Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

تراژێدیای ئازادیخوازی کورد

تراژێدیای ئازادیخوازی کورد

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی نیوە مانگ)[1])

296763_383434968393808_1103033457_n

 

تراژێدی لە گشتگیرترین پێناسەدا دەکرێ لە هەمان پێناسەی شۆپنهاوردا کورت بکرێتەوە کە دەڵێ: تراژێدی نمایشی چارەڕەشیەکی گەورەیە[2]. تێمی زاڵ بە سەر  تراژدی دا بریتیە لە ململانێی خوداکان لە گەڵ مرۆڤە خودائاساکان، ئەو مرۆڤانەی کە لە بەرانبەر ئیرادەی خوداکان دا رادەوەستن و کۆتایی دڵتەزێنی تراژدیاش بەرهەمی هەمان سەرکێشی و لە فەرمان دەرچوونەیە.

کەش و هەوای تراژێدی بە پێی حزووری تۆخی بابەتی متافیزیکی (خوداکان یان هێزە خودایەکان) هەمیشە فەزایەکی میتۆسی و بە دەر لە فەزای ئاسایی ژیانە، بۆیە لە تراژدی دا ، بینەر ئەگەرچی لە گەڵ مرۆڤ و شوێن و رووداوی بە رواڵەت مادی دا بەرەوڕووە بەڵام لە واقێع دا نە ئەو مرۆڤانە مرۆڤی ئاسایین و نە شوێن شوێنێکی مادیە و نەک رووداوەکانێش بە پێوەری عەقڵی پاساو هەڵدەگرن.

تراژێدی کە دەتوانین بە گێڕانەوەیەکی میتۆسی ناوی ببەین لە شوێنێکی نێوەنجی دا روودەدات، «شوێنێک لە نێوان رۆح و جەستەدا، شوێنێک کە لەودا رۆح جەستەیی دەبێت و جەستەش رۆحانی. شوێنێک کە لەودا خەیاڵی چالاک و رەها خۆی دەدەخات و درەوشانەوەی غەیبی روودەدات»[3]

بە گشتی دەتوانین بڵێین مرۆڤ لە تراژدی دا دەکەوێتە ناو پێوەندیەکی حزوری لە گەڵ دنیا و سەرووی دنیا (مێتافیزیک) هەر بۆیەش تراژێدی بە عەقڵ و ئامرازە عەقڵیەکان شرۆڤە ناکرێت. هەر لەم سۆنگەوەیە کە نیتچە بەو ئاکامە دەگات کە تراژێدی پاش ئەرەستوو و عەقڵی ئەرەستوویی بەرەو مردن رۆشتوە.[4]

ئەم پێشەکیە کورتەم بە پێویست زانی بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێ ئەم شرۆڤەیە کە بۆ فیلمی نیوە مانگ لە بەردەستی دایە بابەتێک بۆ سەلماندن و رەت کردنەوە نییە و لە واقێع دا تێگەییشتن لە تراژێدی و ئەو دنیا میتۆسیە کە زاڵە بە سەریدا پێویستی بە دەرچوون لە پێناسە مادی و عەقڵیەکانە.  پێوەندیەکان و رووداوەکانی ناو تراژێدی هەموویان پێوەندی و رووداوی رەمزین و گەر بە چاوی عەقڵی ئەرەستوویی سەیر بکرێن لەوانەیە تەواو پێچەوانە درکەون (هەر وەک لە زۆربەی بەرهەمە هونەریەکان دا وایە و هێندێ خوێنەر یان رەخنەگر بە پێوەری ئامرازە عەقڵیەکان مانای دژە مرۆیی لە رووداوە رەمزیەکان وەردەگرن)

بەڵام چی وادەکات کە فیلمی نیوەمانگ (کە زۆربەی رەخنەگرە بیانیەکان بە فیلمێکی تارادەیەک کۆمیک پێناسەی دەکەن) بتوانێ بکەوێتە ناو پۆلێنبەندی تراژێدیەوە؟

قوبادی لە نیوەمانگ دا هەوڵی داوە لە رێگای بە کار هێنانی هێندێ سێکانس و دیالۆگی کۆمیکەوە باری تراژیکی فیلمەکە داپۆشێ و لە پێناسە کۆنەکەی دووری بکاتەوە، ئەو گرتە کۆمیک گەلە وا دەکات ناوەرۆکی تراژیکی فیلمەکە بۆ بینەری ئاسایی زۆر زەق نەبێت، لە گەڵ ئەوەش دەرهێنەر ئەو ماتریاڵە پێویستەی خستوتە بەردەست کە بینەرێکی وردبین بتوانێ بە سەر گرتە کۆمیکەکاندا و هەروەها بە سەر رواڵەتی چیرۆکەکەدا باز بدات و لە گەڵ ناخی تراژدیەکەدا پێوەندی بگرێ.

