Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

لە کەناری مەرگ دا

لە کەناری مەرگ دا

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی وەرزی کەرگەدەن، دواهەمین بەرهەمی بەهمەنی قوبادی

4624F604-F4B7-4C85-B479-679D8580D259_w640_r1_s 

پاش دیتنی فیلمی «وەرزی کەرگەدەن» تا ماوەی چەندین کاتژمێر هەستم بە نوقم بوون دەکرد، نوقم بوون لە شوێنێکی بێ شوێندا، بێ دەنگ، بێ رەنگ، بێ هیچ جووڵەیەک، کش و مات و چۆڵ و تەنانەت بە بێ هیچ بیرکردنەوەو بیرەوەریەک، حاڵەتێک لە سەرسامی کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هەر بەرهەمێکی هونەری رەسەندا مرۆڤ تووشی دەبێت و پاش ئەو حاڵەتەیە کە خۆی لە هەرێمی دەسەڵاتی رەهای هونەر دەردەکێشێ و مێشکی بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەو سەرسامیە دەکەوێتە کار و وردە وردە هەوڵ دەدات بزانێ کامە هێز بوو کە ئەو حاڵەتەی خولقاند، هونەرمەند کامە حەقیقەتی لە دووتۆی چێرۆک یان وێنە یان دیمەنێکی سادەدا شاردبوەوە کە نەستی  ئەو (بەربێژ) پێوەندی پێوە گرتوە و کەوتووتە ژێر کاریگەری ئەو حەقیقەتە.

هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەم پرسیارگەلە هێندێ جار لە رێگای سەرلەنوێ خوێندنەوەی بەرهەمە هونەریەکە و وردبینی زیاتر و سەرنج دان بە هێماکان، یان لە رێگای خوێندنەوەی شیکاری و بابەتی رەخنەیی پێوەندی دار بە ئاکام دەگات.

ئەوەی لێرەدا وەکوو رەخنەیەک لە سەر فیلمی «وەرزی کەرگەدەن» دەیخەمە بەردەستی ئێوەی خوێنەر، ئاکامی هەوڵێکی لەو چەشنەیە، هەوڵێک کە خۆی بەشێکە لە چێژی هونەری و تەواو کەری ئەو هەستە سەرەتاییەیە کە لە یەکەم رووبەرووبوونەوە لە گەڵ بەرهەمی هونەریدا، مرۆڤ تووشی سەرسامی دەکات. (پێویستە ئاماژە بکەم کە ئەم رەخنەیە زیاتر پەرژاوەتە سەر هێماکان و خۆی لە باسی تەکنیکە سینماییکان کە پسپۆڕی سینمای دەوێ نەداوە.)

بەڵام پێش لەوەی بڕۆمە سەر باسی فیلمەکە، بە پێویستی دەزانم  باسێکی کورت لە سەر بەهمەنی قوبادی و سینمای ئەو بکەم

دیارە بەهمەنی قوبادی پێویستی بە ناساندن نیە، لە یەکەم هەنگاوەوە حزورێکی سەرکەوتووی لە سینمادا بووەو بە ئافراندنی هەر کارێکی تازە تواناکانی خۆی وەکوو دەرهێنەرێکی دیار و خاوەن قسە لە سینمادا زیاتر سەلماندوە. سەبارەت بە ستایلی کاری بەهمەنی قوبادی لە پێناسەیەکی کورتدا دەتوانین بڵێن، قوبادی دەرهێنەرێکی  پێشبینی نەکراوە، هەربۆیە زۆر سەختە هێندێ تایبەتمەندی وەکوو چوارچێوەی ستایلی قوبادی بناسێنین، ئەگەرچی لە کارەکانیدا هەمیشە چەند نیشانە وەکوو واژۆی خۆی دادەنێ، بەڵام بە گشتی هونەرمەندێکی بوێرە  کە هیچ سنوورێک ناناسێت و هیچ پێداگریەکی لە سەر پابەند بوون بە ستایلێکی تایبەت نیە و لە کارەکانی پێشووشدا ئەوەی نیشان داوە، لە ریالیزمی سارد و بێ هەست و شێوازی داکیومنتاری «کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان» بەرەو چیرۆکێکی پڕ لە هەست و پێوەندی ئینسانی لە «کیسەڵەکانیش دەفڕن» هەتا سووریالیزمی خەیاڵاوی و فەزای ئوستوورەیی «نیوەمانگ» و پاشان لە ناکاو دابڕان لە کوردستان و رەمز و رازە شاراوەکانی و چوونە ژێر پێستی شارێکی گەورە وەک تاران و گەڕان بە دوای   » پشیلە ئێرانیەکان» و لە ئاکامدا » وەرزی کەرگەدەن» .

