆی هەیە خاوێنی کاتەوە یان نا. سەرکەوتوویی فەرهادی لە خولقاندنی کەسایەتی رازیە لەوەدایە کە تا دواهەمین بەشەکانی فیلمەکە بینەر لە سەر دروستی و راستی رازیە بە گومانە. ئەوە لە بارەی هەموو پاڵەوانەکانەوە وایە، واتە پاڵەوانی باش و خراپ لەم فیلمەدا نابینین هەر کەسێک و بەش بە حاڵی خۆی هەم راست دەکات و هەم درۆ. سنووری نێوان راست و درۆ، چاکەو خراپە، دڵسۆزی و ستەمکاری و… هتد، زۆر ئاڵۆزەو کارەکتەرەکان بە هۆی رێژەیی بوونیان زۆر لە مرۆڤی راستەقینە نزیکن. هیچ کەس بە تەواوی باش یان بە تەواوی خراپ نییەو بینەر دەتوانێ تەنانەت لە گەڵ مێردی رازیەدا کە رۆڵێکی نێگەتیڤی هەیە هەست بە هاوسۆزی بکات. لە رەوتی فیلمەکەدا کێشەیەک روودەدات کە دەبێتە هۆی تێکهەڵچوونی نێوان بنەماڵەی رازیە و بنەماڵەی سیمین و رادەست بوونی کێشەکە بۆ مەحکەمە. دەرهێنەر بە باشی توانیویە رووداوەکان بە شێوەیەکی هیچکاکی پێکەوە گرێ بدات و بینەر لە سەرگەردانی‏دا بهێڵێتەوەو ناچاری بکات وەک ئەفسەرێکی بەدواداچوون هەوڵ بۆ دۆزینەوەی راستیی رووداوەکە بدات، هەوڵدانێک کە تا ئەو کاتەی «رازیە» راستیی رووداوەکە دەگێڕێتەوە بە ئاکام ناگات، واتە بینەر ناتوانێت دەستی دەرهێنەر بخوێنێتەوە. ئەوە خاڵێکی گرینگە بۆ سەرکەوتنی فیلمێکی هیچکاکی. ئەگرچی ئەو راستییە کە دەر دەکەوێ زۆر سادەترە لەوەی کە بینەر تووشی ورووژان  بکات و تەنانەت رەنگە لەو هەموو هەوڵە کە داویەتی نائۆمێدی بکات، بەڵام هەر ئەو سادە بوونەیە کە فیلمەکە لە چوارچێوەی فیلمێکی پۆلیسی ـ رازاویی دەردێنێت و دەیکات بە فیلمێکی فەلسەفی ـ مۆرالی. مەسەلەو مەبەستی دەرهێنەر چییەتی رووداوەکە نییە بەڵکوو چۆنیەتی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان بەرانبەر بە رووداوەکەیە.

نادر وەکوو تاوانبار مل بەو تاوانە(واتە لەبار بردنی منداڵی رازیە) نادات و رای بینەریش بەرەو لای خۆی رادەکێشێ و دڵنیای دەکاتەوە کە راست دەکات. بەڵام لە بەشێک‏دا درۆیەکی لێ دەردەکەوێت کە کچەکەی تووشی گومان دەکات. لێرەدایە کە بینەر و کچەکەی نادر لە گەڵ پرسیارێکی بنەڕەتی دا بەرەوڕوو دەبن. بۆچی درۆ؟ یاری ئەکتەری یەکەم واتە پەیمانی مەعادی لە رۆڵی نادر لەم بەشەدا درەوشانەوەی زۆری هەیەو بە جوانی شەرمەزار بوون‏و ناتەوان بوونی مرۆڤ لە پاساودانەوەی درۆداو لە هەمان کات‏دا ناچاری و مەجبوور بوونی بۆ ئەو کردەوە دەنەخشێنێ.

ئەو پاساوە کە نادر دەیهێنێتەوە، کچەکەیشی ناچار دەکات کە لە بەشێکی هەستیاری فیلمەکەدا درۆ بکات. درۆ کردنی «تێرمە» (کچی نادر) لە باری ماناییەوە لووتکەی چیرۆکەکەیە. تێرمە کچێکە کە لە بنەماڵەیەکی مۆدێڕن‏دا پەروەردە بووە. بنەماڵەیەک کە پشتی لە ئەخلاقی بێ ناوەرۆک و پشتبەستوو بە دینی کۆمەڵگای نەریتی کردوەو بۆ خۆی پێناسەی تایبەتی لە ئەخلاق هەیە. لە پێناسەی ئەودا بە پێچەوانەی ئەخلاقی نەریتی کە شتێکی بەناو درۆی مەسڵەحەتی هەیە، هیچ رێگایەک بۆ درۆ کردن نییە. تێرمە فێر بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ درۆ بکات. دایک و بابی ئەو سوورن لە سەر ئەوەی کە کچەکەیان بە پێی نۆرمى کۆمەڵگا (ئەو ئەخلاقە کە رازیە نوێنەریەتی) پەروەردە نەکەن و لەو خەسارانەی بوونیان هەیە بیپارێزن بەڵام لە شوێنێک دا ئەو بینا جوانە کە ناوی ئەخلاقی مۆدێڕنە هەرەس دەهێنێت و تێرمەی پاک و بێگەرد بە بۆنەی باوکیەوە درۆ دەکات و یەکەم هەنگاو بەرەو دنیای ناڕوون و ئاڵۆز و پڕ لە درۆی دەوروبەری خۆی هەڵدەگرێت.