لێرەدا بۆ روون کردنەوەی ئەو ناوەرۆکە تراژیکە و چۆنیەتی بیچم گرتنی چەند خاڵی گرینگ دەخەمە بەرباس بەڵام پێش لەوە نمایەک لە ناوەرۆکی فیلمەکە:

مامۆ (کارەکتەری یەکەم) کە موزیک دانەرێکی گەورە و بەناوبانگی کوردستانە، پاش رووخانی سەدام هەوڵ دەدات لە گەڵ گرووپەکەی (کە بە کوڕەکانی ناویان دەبا) بچێت بۆ کوردستانی ئازاد کراو و لە هەولێر دا دەنگی ئازادی هەڵبڕێ.لەم سەفەرەدا ماۆ سوورە لە سەر ئەوەی کە ژنێکی دەنگ خۆشی زیندانی کراو لە گەڵ خۆی ببات و هەر ئەو بڕیارە دەبێت بە کێشەیەکی جیدی و هاوسەنگی هەنووکەیی تێک دەدات و چارەنووسی رێبوارەکانی ئەم سەفەرە بەرەو ئاقارێکی دیکە دەبات. هەموو رووداوەکانی فیلمەکە باسی ئەو رێگایە دەکەن کە مامۆ و کوڕەکانی گرتوویانەتە بەر، کێشەکان و لەمپەرەکان و چۆنیەتی رێگاکە. لە کۆتایی دا مامۆ لە ناو ئەم رێگایەدا دەمرێ و بەشێک لە کوڕەکانێش کە ماون و درێژەیان بە رێگاکە داوە، چارەنووسیان بە نادیاری دەمێنێتەوە.

توخمە سەرەکیەکانی پێکهێنەری تراژدی و ئەو هێما و رەمزگەلە کە لە فیلمی نیوە مانگ دا خولقێنەری مانایەکی رەمزین بریتین لە:

١- شوێنی رووداوەکان

یەکێک لە گرنگترین دیمەنە دیداریەکان کە بینەر بەرەو ناوەرۆکی نائاسایی و میتۆسی فیلمەکە رێنوێنی دەکەن، شوێنی رووداوەکانە. هیچ شوێنێک لەم فیلمەدا نیە کە بە چاوی بینەر ئاشنا بێت و ئاسایی بنوێنێ، هەر لە یەکەم سێکانسەوە کە بە کەڵەشێر شەڕ دەست پێدەکات، شوێن دەرکەوتنێکی نائاسایی هەیە، کەڵەشێر شەڕ لە ژوورێکی گەورە و قەرەباڵغ دایە و قەفەزی کەڵەشێرەکان رازاوەتەوە و هەڵدەکێشرێ و هەمووی رووداوەکە وەکوو رێورەسمێک دێتە بەرچاو بە تایبەت کە کاکۆ یەکێک لە کارەکتەرە بەرچاوەکانی فیلمەکە بە رستەیەک دەستپێکی رێورەسمەکە رادەگەیەنێ کە رستەیەکی تەواو مانادار و دەرخەری ناوەرۆکی فیلمەکەیە، کاکۆ کە کارەکتەرێکی زۆر سادەیە لە زمانی فیلسۆفێکەوە دەلێ:» لە مەرگ ناترسم، چون تا من هەم ئەو نیە، وەختێ ئەویش هەیە من نیم… هیچ برد و باختێک لە مەرگ موهیم تر نیە.»  لێرەدا ژووری کەڵەشێر شەڕ پەرەی پێ دەدرێ و دەبێتە هەموو کوردستان  کە دەتوانێ لە شرۆڤەیەکی سیاسی دا  هەڵگری مانای زۆر بێت.شوێن لێرەدا شوێنی ململانێی هێزە سیاسیەکانە و  کاری سەرەکی کاکۆ چاوەدێری بە سەر ئەو ململانێدایە کە لە شێوازی کەڵەشێر شەڕدا خۆی دەنوێنێ، کاکۆ چاوەدێری مەیدانی شەڕە و رۆڵێکی دیاری لە بیچم گرتنی فیلمەکەدا هەیە کە لە شوێنێ خۆیدا باسی دەکەم.

شوێنێ نائاسیی دووهەم کارگەی ساز دروست کردنی شوانە، کارگەیەکی زۆر قەرەباڵغ کە خەڵکانێکی زۆر بە تایبەت مێرمنداڵ تێدا خەریکی کار و دروست کردنی جۆرەکانی سازی مۆسیقان. کارگە شوێنی پێکهاتنی فەرهەنگی کوردە کە لە مۆسیقادا  ئاشکرا دەبێ و دەگاتە لووتکە. شوان خاوەنی کارگەکە پێی خۆش نیە لە گەڵ مامۆ بکەوێ ، ئەو پێی باشە کە خەریکی کاری خۆی بێت و خۆی تێکەڵ بە باسی ئازادی و ئازادیخوازی نەکات، بەڵام مامۆ لێی ناگەڕێ و ناچاری دەکات لە گەڵیان بێ، چون ئازادی بە بێ حزووری خاوەن کارگە (واتە فەرهەنگ و پێکهاتەی فەرهەنگی) ناتوانێ بە ئامانج بگات.