ئەوەی کە لە ئەم رەوتەدا بەرچاوە، بەرەوپێش چوونی قوبادی و هەوڵدانی بۆ گەییشتن بە روانگەیەکی بەرینتر و گشتگیرترە، قوبادی زیاتر لە منداڵێکی پڕ لە وزە دەچێت کە ناتوانێ لە شوێنێک دا دابنیشێت و وەک پیاوێکی ماقوڵ و هونەرمەندێکی بەناوبانگ ئاگای لە ناوبانگی خۆی بێت و هەوڵ بدات کە خۆی لە چوارچێوەیەکی تایبەت دا پێناسە بکات و لە ئاکامدا ببێت بە خاوەنی ستایلێک کە مۆرکی قوبادی لە هەموو شوێنێک دا پێوە دیار بێت و دەرهێنەرانی جەوانیش وەدوای بکەون. ئەو زیاتر شوێنکەوتەی ئەزموونی تازەو ئاسۆی بەرینترە، تاقیکردنەوە، ناسین، ناساندن و خولقاندن. بەرهەمی ئەو شێوە کارەش کارنامەیەکی باشە کە لەودا رەوتی گەشە کردنی قوبادی وەکوو دەرهێنەر و هونەرمەندێکی ناسراو، بەرچاوو و دڵخۆشکەرە. لە یەکەم کارەکاندا دەڵێی سینما تەنیا کەرەستەیەکە بۆ قوبادی بۆ باسکردن لە کێشە و نەهامەتی ژیانی کورد، هەم لە «کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان» و هەم لە «گۆرانیەکانی وڵاتەکەم» دا جۆرێک لە راپۆرت کردنی نەهامەتیەکان دەبینین کە هاوکاتە لە گەڵ لە دەرەوە روانین بۆ کارەکتەرەکان و پێوەندی نەگرتن بەوانەوە (کاریگەری سینمای کیاروستەمی لەم کارانەدا بە روونی دیارە) ،  لە «کیسەڵەکان» دا ئەو شێوە دەگۆڕێت و دەڵێی پەلەی فیلمساز و تینوویی ئەو بۆ باسکردن لە نەگبەتیەکانی کوردستان دامرکاوەو دەرفەتی خولقاندنی چیرۆکێکی تەواو و خولقاندن و پەروەردە کردنی کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەی  بە خۆی داوەو هەر لە چوارچیوەی پێشوودا واتە ئازارەکانی خەڵکی کوردستان کارێکی هونەری مەزنی خولقاندوە، دەتوانین بڵێن کیسەڵەکان سەکۆیەکی فڕین بۆ خودی قوبادی بوو، لە نیوە مانگ دا ئەوە بە شێوەیەکی کامڵتر خۆی نواند و فیلمساز چووە ناو قووڵایی فەرهەنگ و راز و رەمزەکانی کوردستان و لە نەهامتەکانی ژیان و بەسەرهاتی منداڵانی هەژار و تەنیا گەییشتە ئاستێکی بەرینتر کە لەودا کوردستان تەنیا شوێنی کارەساتەکانی ژیان نیە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ خولقاندنی بەرهەمێکی هونەری بەهێز و لێرەدا پوتانسیەلە فەرهەنگیەکانی ئەو وڵاتەیە کە دەبێتە ماتریاڵی دەستی قوبادی و نیوە مانگی لێ دەخولقێ کە فیلمێکی رەمزاوی بە تەواوی سەرکەوتووە کە پڕ لە هێما و نیشانەی فەرهەنگ و ئوستورەی کوردستان و (بە رای نوسەری ئەم وتاره، فیلمی نیوەمانگ فیلمێکی درەوشاوە و بەرجستەیە کە لە داهاتوودا و دەتوانێ ببێتە کۆڵەکەیەکی باش بۆ سینمای کوردی.)

لە گەڵ دەرهێنانی » پشیلە ئێرانیەکاندا» قوبادی ئەو مۆرکە لە سەر خۆی لادەبا کە فیلمسازی تایبەتی کوردستان بێت و دەچێتە ناو بیاڤێکی تازە،  لە «وەرزی کەرگەدەن» یش دا ئەگەرچی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە لە شوێنێک دا دەردەکەوێ کە کوردەو خەڵکی بانەیە بەڵام، نە گشتیەتی فیلمەکە و نە هیچ کردەوەیەکی کارەکتەری سەرەکی هیچ پێوەندیەکیان بە کورد و کوردستانەوە نیە و لە شوێنی خۆیدا باسی لە سەر دەکەم.

