Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

میوان …

Kategori: Ukategorisert | 0 kommentarer » - Skrevet søndag 22. februar , 2015 kl. 23:47

 

 

queen-war-white-horse-winter-suffering-sodier-snow-painting

دیسان لەو دیو پەنجەرەکەیە…

لە ئێوارەوە لەوێیە و لە بەینی درزی پەردەکەوە هەوڵ ئەدات بزانێ خەریکی چیم. رووبەرگی کتێبەکە جۆرێ ئەگرم کە نەیبینێ
بزەیەک ئەکات و بە ئارامی ئێژێ :»یانێ چی ؟! »
ئەو نە تەنیا رووبەرگی کتێبەکە کە دانە بە دانەی وشەکانیشی ئەبینێ، هەرچۆن من بە بێ ئەوەی تماشای ئەو بکەم بزەکەی ئەبینم و گاڵتە پێکردنە ئارامەکەی ئەبیسم…
هەر کات دێت سەرەتا بە دەور ماڵەکەدا ئەسووڕێتەوە، لەهەموو پەنجەرەکانەوە چاو ئەگێڕێ… وەک تارمایەکی کپ هەموو شوێنێک داگیر ئەکات… فیلتەرێکی تایبەت ئەخاتە سەر دەنگەکان ، وا ئەکات دەنگی لەرینەوەی گەڵاکان لە پەنا گوێما بێت ، دەنگی با کە بە ئەسپایی خۆی بە دیوارەکەدا ئەکێشێ ئەکات بە نووزەی مناڵێکی برسی کە هێزی گریانی نەماوە . هەر کاتیش باران بێت… ئاخ باران…
هەرکات باران بێت دانە دانەی دڵۆپەکان کۆ ئەکاتەوە و ئەیتکێنێتە ناو گوێم…
هەر لەو کاتانەشە کە ئیتر لە سووڕانەوە بە دەوری ماڵەکەدا واز دێنێ و دێتە ژوورەوە…
بەڵام ئەمشەو خۆ باران نیە! …
فاتمە وتی خەتای با و باران نیە تۆ هەر بۆ خۆت مەجنونی!

ئەزانێ هیچ ناخوێنم… ئەزانێ کتێبەکەم بە دەستەوەیە کە نەیبینم… کە خیاڵ بکەم نامبینێ…
دەنگی هێمن تر ئەکاتەوە، ئێستا وەکوو چرپەیەکی نزمە کە لە قووڵایی نوورێکەوە بێت. نازانم بەو هەموو تاریکیەوە بۆ پێی ئەڵێن نوور! ئەوانەی کوێستانی شاهۆ ئێژم … قووڵن و بنیام بە خۆی نازانێ و تێی ئەکەوێ…
نا… بە خۆی نازانێ، گەر بزانێ خۆ تێی ناکەوێ!
مەعقوول نیە بزانی و تێیشی بکەوی!
لە هەر شوێنێک ئەتوانن ببن تەنانەت لە بەرزایی لووتکەکاندا!
کێ باوەڕ ئەکات؟!
هێندێکیان ئەگەنە ناوەندی زەوی! هێندێکیشیان ئەگەنە دنیایەکی تر لە ژێر زەوی!
هەرکێ بۆ شاهۆ چوو بێ ئەزانێ وایە…
هێندێ کەس بۆ هەمیشە نوقم ئەبن، هێندێکیش دێنەوە و یان ئەیانهێننەوە…
هەر بەو چرپە هەرە نزمە کە ئێستا مێهەرەبانتر بووە ئێژێ:»…خۆت هەمیشە گەرەکت بوو بزانی لەو ناوەندی زەویە چ باسە!»
دیسان گوێی لێم بووە…
نازانم کەی هاتوەتە ژوورەوە ، لە هاسانەی دەرگاکە بە مشتە ئاگرەکەیەوە راوەستاوە، بە ئیشارە داوا ئەکات رێگای بدەم.
پێکەنینم دێ ، خۆیشی بزەیەک ئەکات، هەردووکمان ئەزانین ئەو ئیزن وەر گرتنە چەند فۆرمالیتەیە!
قژە درێژە سپیەکانی بە لایەکدا شۆڕ ئەکاتەوە و ئارام بەرانبەرم دائەنیشێ. هەناسەیەک هەڵئەکێشێ و بە خەمێکی قووڵی هێمنەوە ئێژێ:» ئەزانی… هەر هیچ نەبێ فێر ئەبی … خەڵک هەروا لە کوت و پڕ ئەمرن بە بێ ئەوەی پێشتر بزانن چیەو چۆنە!… مردنیش فێر بوونی گەرەک.»
چاو لە دەستی ئەکەم… ناسک و سپی ، بە پێچەوانەی پرچ و چاوی هیچ پیر نەبوە… دەستی کچێکی تەمەن چواردە ساڵە، بە ئەو قامکە باریکگەلە کە هیچیان نەکردوە، جگە  لە هەڵگرتنی ئەو ئاگرە نەبێ!

دەنگی هێمن هێمن بەرەو قووڵایی تاریکی نوورەکە ئەمبات
خەریکە شتێک ئەخوێنێ لە جۆری دۆعا یان شێعر …
فاتمە راست ئەکات خەتای با و باران نیە….
چاوم بەدوای ئەو دیوی تاریکی نوورەکەدا ئەگەڕێ
……
بۆنی سووتانی پارچە گۆشتێک ماڵەکە پڕ ئەکات…

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.