شوێنێ سێهەم ئەو ماڵەیە کە مامۆ بۆ سەردانی پیر رووی تێدەکات، ماڵێک کە لێوانلێوە لە  دەنگی زکر و دووکەڵ ئاوازی سەیر و سەمەر. لەو ماڵەدا مامۆ لە ناو حەیرەت و سەرسووڕمانێکی تایبەت دا لە شوێنە تاریک و پێچاوپێچەکان گوزەر دەکات و پلەکانەکان و رێگا باریکەکانی سەر دیوار بە جێ دێڵێ تا دەگاتە لای پیر و قسەی لە گەڵ دەکات. ماڵی پیر قووڵایی بوونی کورد دەردەخات ئەو شوێنەی کە کورد لەوێدا دەکەوێتە پێوەندەی لە گەڵ بابەتی مێتافیزیکی (بەستراوەیی زۆربەی هەرە زۆری فرقە سۆفیانەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین بە کوردەوە دەرخەری رەسەنایەتی ئەو پێوەندە قووڵەی کورد و مێتافیزیکە کە دیارە پەرژانە سەر ئەو بابەتە خۆی مەجالی دیکەی دەوێ). مامۆ وەک رۆحی ئازادیخوازی کورد پێوەندیەکی لە مێژینی هەیە لە گەڵ ئەو ماڵە کە ماڵی رۆحە، ئەم رەمزە پێمان دەڵێ کە ئازادیخوازی کورد لە پرۆسەیەکی مادی دا گەشەی نەسەندوە و هەمیشە بەشێکی بەرچاوی کەوتووتە ناو هەرێمی دەسەڵاتی هێزە مێتافیزیکیەکان یان هەمان هەرێمی رۆح و بڕیارەکانی.

شوێنی دیکە ئاوایی ژنە دوورخراوەکانە، لەوێ دا کە لە لایەن پۆلیسەوە پاسەوانی لێ دەکرێ ١٣٣٤ ژنی هونەرمەند زیندانی کراون، لە هەموو ئاوایەکەدا بەردەوام دەنگی ئاواز دێت و دیارە شوێنێکی ئاسایی نیە. شوێنەکانی دیکەش هەموویان خاوەنی تایبەتمەندی هاوشێوەن، ئاواییەکەی کاک خەلیل، قاوەخانەی کاک کەریم، گۆڕستان و پۆلی وانە گوتنەوەی سەرشاخ… هەموویان بە بەرجستە بوونەوەی هێندیک رووداو یان شتی نائاسایی و هەروەها بە شێوەی فیلم گرتنی تایبەت و هەڵبژاردنی نمای شات وەکوو شوێنگەلێکی رەمزی و خەیاڵی دەردەکەون.

لە راستی دا ئەم پێداگریەی دەرهێنەر لە سەر سڕینەوەی هەر ئاسەوارێکی ئاسایی بوون لە شوێنەکان و دروست کردنی ئەو کەش و هەوا رەمزیە کارێکە کە ئاگاهانە و بە مەبەستی نزیک بوونەوە لە فەزای میتۆسی کراوە.

لە میتۆسدا شوێن تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە گشتی جیاوازە لە ئەو شوێنە سێ رەهەندەی دنیای عەقڵی. شوێن لە نێوان رۆح و مادەدایە . ئەو دابڕان لە مادەیە کە بۆ تێگەییشتن لە ناوەرۆکی میتۆس پێویستە تەنیا لە فەزایەکی لاهووتی و ئایدیالی دا ئیمکانی هەیە.» لە شوێنی میتۆسی دا ناوەرۆک لە شوێن جیا نیە و پێکەوە پێوەندی قووڵ و جەوهەریان هەیە ، ناکرێ پێوەندی نێوان ئەو شتە کە هەیە و چۆنیەتی شوێنەکە لێک جیا بکرێنەوە.»[5]

لە دنیای میتۆسدا دوو جۆر شوێن هەیە، یەکیان ئەو شوێنەیە کە لە دنیای واقێع دا هەر بوونی نیە و تایبەت بە دنیای میتۆسیە وەک جابلقا و جابلسا و هەرێمی هەشتم لە نووسراوەکانی سوهرەوەردی دا. جۆرێکی دیکە لە شوێن هەیە کە بەرامبەری لە دنیای واقێع دا هەیە بەڵام لە ناو میتۆسدا ئەو شوێنە دەبێت بە خاوەنی تایبەتمەندی جیاواز. بۆ نمونە شاخی ئەلبورز بوونی هەیە لە سەر نەخشەی جوغرافیا بەڵام لە دەقی ئاڤێستادا ئەلبورز یەکێک لە پایەکانی پردی چینواتە (بەرامبەری زەردەشتی پردی سیرات ). لە دەقی ئاڤێستادا کێوی ئەلبورز لە بەرگێکی میتۆسی دا خۆی نیشان دەدات و دەبێت بە ئەو شوێنە نێوەنجیەی نێوان مادە و رۆح کە دەتوانێ ببێت بە بەستێنی دەرکەوتن و خولقانی میتۆس.