رەوتی گەشە کردنی سینمای قوبادی بە هەموو خاڵە بە هێز و لاوازەکانیەوە  نەک بەرهەمی هەوڵدانی ئەو بۆ خولقاندنی کارێکی کەم هەڵەتر و باشتر، بەڵکوو بەرهەمی مەیلی ئەزموون کردنی شتی تازەترە.

قوبادی دوای دروست کردنی هەر فیلمێک فایلەکەی دەبەستێت و دەس بە جێ وەدوای کاری تازەتر دەکەوێ، هەر بۆیە خۆی سەرقاڵی هەڵەکانی کاری پێشوو ناکات و گرینگی بەوە نادات کە هەڵەیەک دووپات نەبێتەوە، چونکوو دەتوانین بڵێین ئەو هیچ شتێک دووپات ناکاتەوە، نە هەڵە و نە خاڵی بەهێز، تەنیا فێر دەبێت و لە مەودای نێوان دوو بەرهەمدا ئەوانەی تازە فێر بووە بۆ کاری داهاتوە ئامادە دەکات. هەر بۆیە خاڵی لاواز و هەروەها خاڵی بەهێزی هەر فیلمێکی قوبادی تەنیا لەو فیلمەدا دەکرێ باسی لە سەر بکرێت و هەرگیز وەکوو شتێکی گشتگیر ناتوانین حوکمی لە سەر بدەین. لەم نێوانەدا تەنیا شتێک کە بە بێ ئاگای دەرهێنەر دووپات دەبێتەوە، ئەو شتانەیە کە لە نەستی هونەرمەندا ریشەیان کوتاوە و ئەو چ بیهەوێ و چ نا هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرلەنوێ دەخولقێنەوەو دەبن بە خاڵێکی هاوبەش کە لە درێژماوەدا ناوەندی هەست و جیهانبینی هونەرمەند دەردەخەن.

لە بارەی قوبادیەوە ئەگەرچی هێشتا هونەرمەندێکی جەوانە و تەمەنی هونەری زۆری تێنەپەراندوە بەڵام بە وەبەرچاو گرتنی ئەو شتەی کە تا ئێستا هەیەتی و بینیومانە، بە خاڵێکی هاوبەش دەگەین کە راست بە پێچەوانەی وتووێژەکانی قوبادی و هەروەها بە پێچەوانەی شێوەی فیلمسازی پڕ وزە و پڕ ژیانی ئەو، باس لە زاڵ بوونی بیری مەرگ  دەکات و ئەو پارادۆکسە لە دواهەمین کاردا زۆر زەق و بەرچاوە، قوبادی لە وتووێژێکدا لە گەڵ بی بی سی لەبارەی «وەرزی کەرگەدەن» دەڵێ «ویستم بڵێم هەمیشە رێگایەک هەیە»، یان لە شوێنێکی دیکەدا لە وتووێژ لە گەڵ میدیایەکی تورک دا دەڵێ «ئەم فیلمە باسی خاڵێکی سپی لە  نێوان کۆی رەشاییەکاندا دەکات». بەڵام کاتێ فیلمەکە دەبینین راست بە پێچەوانەی قسە دەرهێنەر لە گەڵ دەسەڵاتی رەهای مەرگ دا بەرەوروو دەبین. کە لە کاتی خۆیدا بە وردی دەپەرژێمە سەر ئەو بابەتە.

لە کارەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوە، کۆتایی هەمیشە مەرگە و دوا رێگای رزگاریش هەر مەرگە، لە کیسەڵەکاندا کچەکە خۆی و منداڵەکەی دەکوژێ و رزگاری دەبێ، لە پشیلە ئێرانیەکاندا هەردوو کارەکتەری سەرەکی دەمرن و دیسان کچەکە خۆی دەکوژێ، لە نیوەمانگدا ئاواتی مامۆ تەنیا پاش مەرگیەتی کە دێتە دی و لە دنیای مردندا چەپڵەی بۆ لێدەدەن. لە «وەرزی کەرگەدەن»یش دا لە سەرتا تا کۆتایی مەرگە کە دەدوێت و حاکمە و کۆتاییش هەر لەودایە.

بۆیە دەتوانین بڵێین بەهمەنی قوبادی سەرەڕای وزەو و ژیان و هیوایەکی زۆر کە لە خۆی و شێوەی کارکردنی دا هەیە، نێوانخۆشیەکی سەیریشی لە گەڵ مەرگ دا هەیە کە رەنگە ئەوەش لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی سەیری کوردیدا بێت، فەرهەنگێکی شادی پڕ لە کارەسات و مەرگ کە دەڵێی دەیهەوێ بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ دا بکات!