لە بەرانبەر تێرمەدا، رازیە هەیە کە ئەگەرچی کێشەکان بە هۆی درۆ چووکەکانی ئەوەوە دەستی پێکردوەو قووڵ بووەتەوە، بەڵام لە ئەو کاتەدا کە کاتێکی هەستیار بۆ مێردەکەیەتى ناتوانێ درۆ بکات. دەتوانین بڵێین فیلمی دابڕان ئەگەرچی بەڕواڵەت باسی بێ بنەما بوونی ئەخلاقی دینی و نەریتی (کە رازیە نوێنەریەتی) دەکات و بینەر بەو ئاکامە رێنوێنی دەکات کە تاکی دیندار سەرەڕای هەموو پێداگرییەکانی لە سەر دین لە دەروونەوە ئینسانێکی ئەخلاقی نییەو درۆ بە تاوان نازانێت، بەڵام لە راستیدا ئەم فیلمە جۆرێک لە خەسارناسی ئەخلاقی مۆدێرنەو نامۆ بوون یان نەگونجاو بوونی لە کۆمەڵگای نەریتی دا.

رازیەو تێرمە دوو سیمای پاکی ئەم چیرۆکەن، بە شایەت گرتنی ئەوان لە لایەن نادرەوە لە دواهەمین بەشەکانی فیلمەکەدا ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەو دوو کەسە تەنیا کەسانێکن کە دڵەڕاوکەی ئەخلاقیان هەیە. تێرمە دوای درۆکەی لە مەحکەمەدا، وەکوو مرۆڤێکی دۆڕاو دەگری و رازیە دوای وەدەست هێنانی پارەیەک کە مێردەکەی و بنەماڵەکەی دەرباز دەکات دان بە راستییەک دا دەنێ کە دەتوانێ هەموو شتێک تێک بدات.

رازیە نوێنەری نەریت و تێرمە نوێنەری مۆدێڕنیتەیە. جیاوازی نێوان ئەخلاقی نەریتی و ئەخلاقی مۆدێرن لە کۆمەڵگای نەریتی دا، لە جێگیر بوونی نەریت و نامۆبوونی ئەخلاقی مۆدێرن لە گەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگاکەدا سەرچاوە دەگرێت. بۆیە لە کردەوەدا ئەخلاقی مۆدێڕن سەرەڕای هەموو بانگەشە جوانەکەنی شکست دێنێت. کاتێ باسی بەرژەوەندی دێتە پێشەوە ئەخلاقی مۆدێرن دەتوانێ زۆر لاوازو سست‏ بێت.

ئەوە لە کرداری تێرمەو رازیەدا دەبینین. تێرمە بۆ دەرباز کردنی باوکی درۆ دەکات بەڵام رازیە ناتوانێ بۆ دەربازکردنی مێردەکەی سوێندی درۆ بخوات. لە بەربەرەکانی لە نێوان رازیەو تێرمەدا کە بەربەرەکانێی نێوان نەریت و مۆدێرنیتە لە کۆمەڵگای نەریتی‏دایە، نەریت سەردەکەوێت و ئەخلاقی مۆدێرن شکست دێنێ. ئەوە ئاکامی تاڵی چیرۆکی مۆدێرن بوونی تاک لە کۆمەڵگای پێکهاتوو لە سەر بنەمای نەریتە. ئەو ئاکامە تاڵەی کە تاکی مۆدێرن ناچار دەکات بۆ دەرباز کردنی مرۆڤایەتی خۆی کۆمەڵگاکە بە جێ بهێڵێت و روو لە شوێنێک بکات کە بایەخەکانی لە گەڵ بایەخەکانی ئەودا تەبا بێت و بتوانێ ژیانێکی ئینسانی‏تری هەبێت.

 لێرەدایە کە لە سوور بوونی سیمین بۆ بە جێهێشتنی وڵاتەکەی تێدەگەین. سیمین و مێردەکەی هەردووک بڕوایان بە بایەخە مرۆییەکانی دنیای مۆدێرن هەیە، جیاوازی ئەوان لەوەدایە کە سیمین لە نامۆ بوونی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگاکەی‏ تێگەییشتووە بەڵام نادر سوورە لە سەر ئەو بەربەرەکانییە کە ئاکامی هەمیشە شکست و رووخانی بنەما ئەخلاقییەکانە. سیمین دەیهەوێ کچەکەی دوور بخاتەوە لە باروودۆخێک کە لەودا ناچار دەبێ درۆ بکات، بەڵام نادر دەیهەوێ فێری بکات چۆن لەگەڵ کێشەکانی ژیان دا بەرەورووبێت.

لە کۆتاییشدا دەرهێنەر سێکانسی کۆتایی بە کراوەیى دەهێڵێتەوە، داوەری بە بینەر دەسپێرێ. بینەر کە لە سەرەتاوە ئەرکی حاکمی پێ‏سپێردرا بوو دەبێ داوەری لە سەر ئەو هەڵبژاردنە ئەستەمە بکات کە لە بەرانبەر تێرمەدایە. تێرمە دوای لێکدانەوەی رووداوەکان پێداگریى لە سەر دڵنیا بوونی خۆی لە هەڵبژاردنەکەی دەکات، بەڵام ئایا بینەریش ئەو دڵنیاییەی تێرمەی هەیە؟ لێرەدایە کە سەرکەوتوویی کۆتایی فیلمەکەیش دەردەکەوێ و دەیکات بە فیلمێک کە بە کۆتایی هاتنی لە سەر پەردەی سینما لە مێشکی بینەردا هەر درێژەی هەیەو ناچاری دەکات لە ئاکام‏دا بە دڵنیاییەک وەکوو دڵنیاییکەی تێرمە بگات، ئەگەرچی ئەو دڵنیاییە تاڵ و فرمێسکاویش بێ

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.