لە فیلمی نیوەمانگیش دا شوێنەکان وەها بوونێکیان هەیە، هەم شوێنە دیاری کراوەکانی ناو سێکانسەکانی فیلمەکە و هەم شوێنە گشتیەکە کە ناوی کوردستانە و وەک شوێنە میتۆسیەکان سنووری نیە. بێ سنووری کوردستان و نادیار بوونی لە سەر نەخشەی جوغرافیا هەمان ئەو دوو خاڵە گرنگەیە کە لە راستی دا کوردستان لە شوێنێکی واقعی و مادی دەگۆڕێ بە شوێنێکی نێوەنجی کە لەودا رۆح جەستەیی دەبێت و جەستە رۆحانی. ئەم شوێنە کە پۆتانسیەلی زۆری بۆ دەرکەوتنی رۆح هەیە بەستێنێکی هەمیشە ئامادەیە بۆ وەدی هاتنی تراژێدی. وەک لە سەرەوە باس کرا تراژێدی هەمیشە هەڵگری حزووری تۆخی بابەتی مێتافیزیکیە و هەمێشە لە وەها فەزایەک دا دێتە بوون. کوردستان هەمان هەرێمی هەشتەمی سوهرەوەردیە، وڵاتێک کە هەیە و نیە، جوغرافیایەک کە نە سنووری هەیە و نەک وەکوو شوێنەکانی دیکە سێ رەهەندی دیاریکراوی هەیە. وڵاتێکی تەماوی کە زیاتر لەوەی گەشەی ئاسۆیی سەندبێ گەشەی ستوونی سەندوە، قووڵایی و بەرزاییەکەی دوو ئەوەندەی بەرینایەکەی پەرەی سەندوە و بووە بە جوغرافیایەکی هەزار لایەی رەمزی. دەرهێنەر ئەو میتۆسی بوونەی کوردستان بەردەوام  بە بەکار هێنانی چەمکی سنوور زەق دەکاتەوە.

سنوور رۆڵی جیدی هەیە لەم فیلمەدا، کچی مامۆ ناوی سنوورە، نیوەمانگ لە سەر سنوور دەدۆزرێتەوە، مامۆ و کوڕەکانی دەبێ سنوور تێپەڕێنن و لە سەر سنوورە واقێعیەکاندا تووشی کێشە دەبن هەر وەها  ئاوایی کاک خەلیل کە دواتر لە رووداوێکی رەمزی دا ناوی دەگۆڕێ لە سەر سنوورە. ئەو ئاواییە کە پێشتر ناوی کانی سوور بووە بە هۆکارێکی نادیار ناوی دەگۆڕێ بە تەنگەی بلە، هێشوو لە نامەیەکەی دا ئاماژە بە ناوی ئەو ئاواییە دەکات و کاتێکیش دەگەن بە ئاواییەکە پیرە ژنێک پێیان دەڵێ کە ئاوایی ناوی تەنگەی بلەیە. هەر ئەو ئاماژەیەشە کە پێمان دەڵێ ئەم ئاواییە ئاواییەکی رەمزی و میتۆسیە کە ناتوانین لە سەر نەخشەی جوغرافیای مادی دا بۆ بگەڕێین. لە کۆتایی فیلمەکەشدا کاتێ دیسان لە سەر سنوور کورەکان بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئێران دەدەن و دەیانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ دنیای واقعی، نیوە مانگ پەیدا دەبێ و بەرەو سنوور هانیان دەدات بۆ ئەوەی کارەکە بە ئەنجام بگەیەنن. لە هەموو ئەو حاڵەتگەلە دا پێ داگری لە سەر ئەوە دەکرێ کە سنوورە واقێعی و مادیەکان هیچیان سنووری کوردستان نین، کوردستان وڵاتێکی بێ سنوورە و هەمان بێ سنووری لە وڵاتێکی مادی دەگۆڕێ بۆ وڵاتێکی میتۆسی کە شوێنی بە جەستەیی بوونی رۆحە.

٢- کارەکتەرەکان

٢-١ مامۆ:

تراژێدیەکە لە هەمان بڕیاری سەرەتایی مامۆوە دەستی پێکردوە، بڕیاری بەرز کردنەوەی ئاوازی ئازادی لە کوردستانی ئازاد دا، بڕیارێک کە بە دژی خواستی خوداکانە و لە درێژەی فیلمەکەدا ئەو ململانێ بۆ بینەر روون دەبێتەوە. مامۆ یەکەم جار لە ناو گۆڕستانێک دایە، لە ناو گۆڕێک دا راکشاوە و پاشان هەڵدەستێت و بەیاخێک لە پەڕۆی سەوز و سپی (کە هەردووکیان هێمای ئاشتین) ساز دەکات و سەفەرەکە دەست پێدەکات. مامۆ رۆحی ئازادیخوازی کوردە کە وەک خۆی لە شوێنێکی دیکە دا باسی دەکات، لە گۆڕی ٣٥ ساڵە هەڵدەستێتەوە و دەکەوێتە هەوڵی وەدیهێنانی ئازادی.ئازادیەک کە ئەڵبەتە لە گەڵ خواستی خوداکان دا نایەتەوە و هەمیشە لە گۆڕەوە دەست پێدەکات و دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕ. ئازادی کورد کە لە جەستەی مامۆدا دەردەکەوێ رۆحێکی سەرکێشە، خودایەکی هەمیشە کوژراو کە مەحکوومە بە زیندوو بوونەوە و مەرگی بەردەوام. ململانێی نێوان مامۆ (رۆحی ئازادیخوازی) لە گەڵ خوداکان دا لە سکانسی دیالۆگی مامۆ لە گەڵ شاهۆی کوڕی دەگاتە لووتکە و بە ئاشکرا دەست پێدەکات.