وەرزی کەرگەدەن

کاکڵەی چیرۆکی «وەرزی کەرگەدەن» بە کورتی بە سەرهاتێکی عاشقانەیە، سێ گۆشەیەکی سۆزداری ئاشنا کە لەودا نەفەری سێهەم دوو خۆشەویست لە یەکتر جیا دەکاتەوەو ژیانیان تووشی ئازار و ئەشکەنجە و کارەسات دەکات.

پێم خۆشە پێش لە چوونە سەر باسی خاڵە بەهێزەکانی ئەم فیلمە کە دەرخەری رەوتی گەشە کردنی سینمای قوبادیە، سەرەتا بپەرژێمە سەر خاڵە لاوازەکانی

گرینگترین خاڵی لاوازی وەرزی کەرگەدەن، سەپاندنی مانای سیاسی بە سەر فیلمەکەدایە کە لە پێشکەش کردنەکەوە کە بۆ دو کوژراوی سیاسی کوردی ئێران واتە فەرزادی کەمانگەر و سانعی ژاڵە یە ، دەست پێدەکات و لە رەوتی فیلمەکەدا درێژە دەدرێ، فیلمساز تەنانەت باس لە سەرچاەی چیرۆکەکە دەکات کە ئەم فیلم  لە سەر ژیانی شاعێرێکی کورد بە ناوی سادقی کەمانگەر کە ٢٧ ساڵ لە زیندان دا بووە و بە بنەماڵەکەی گوتوویانە کە مردوە، درووست کراوە. دیارە ئەو رێفرێنسە هیچ پێویست نەبوو، چونکوو ئەوە شتێکی ئاشنایە و بەسەرهاتی زۆر زیندانی سیاسی ئێران بووە، فیلمساز تەنیا دەیتوانی ئاماژە بەوە بکات کە ئەم چێرۆکە لە سەر ئەساسی واقێعییەت درووست کراوە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی شاعێرێکی نەناسراو بکات کە بۆ بینەری نائاشنا و بێگانە گومانی ئەوە درووست دەکات کە ئەمە دەقاودەق بە سەرهاتی شاعێرێکی ناوداری کوردە. لە حاڵێکدا خاڵی هاوبەشی کارەکتەری ئەم فیلمە و سادقی کەمانگەر تەنیا زیندانی درێژ ماوە و شاعێر بوونە و تەنانەت ئەو شێعر گەلەش کە لە فیلمەکەدا دەخوێنرێتەوە شێعری ژنە شاعێرێکی ئێرانیە، نەک هی ئەو شاعێرە کە باس کراوە.

هەوڵی بە سیاسی کردنی ناوەرۆکی فیلمەکە ئەگەرچی لە چەند شوێندا وەک رەوتی لێپرسینەوەی شاعێر و ژنەکەی، زۆر زەق دەبێتەوە بەڵام بە خۆشیەوە زیانێکی جیدی لە گشتیەتی کارەکە نادات و دەرهێنەر دەتوانێ ناوەرۆکی باسەکە هاوکات لە گەڵ ئەو بەشە زیادەیەدا بباتە پێشەوەو لە زۆر شوێنیشدا پێشی بخات.

هەر لەم پێوەندیەدا ئاماژە بە کورد بوونی کارەکتەری یەکەم واتە «ساحل» کە تەنیا لە رەوتی لێپرسینەوەدا دەردەکەوێ، خاڵی لاوازی دووهەمی کارەکەیە، کارەکتەرێک کە نە ناوەرۆکی فیلمەکەو نە هیچ نیشانەیەکی دیکە بۆ هۆکاری بە کورد ناساندنی لە رەوتی فیلمدا نابینین. «ساحل» بە شایەتی دیالۆگی هاوسەری لە لێپرسینەوەدا هەرگیز چالاکی سیاسی نەبووەو هیچ شێعرێکی سیاسی نەنووسیوە و ئەو رووداوانەش بە پێی ئەو شتانە کە لە رەوتی فیلمدا دەردەکەوێ، تەنیا بەرهەمی دوژمنایەتی سایقی کچەکە واتە «ئەکبەری رەزایی»ە کە لەو دەرفەتە کە بۆی خولقاوە  واتە بە دەسەڵات گەییشتنی کۆماری ئیسلامی ، کەڵک وەردەگرێت و تۆڵەی خۆی لە «ساحل» و «مینا» دەکاتەوە. روونە کە کێشەی ساحل لە بنەرەتدا نە کورد بوونەو نە شاعێر بوون بەڵکوو پێوەندیەکە کە لە گەڵ مینا هەیەتی، هەر بۆیە ئەو باسی کورد بوونە باسێکی بە تەواوی بێهۆیە و هیچ پێویستیەکی پێ نەبووە، سوننە و بانەیی بوونی کارەکتەری یەکەم تەنیا دەتوانێ رێفرێنسێک بێت بۆ خودی قوبادی و هیچی تر.