شاهۆ لە لایەن پیرەوە (کە رۆڵی پیام هێنەری خوداکان، یان هەمان غەیب زانی هەیە) پەیامێکی بۆ مامۆ هەیە و پێی دەڵێ کە نابێ بۆ ئەم سەفەرە بچێت. پیر خەونی دیوە کە کاتێ مانگ بگاتە چواردە واتە لە نیوەی مانگ دا  مامۆ بە رووداوێک دەمرێ. مامۆ لە وەڵام دا بەرەو کوێستانەکە ( کە لە پێناسەی میتۆسیەکەدا ماڵی خودایانە) هاوردەکات :» کێ گەرەکیە بەر ئەم سەفەرە بگرێ؟ ٣٥ ساڵە هەر ئەبێ دەنگم دەربێ، من ئەچم. ئەگەر بشمرم ئەڕۆم.»

لێرەدایە کە شەڕ و ململانێ بە ئاشکرا دەست پێدەکات. مامۆ لە هەڕەشەی خودایان ناترسێ، لە فەرمان دەردەچێت و لە بەرانبەر ئیرادەی خودایان رادەوەستێ و دەکەوێتە ناو سەفەرێکی پڕ لە رووداوی سەیر و کارەسات کە بەرەو مەرگی دەبەن. مامۆ لە گۆڕ هەستاوەتەوە، لە مەرگ گەڕاوەتەوە بۆیە ترسێکی لە مردن نیە، ئەوەی لای ئەو گرنگە ئەو کارەیە کە دەبێ بە ئەنجامی بگەیەنێ، ئەو دەنگەیە کە دەبێ بەرزی بکاتەوە و ئەو ئازادیەیە کە دەبێ بیهێنێتە بوون. کارەکتەری مامۆ خاوەنی لایەنێکی رەمزی بە هێزە، لە گەڵ پیر دا پیوەندی نزیکی هەیە و رۆشن بینیەکی تێدایە کە وادەکات هەم سێبەری مەرگ لە نزیکی خۆی دا ببینێ و هەمیش هێندێ شتی لێ دەبینین کە لە کەراماتی ئەولیا دەچێت، وەک تەقە کردن لە شوان و پێکانی گوێی، یان ئاگادار بوون لە مەرگی کاک خەلیلی هاورێی کە بە هۆی هەواڵێکی هەڵەی کاکۆ دەمرێ.

٢-٢ کاکۆ:

کاکۆ کە سادەترین کارەکتەری فیلمەکەیە و بە رواڵەت لە پەراوێزی هەمووانە بەڵام رۆڵێکی یەکجار جیدی و بەرچاوی هەیە. کاری کاکۆ هەر وەک باس کرا سەرەتا چاوەدێری بە سەر مەیدانی کەڵەشێر شەڕە، دوایی لە لایەن مامۆوە رادەسپێردرێ بۆ ئەوەی سیارەیەک بدۆزێتەوە و کوڕەکان کۆ بکاتەوە. لە کارەکتەری کاکۆدا چەندین نیشانە و هێما هەیە کە پێمان دەڵێ ئەم مرۆڤە سادەیە لە واقێعدا نوێنەری مێژوو یان وردتر بڵێم مێژووی مادی کوردە. جگە لە چاوەدێری بە سەر مەیدانی شەڕدا کاکۆ کامێرایەکی پێیە و لە هەموو سەفەرەکەدا خەریکی تۆمار کردنی رووداوەکانە کە ئەو تۆمار کردنەش دیسان ئیشی مێژووە، بەڵام لە سکانسێکی کۆمیک دا روون دەبێتەوە کە کامیراکەی کاکۆ هیچی تۆمار نەکردوە! واتە رووداوەکانی سەفەری مامۆ یان هەمان سەفەری رۆحی کورد و رەوتی ئازادیخوازی ئەو، رووداوگەلێکن کە بە کامێرای مێژوو تۆمار ناکرێن و دنیا نابینایە لە ئاست ئەوانەدا. لە شوێنێکی تر دا کاتێ شوان دەیهەوێ هەڵ بێ و بگەڕێتەوە کاکۆ چەکێک لە گیرفانی دەردێنێ و بە مامۆی دەدا و دەڵێ ئەوە بۆ رۆژی تەنگانەیە و مامۆ بەو چەکە گوێی شوان بریندار دەکات. لێرەش دا کەڵک وەرگرتنی کورد لە چەک دەبینین کە ئەگەر لە دەستی لایەنی مادی دایە تەنیا بۆ رۆژی تەنگانەیە و ئەگەر بکەوێتە دەستی رۆحی ئازادیخواز ئامرازێکە کە کەرامەتی پێ دەنوێنێ. چەک لێرەدا لە کەرەستەی شەڕ دەگۆڕێ بۆ ئامرازێک بۆ دەرخستنی تواناکانی رۆح. لە شرۆڤەیەکی سیاسی دا دەکرێ ئەم بابەتە پەرەی پێ بدرێ وئاور لە  شۆڕشەکانی کورد و جۆری بە کار هێنانی چەک لای کورد بدرێتەوە. کە دیارە ئەو شرۆڤەیە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ناگونجێ.

کاکۆ لە سێ  شوێنی دیکەش دا رۆڵی گرنگی هەیە و دیسان رۆڵی شایەت دەبینێ، یەکەم جار لەوێ دا کە شایەتی نوقم بوونی هێشوو و رۆشتنی لە گەڵ چوار کەسەکەیە، دووهەم جار کە لە گەڵ شێرکۆ (یەکێک لە کوڕەکان) بە دوای هێشوودا دەچێ و ئەوان شێرکۆیش لە گەڵ خۆیان دەبەن و کاکۆ دەگەڕێتەوە و باسی ئەو رووداوە سەیر و سەمەرەیە دەکات کە بینیویە، دۆڵێکی تاریک و دەنگی گورگ و شوێنێکی ترسناک کە دیارە هەرێمی خوداکانە، ئەوەی کە رازئاگا بێت پاش بینینی ئەو دیمەنە ناتوانێ و بۆی نیە بگەڕێتەوە بۆیە هێشوو و شێرکۆ هەردووکیان نوقم دەبن بەڵام کاکۆ دەمێنێ چونکوو ئەو نوێنەری مێژووی مادیە، ئەو شایەتی هەموو رووداوەکانە بە بێ ئەوەی لە قووڵاییان تێ بگات تەنیا دەتوانێ بیانگێڕێتەوە و دوای گێڕانەوە دەبێ کەسێکی خاوەن رۆح وەک مامۆ هەبێ کە بتوانێ لەوەی رووی داوە تێبگات.

لە دواهەمین رووداویش دا دەبینین کە کاکۆ باسی ئەوە دەکات کە کەوتووتە دەستی هێزەکانی تورکیە و ئەوان زۆریان لی داوە و سەریان تاشیوە و کەڵە شێرە خۆشەویستەکەیشیان کوشتوە، ئەو کەڵە شێرە کە کاکۆ زۆر خۆشی دەویست و هەمیشە لە گەڵی بوو هەمان تاقە هێزی شەڕ کەر و بە تەعبیرێک سیاسی بوو کە لەو سەفەرەدا تا سنووری تورکیە گەییشت و لەوێ سەربڕا.

زۆربەی دیالۆگە گرنگەکانیش هەر لە ئەستۆی کاکۆیە، هەم لە دەست پێکی فیلمەکەدا کە ناوەرۆکی گشتی فیلمەکە باس دەکات و هەم لە کۆتایی دا لە شوێنێک لە سەر سنووردا دیسان کاریگەرترین دیالۆگی فیلم هی سادەترین کارەکتەری فیلم واتە کاکۆیە، ئەو کە سایقی سەیارەکەیە چاوی بە تابلۆی رێگاکە دەکەوێ و دەڵێ:»دەست راست عێراق و تورکیە، دەست چەپ ئێران… چە بکەین؟ بەرەو کوێ بچین.؟»

ئەو ئاسایی ترین دیالۆگە لە بەستێنی گشتی فیلمەکەدا کە باسی ئازادی کورد لە ناوەندیدایە، دەبێت بە دیالۆگێک کە هەڵگری قورسترین و قووڵترین پرسیاری فیلمەکەیە. سەرگەردانی لە نێوان سێ وڵات دا ، چارەنووسی نادیار و دەستەوەستان بوون لە ناو رێگایەک دا کە هیچ ئاسۆیەکی رزگاری تێدا بە دی ناکرێ. «چە بکەین، بەرەو کوێ بچین»ی کاکۆ هاوارێکی دڵتەزێنە کە لە ناخی نەتەوەیەکی نادیار و سڕاوەوە دێت، نەتەوەیەک کە لە سەر خاکەکەی خۆی لە نێوان سێ سنووری جیاوازدا سەرگەردانە وهیچیان سنووری وڵاتی ئەو نین. ئازاری بێ وڵاتی لەم دوو رستە کورتەدا وەک گورزێکی بە هێز لە سەری بینەر دەدات و وە بیری دەهێنێتەوە کە ئەو دنیا میتۆسیە، ئەو وڵاتە نادیارە لە سەر زەوی بوونی واقێعی هەیە و ئەمە چیرۆکێک نییە بۆ رابواردن. ئەمە تراژدیایە لە واقعێعی ترین فۆرمی خۆیدا، تراژێدیایەک کە سنووری ئەدەبیاتی تێپەڕاندوە و هاتووەتە ناو دنیای مادی و لە پەنا گوێی ژیانی ئاسایی خەڵکی دنیادا هەناسەدەدات.

ئەم خاڵگەلە هەموویان دەتوانن ئەو گریمانە راست بکەنەوە کە کاکۆ نوێنەری مێژووی مادی کوردە، مێژوویەکی گاڵتە پێکراو و ئازار چێشتوو کە شایەتی هەموو رووداوە مادی و رۆحیەکانی ئەو نەتەوەیە.