بەڵام لەم خاڵە لاوازیانە کە گەڕێن دەگەینە خاڵە بەهێزەکانی فیلمی وەرزی کەرگەدەن کە وای لێدەکەن ببێتە  فیلمێکی سەرکەوتوو.

گرینگترین خاڵی بەهێزی ئەم فیلمە هەڵبژاردنی تێم یان بەکگراوندێکی نەگۆڕ بۆ فیلمەکەیە کە وەک مۆسیقای فیلم، هارمۆنی و یەکدەست بوونێک بە فیلمەکە دەدات و لە هەمان کاتدا هەڵگری چەندین مانای جیاوازە، ئەو شتەی کە قوبادی وەکوو بەکگراوندی گشتی و نەگۆڕی ئەم فیلمە کەڵکی لێ وەردەگرێ «ئاوه» . ئاو لەم فیلمەدا بە راستی مۆسیقای دەقە و رۆڵێکی زۆر گرینگ لە بیچم گرتنی فیلم و هێما خولقێنیەکانی دەرهێنەردا دەگێڕێ و ئیهام و چەندمانایەکی هونەری و جوان دەخولقێنێ.

فیلمەکە بە دەنگی ئاو دەست پێدەکات و دواتر دەبینین کە پیاوێکی پیر(واتە شاعێر) دەشۆن، هەر لەو یەکەم گرتەوە تا کۆتایی، «ئاو» بوونێکی ئەکتیڤ و گرینگی لە فیلمەکەدا هەیە. لە هەمووی گرتەکانی ئەشکەنجەدا هەمیشە دەنگی ئاو هەیە یان خود لەشی تەڕی شاعێر وەبەرچاو دەکەوێت.

دەرهێنەر بێ گومان بە ئاگاهیەوە ئەو هێماسازیەی بەکار هێناوە ، بەڵام نازانم کە ئایا لە سەر رۆڵی حەقیقی و دووقاتی ئاویش لە باوەڕی کۆنی خەڵکی ناوەچەکە ، ئاگادار بووە یان نا.

ئاو لەم فیلمەدا بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە باوە نەک ژیان بەخش و خاوێن کەرەوە بەڵکوو هێمای مەرگ و نەمانە و سەرنج راکێش ئەوەیە کە لە باوەڕی کۆن و ئوستوورەیی خەڵکی ناوچەدا ئاو لە هەمان کاتدا کە هێمای ژیان و چاکسازی و ژیانەوەیە، هێمای وێرانی و خراپی و مەرگ و نەمانیشە و قوبادی لەم فیلمەدا لە مانای دووهەمدا بەکاری هێناوە.  پێموانیە ئەم بەکار هێنانە بە وەبەرچاوگرتنی بەکگراوندی ئوستوورەیی بوو بێت چونکوو فیلمەکە بە دوای مەبەستێکی وادا نیە، بەڵکوو دەرهێنەر دەیهەوێ بڵێ ئاو ژیانە بەڵام لێرەدا ژیان خودی مەرگە. ئاو لەم فیلمەدا هێمای نەگۆڕی مەرگ و ئەشکەنجە و پیسیە، هێمای ژیانێک کە هاوتەریبی مەرگە. جگە لە دەنگی ئاو لە ئەشکەنجەدا کە تێمێکی نەگۆڕە لەم شوێنانەشدا ئەو هێماسازیە بە شێوەی زەق و بەرچاو دەبینین:

١- کاتێک ساحل لە ئستانبۆل لە گەڵ ئەو کەسانە کە بۆ دۆزینەوەی هاوسەرەکەی یارمەتییان داوە قسە دەکات و لە هەمان کاتدا  کەسێک زالوو لە ناو ئاو دەردەهێنێت و لە سەر پشتیان دایدەنێ کە خوێنی پیسیان بمژێ، لێرەدا بابەتی باسەکەیان دوژمنەکەی ساحلە کە وێنەکەی نیشانی دەدەن و پێی دەڵێن کە هاوسەرەکەی دوو منداڵی هەیە، ساحل ئەو کەسە ناناسێت بەڵام رێفرێنسێکە بۆ ئەوەی کە لەوانەیە ئەو باوکی منداڵەکان بێت، ساحل وێنەی کابرا دەخاتە ناو ئاوی زالووەکان و بەو شێوە هەم هاوچەشنیەکی ناراستەوخۆ لە نێوان زالوو و دوژمنەکەدا دەخولقێ و هەم ئاو دەبێتە شوێنی ناپاکی و پیسی