دوو کارەکتەری گرنگی دیکە هێشوو و نیوە مانگن کە لە ژێر ناوی ژن و رۆڵی ژن دا باسیان دەکەم

٣- ژن

لەم سەفەرە رەمزیە دا کە بە مەبەستی بەرز کردنەوەی دەنگی ئازادی دەست پێدەکات ژن رۆڵێکی یەکجار گرنگ و بەرچاوی هەیە، سێ ژن لەم فیلمەدا حزووریان هەیە، یەکیان سنووری کچی مامۆیە، ئەوی دیکە هێشوو گۆرانی بێژێکی ناودار کە دەنگی قەدەغە کراوە و سێهەمیان نیوەمانگ کە بوونێکی نێوەنجی هەیە و شتێکە لە نێوان رۆح و جەستەدا. هەرکام لەم ژنانە بەشێک لە بوونی ژنی کورد پێناسە دەکەن، یەکیان بەرپرسی پاراستنی نەوەی داهاتوە، یەکیان هەڵگری سەرەکی رۆحی ئازادیە و سێهەمیان خودی رۆحی مۆسیقایی کوردە کە خاوەنی ناوەرۆک و جەستەیەکی ژنانەیە.

بینەر یەکەم جار سنوور دەبینێ . سنوور یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکەیە کە قەرارە لە گەڵیان بکەوێ. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە قوتابخانەی ئەو منداڵانەی کە ئەو مامۆستایانە ئاوبردوویە ، سنوور لە سەر شاخ بە منداڵەکان وانە دەڵێتەوە. هەر بۆیە مامۆ لە بردنی پەشیمان دەبێتەوە و ئەرکی پێگەیاندنی منداڵەکانی پێ دەسپێرێ.

پاشان هێشوو دەردەکەوێ و لە گەڵ دەرکەوتنی ئەودایە کە ترس و دڵەراوکە بە سەر ئەندامانی گرووپەکەدا زاڵ دەبێ ، هێشوو ژنە گۆرانی بێژێکی بەناوبانگە کە خاوەنی دەنگێکی ئاسمانیە بەڵام لە گەڵ ١٣٣٤ ژنی دیکەدا لە ئاواییەک زیندانی کراوە و بۆی نیە لەوێ دەربچێ. مامۆ سوورە لە سەر ئەوە کە دەبێ لەو سەفەرەدا هێشوویان لە گەڵ بێت و بە بێ هێشوو ناتەواون و ناتوانن سەفەر بکەن. هێشوو ئەو رۆحە ژنانەیە کە سەفەری ئازادی بە بێ حزووری ئەو و بە بێ بەرز بوونەوەی دەنگی ئەو ئیمکانی نیە و ناتوانێ بە ئاکام و ئامانجی خۆی بگات. لە رەوتی فیلمەکەدا ئەو گرنگ بوونە بە ئاشکرا دەبینین. هاتنی هێشوو دەبێت بە لەمپەرێکی گەورە بۆ درێژەدان بە رێگاکە و خودایان هەموو هێزی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پێشگرتن لە گەییشتنی هێشوو بۆ شوێنێ مەبەست. هێزی پۆلیسی ئێران کە نوێنەری بەشێک لە هێزی خودایانی دژی ئازادیە لە دوو شوێندا رێگایان پێ دەگرێ و لە ئاکامیش دا دەتوانێ هێشوو کە شاردراوەتەوە بدۆزێتەوە و پێش بە رۆشتنی بگرێ.

مامۆ لەو پەڕی نائۆمێدی دایە کە یەکێک لە پۆلیسەکان کە ئەویش کوردە بەڵێنێ هێنانی دووبارەی هێشووی پێدەدات و هەر ئەو شەوەش دەیهێنێ. بەڵام داستانەکە بەمە کۆتایی پێ نایەت و بەیانی هەمان رۆژ هێشوو دیسان نوقم دەبێ و کاکۆ کە شایەتی ئەو نوقم بوونەیە چۆنیەتی ئەو رووداوە سەیرە بەم شێوەیە دەگەرێنێتەوە: «چوار نەفەر وێسا بوون… وتم ئێوە کێن، جواویان نەدا… هێشوو وتی کارت بە سەر ئەمانە نەبێ، بەدوای منا هاتوون… هەرچی هاورم کرد، هەر چوون، هەر چوون … ئێستا نوقم بوون.»

هێشوو لە رووداوێکی رەمزی دا نوقم دەبێ ، بەڵام نامەیەک بۆ مامۆ بە جێ دێڵێ کە لەو دا تەنیا سێ وشە هەیە ، نیوە مانگ، تەنگەی بلە، کاک خەلیل. بەو سێ وشە مامۆ رێنوێنی دەکات بۆ درێژەی رێگاکە.