٢- موعاشیقە و جووت بوونی ژن و پیاوێک لە ژێر ئاودا کە ژنەکە وەبیر هێنەرەوەی هاوسەری ساحلە، ئەو گرتەیە پاش ئەوەی کە ساحل لە هاوسەرەکەی دەکەوێتە گومان و وادەزانێ کە خەریکی لەشفرۆشیە نیشان دەدرێ، لێرەشدا ئاو بەستێنێکە بۆ جووت بوونێکی پیس و نارەوا، لە شوێنی دیکەش دا لە کاتی لێپرسینەوەدا لێکۆڵەر کە هەمان ئەکبەرە بە ساحل دەڵێ کە ئایا لە ژێر ئاویشدا لە گەڵ ژنەکەی جووت بووە؟ واتە دەروونێکی پیس ئاماژە بە هێمایەک دەکات کە لە فیلمەکەدا باشقەی پیسی و مەرگە

٣- لە ئستانبول دا ساحل بەردەوام بەرانبەر بە دەریا دەوەستێت و چاو لە دەریا دەکات، یان دەتوانین بڵێین چاو لە مەرگ دەکات، جارێکیان ئۆتۆمبیلەکەی خەریکە لە ئاو بکەوێت واتە لە باری دەروونیەوە تا لێواری مردن دەڕوات (ئەوەش هەر پاش خەیاڵی لەشفرۆشی هاوسەرەکەیە) ، سیگارەکەی لە ئاودا دەکوژێنێتەوە، ماڵی هاوسەرەکەی لە شوێنێکی زۆر نزیک لە دەریایە، هەموو رووداوەکان لە نزیکی ئاودا روودەدەن، لە زۆربەی دیمەنەکاندا باران دەبارێت یان زەوی تەڕە، لە ئاکامیشدا مردن هەر لە ئاودایە و ساحل خۆی و دوژمنەکەی دەباتە ژێر ئاو، ئەو ئاوەی کە هەموو ژیانی ئەوی گرتبوو، لاشەی کەرگەدەنێک کە خودی شاعێرە لە ناو ئاودا دەکەوێتە بەرچاوی و مەرگ لە ئاکامدا وەکوو دوا رێگا خۆی نیشان دەدات. دواهەمین گرتە کە پاش مەرگی شاعێر نیشان دەدات بە پێچەوانەی هەموو فیلمەکە کۆتایی بە بوونی ئاو هاتوەو شاعێر لە بیابانێکی بەرین و ئاو نەدیودا وەرێ دەکەوێ و لە ژیانی پڕ لە مەرگی خۆی رزگاری دەبێ. نیشاندانی ژیانی پاش مەرگ بووە بە کلیشەیەکی بێ تام لە سینمادا، لەم فیلمەدا تەنیا شتێک کە ئەو گرتە کۆتاییە پاساودەداتەوە و تەنانەت دەیکات بە بەشێکی پێویست، هەمان تەواو کردنی هێما خولقێنیەکە و رێنوێنی کردنی بینەر بۆ تێگەییشتن لە رۆڵی ئاو لەم فیلمەدا .

٤- هەڵبژاردنی ناوی ساحل بۆ کارەکتەری یەکەم لە خۆیدا جێگای پرسیارە و تەنیا لە پێوەندی لە گەڵ هێمای ئاودایە کە مانا دەکرێتەوە، ساحل نە ناوێکی کوردیە و نە پیاوانەیە، هەر بۆیە ئەو هەڵبژاردنە بە ئەنقەستەو رێفرێنسێکە بۆ هەمان هێما سازی. ساحل  کە ناوێکی کچانەی فارسیە واتە کەناری دەریا، نزدیکترین شوێن لە دەریا، شوێنێک کە شەپۆلی ئاو بەردەوام دای دەپۆشێت، کاتێک کە ئاو دەبێتە هێمای مەرگ، ساحل واتە نزیک ترین شوێن لە مەرگ، واتە شاهیدی هەمیشەیی مەرگ، ئەو کەسەی شەپۆلی مەرگ هەمیشە لە سەر سەری دایە و بوونی گرێدراوی مەرگە.

بێ گومان ئەم هێماسازیە جوان و چەند رەهەندیە یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم فیلمەیە کە بێ ئەوەی زۆر زەق بێتەوەو بداتە ناو چاوی بینەردا، زۆر بە جوانێ هەیمەنەو بوونی هەمیشەیی مەرگ لە ژیانی شاعێردا وێنا دەکات، تەنانەت کاتێکیش کە وردە هیوایەک لە زیندان دا بۆ شاعێر دروست دەبێ باران لە سێحرێکی سینمایی دا دەگۆڕێت ولە جیاتی ئاو کیسەڵ دەبارێ، واتە باران کە لە حاڵی ئاساییدا وەکوو هێمای ئومێد و هیوا دەناسرێت لێرەدا کاتێ دەتوانێ هیوابزوێن بێت کە شتێکی دیکە ببارێنێت، چونکوو ئاو بۆخۆی لەم بەرهەمەدا هێمایەکی نگەتیڤە. شاعێر دەستی درێژ دەکاتەوەو کیسەڵێک دەگرێ، سەروبنی دەکات و هەناسەی خۆی رادەگرێت، کیسەڵ هەڵدەگەڕێتەوەو ئەویش هەناسەی بەردەدات، کایەیەک بۆ ئەوەی بزانێ دەمێنێت و رزگاری دەبێ یان لە زینداندا دەمرێ. کیسەڵ دەڵێ دەمێنێت و لەوێ نامرێ. ئەوە تەنیا رەنگدانەوەی بێ هێزی هیوا لەم فیلمەدایە کە کیسەڵ دەبێتە هێمای.

لە لایەکی دیکەوە دەتوانین بڵێن ئەگەری وەدی هاتنی ئاواتەکانی شاعێر و گەیشتنی بە هیواکانی تا رادەی ئەگەری بارینی کیسەڵ لە ئاسمانەوە دوور و نامومکینە، ئەو تەنیا لە دنیایەکی فانتزی و سورئالیستی دا دەتوانێ لە هەیمەنەو زاڵ بوونی مەرگ (ئاو و باران) رزگاری بێت، لە دنیای واقع دا ناوی ساحلەو هەمیشە لە بەرانبەر دەریایەکی بەریندایە کە بە بەرینایی مەرگە و هەموو ژیانی ئەوی تێکەڵی شەپۆلی ئەشکەنجە و ئازار کردوە.

جگە لە هێماسازی و کایەی هونەری سەرکەوتوو لە گەڵ ئاو، تایبەتمەندیەکی دیکە کە دیسان بۆ خولقاندی هەمان فەزای زاڵی مەرگ بەکار هاتوە، کەم دیالۆگ بوونی فیلمەکەیە، فیلمەکە باسی ژیانی مردوویەک دەکات، کە ساڵەهای ساڵە مردوە، ٣٠ ساڵ لە دەرەوەی ژیان بووەو تەنانەت گۆڕیشی بۆ دروست کراوە، کەسێکی وا بێ گومان توانایەکی بۆ قسە کردن نیە، دواهەمین بەرهەمی شێعریشی کە لە فیلمەکەدا رووبەرگەکەی دەبینین ناوی «دواهەمین شێعری کەرگەدەن»ە واتە هەر لەوێوە دەردەکەوێ کە پاش ئەو بەرهەمە شاعێر دەمرێت و هەموو داستانەکە گێڕانەوەی مەرگێکی بێ دەنگە، کەم دیالۆگ بوونی فیلمەکەش بۆخۆی نیشانەیەکی دیکە لە زاڵ بوونی مەرگە، کە هەستی شاعێر زۆر بە باشی بۆ بینەر دەگوازێتەوە. فیکر و خەیاڵەکانی شاعێر تەنیا لە رێگای شێعرەکانەوە دەردەکەوێت کە لە زاری ژنێکەوە بە بێ کەمترین هەستێک دەخوێنرێتەوە. ئەو بێدەنگیە دەتوانێ ئاماژەیەکیش بە مەرگی هونەری بێهروزی وسوقی بێت، چونکوو بەهمەنی قوبادی لە هەموو وتوووێژەکانی خۆیدا باسی کردوە کە ئەم فیلمەی بۆ بێهروز دروست کردوە، کەسێک کە گەورەترین ئەکتەری سینمای ئێران بوو و پاش کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە جێهێشت و لە بێدەنگیەکی خنکێنەردا ژیا، بێدەنگیەک کە دەرخەری مەرگێکی هێور بوو، هاوچەشنی کارەکتەری ساحل و بێهروز لە سی ساڵ بێدەنگی و مەرگدایە، لە زیندان بێت یان لە تاراوگە، کاتێک هونەرمەند لە کاری خۆی دابڕا ئەوە سەرەتای مردنیەتی.