لە گەڵ نەمانی هێشوو باری دەروونی و جەستەیی مامۆ زۆر لاوز دەبێ و لە مردن نزیک دەبێتەوە. هێزی مانەوەی ئەو رۆحە ئازادیخوازە کە  لە گۆڕ هەستاوە بەستراوی بوونی رۆحی ژنانەی هێشووە.  بوونی هێشوو و دەنگی هێشوو هیوا و دڵخۆشی و هێزی پێ دەبەخشێ و نەمانی هێشوو بە تەواوی بەرەو داڕمان و مردنی دەبات و لێرەدایە کە نیوە مانگ ئەو رۆحە جوان و دەنگ خۆشە ژنانەیە دەردەکەوێ و مامۆ هان دەدات کە بە رێگاکە درێژە بدات. نیوە مانگ کە بوونێکی تەواو رەمزی هەیە، هەر لە سەرەتاوە چاوی لە مامۆ و سەفەرەکەیەتی. نیوەمانگ کچی ئازادیە، رەنگە کچی هێشوو بێ!، ناوی دایکی نازانی و تەنیا دەزانێ کە دایکی گۆرانی بێژ بووە و خۆیشی لە سەر سنوور دۆزراوەتەوە، ئەو لە نێوان سنوورە دەستکردەکان دا لە هاتوو چۆدایە و وەکوو رۆحێکی سەرگەردان چاوەڕێی هەستانەوەی رۆحی ئازادیخوازیە تا یارمەتی بدات. نیوەمانگ نوێنەری ئەو هێزە ئاسمانیەیە کە یارمەتی دەری مرۆڤی سەرکێشی ناو تراژێدیە. نیوەمانگ هەمان پرۆمێتەیە و لەوانەیە لە کۆتاییش دا بە دەردی پرۆمێتە بچێ، ئەو خودایەیە کە پاڵپشتی لە بوونی کورد وەکوو ئەو کائینە سەرکێشە دەکات کە لە خواستی خودایان یاخیە و دەیهەوێ ئاوازی ئازادی بەرز بکاتەوە و رۆحی حەقیقی ئازادی بهێنێتە بوون. هێزی نیوەمانگ و پێوەندی بە ئاسمان و خودایانەوە هەم لە گۆڕستان و کاتی ئەسپەردە کردنی کاک خەلیل دەبیندرێ کە بە ئاوازی ئەو تەرمی کاک خەلیل گیانی وەبەر دێتەوە و دەجووڵێ هەمیش لە توانای ئەو بۆ ئامادەکردنی ئامرازە پێویستەکان بۆ درێژەدان بە سەفەرەکە، کە بە روونی دیارە ئامادەکردنێکی نائاساییە و لە دەرەوەی رووداوە مادیەکان دا روودەدات.

هێشوو و نیوە مانگ هەردووکیان پێوەندی قووڵیان بە کورد و ئازادی کوردەوە هەیە و رۆحی رازئاگای کوردن و هاورێی و یاریدەری مامۆ بۆ هێنانە بوونی ئازادی. پێداگری لە سەر رۆڵی ژن دەرخەری بەستراوەیی جەوهەری بابەتی ئازادی و رۆحی ژنانەیە. رۆحێکی ژیان بەخش و هێمن و بە هێز کە بە بێ بوونی ئەو شتێک بە ناوی ئازادی ناتوانێ بێتە بوون.

فیلمی نیوە مانگ لە گەڵ هێندێ کەم و کورتی وەک هەڵبژاردنی هەڵەی ئەکتەری رۆڵی هێشوو کە بە هۆی کوردی نەزانی هەستی بێگانە بوون بە بینەر دەدات، یان هاتوو چوو لە نێوان فەزای تراژێدی و کۆمێدی دا کە وادەکات دەرک کردنی قووڵایی تراژدیەکە تووشی پچڕانی بەردەوام بێت. بەڵام بە رای نووسەری ئەم وتارە وەکوو یەکێک لە دیارترین و بەرجستەترین فیلمەکانی سینمایی کوردی دەمێنێتەوە و بینەری کورد  بە هەرجار دیتنی دەتوانێ بە یەکێک لە نهێنیەکانی ناخی خۆی بگات و لێی ورد بێتەوە.

نیوەمانگ ئەگەرچی بە وتەی دەرهێنەری فیلمێکە، بە یادی مووزارت دروست کراوە بەڵام لە واقێع دا (و بەو پێیە کە دەقی هونەری پاش هاتنە بوون سەربەخۆیە و چارەنووسی جیاواز لە خواستی هونەرمەندی هەیە) فیلمەکە بۆ خودی کورد و لە گەڵ ئەوەی کە براوەی چەند خەڵاتی سینماییشە بەڵام ئەو ناوەرۆکە و ئەو رۆحە کە لەم فیلمەدا حزووری هەیە تەنیا لە گەڵ خودی کورد دەتوانێ بکەوێتە دیالۆگ و تەنیا کورد دەتوانێ بە چییەتی ئەو جوغرافیا رەمزیە کە ناوی کوردستانە بزانێت و لە قووڵایی تراژێدیای ئازادی لەو وڵاتەدا تێبگات.

١- فیلمی نیوە مانگ، بە نووسین و دەرهێنانی بەهمەنی قوبادی ، ساڵی ٢٠٠٦ کاری ئامادەکردنی تەواو بووە و ٢٠٠٧ لە سینماکانی دەرەوەی ئێران نمایش کراوە، بەڵام هیچکات ئیزنی چوونە سەر پەردەی لە ئێران دا پێ نەدرا.

http://new-philosophy.ir/?p=63٢-   نوروزی فرشاد ، تراژدی، فلسفەی نو، ١/٧/٢٠١٣

٣- بیرقدار نسرین، مفهوم جای و گاه در تفکر اسطورەای ایرانی، یونگ(مکتب زوریخ) ٢١/٦/١٣٩٢

http://carljung.blogfa.com/post-1116.aspx

٤-  نیچە فردریش، زایش تراژدی از روح موسیقی، ترجمە رویا منجم، نشر پرسش، تهران١٣٨٥( صفحەی ٩٦)

٥-آقا نبی قلهکی مینا، زبان تصویری(زمان و مکان اساطیری)، کتاب ماه هنر، شمارە ١٠٢

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.