بێدەنگی زاڵ لەم فیلمەدا، بێدەنگی زیندانیەک و شاعێرێک و ئەکتەرێکی گەورەی سینمایە کە پاش سی ساڵ هێزی قسە کردنی نەماوە و لەو پەڕی مەرگەوە هاتوە، چەند چرکەیەک لە بەرانبەر ژیاندا وەستاوە و بەڵام بێ ئەوەی زیندوو ببێتەوە دیسان گەڕاوەتەوە بۆ قووڵایی مەرگ. کایەی جوان و سەرنج راکێشی بێهروز بە راستی تەواو کەری ئەو مانایەیە کە مەبەستی دەرهێنەر بووە. لە باسی چۆنیەتی کاری ئەکتەرەکاندا پێویستە کە ئاماژە بە کایەی باش و سەرکەوتووانەی یەڵماز ئەردۆغان (ئەکتەری رۆڵی ئەکبەر) بکرێت کە  بوونی ئەو و کایەی بەهێزی ئەوخاڵێکی بەهێزی دیکەی وەرزی کەرگەدەن بوو

هێمایەکی دیکە کە دیسان سەرنج راکێشە، هاتنە ژوورەوەی سەری ئەسپێک لە شیشەی ئوتومبیلەکەی شاعێرە، ئەو  هێما پاش لە جووت بوونی نەخوازراوی شاعێر لە گەڵ کچی هاوسەرەکەی روودەدات و بە وەبەرچاو گرتنی ئەسپ لە هێماناسی دەروونناسانەدا مانا دەکرێتەوە، لە دەروونناسی هونەردا ئەسپ زۆربەی کات وەکوو هێمای هێزی نێرینە بەکار دەچێت، هەرچەند ئەوە شتێکی نەگۆڕ نیە بەڵام لە هونەری رەسم کێشی دا ئەو هێماسازیە بەکار دەچێت. لێرەشدا پێداگریەکە لە سەر ئەو شتە کە لە نێوان شاعێر و کچەکەدا روویداوە و دیارە سەرسوڕمانی خودی شاعێر و بینەریشی بەدواوەیە  کە چۆن پاش ئەو هەموو مردنە هێشتا هێزی سێکسی تیا ماوە.

فیلمی وەرزی کەرگەدەن زۆر بە باشی توانیویە چییەتی راستەقینەی مەرگ، دەربخات بە بێ ئەوەی تووشی دروشم دان بێت. خوێندنەوەیەکی هونەری و قووڵە بۆ ماناکانی مەرگ و مەرگی هونەرمەند کە بە کەرەستەی سینما و کەڵوەرگرتن لە هێما و وێنەکان و بە کەمترین قسە و دیالۆگ کەوتووەتە بەر چاوی بینەر، هەموو رووداوەکانی فیلمەکە لە وەرزی سەرمادا روودەدات، هیچکات بەهار و هاوین نییە ، هەموو شتێک لە زستاندا روودەدات کە وەرزی مەرگی سرووشتە. هەر بۆیە وەرزی کەرگەدەن وەرزی مەرگ و لەناوچوونە

فیلمی وەرزی کەرگەدەن لە بارەی مەرگەوە نادوێت و فەلسەفەی و چیرۆکی بۆ ناتاشێت بەڵکوو خودی مەرگ نمایش دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە هێماکان (چ ئەوانەی ناسراوترن و چ ئەوانەی دەرهێنانی خودی قوبادین) بە باشترین شێوە کەڵک وەردەگرێت و لە ئاکامدا یەکێک لە تەماوی ترین و نەناسراوترین حەقیقەتەکانی دنیا لە بەردەم بینەردا دادەنێت و ناچاری دەکات لە گەڵی بەرەورووبێت، بەرەورووبوونێک کە دیارە خۆش نیە، فیلمی وەرزی کەرگەدەن هەستێکی ناخۆش و تەماوی لە بەشێکی زۆر لە بینەرانیدا درووست دەکات کە بەڕای من هۆکاری ئەو هەستە ناخۆشە نەک لاوازی فیلمی قوبادی بەڵکوو رووبەرووبوونەوەی نەستی بینەر لە گەڵ تاڵترین مانای بوون واتە مردنە کە دەروونی مرۆڤ هەمیشە لێی بێزارە.

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.