Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

مێژوویەک بەستراوەیى و شوناسیى سەربەخۆ

barg_sherzadHassan_zhnek_182412416

تاوتوێی دەروونناسانەی چیرۆکی ژنێک بە سەر منارەوە، نوسینی شێرزاد حەسەن

پێشەکی

دۆڕان لە ژیانی هەرکەسێکدا هەیە، هەندێ کەس دۆڕانەکانیان وەکوو ئەزمون دەبینن و هێندێ کەسیش هەن کە دۆڕان دەبێتە فەوتان و رووخانیان، چیرۆکی ژنێک بە سەر منارەوە چیرۆکی دۆڕان و فەوتانی ژنێکی کوردە. دەڵێم کورد چونکو ئەو تایبەتمەندییەی جیاوازی دەداتە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە دەسکردی کۆمەڵگای کوردییە. بە واتایەکی دیکە بنەمای چیرۆکەکە هێنانە بەرباسی ستەمی کۆمەڵایەتی بەرانبەر بە ژنانە کە لە دنیای ئەمڕۆش دا و تەنانەت وێڕای هەموو یاساکانی بەرگری لە ژن لە هەرێمی کوردستاندا هەر ماوەو بوەتە هەوێنی چیرۆکێک وەکوو ئەم چیرۆکەی شێرزاد حەسەن.

ورد بوونەوە لە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە زۆر تایبەتمەندی ژنی کوردستانمان بۆ دەردەخات، ژنە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە ئەگەرچی ژنێکی خوێندەوارو هونەرمەندە بەڵام هەر گیرۆدەی هەمان ستەمە کە دایک و داپیری گیرۆدەی بوون.

شی کردنەوەی بیر و فکری شادی بەشێکی زۆر لە فیکرییەت‏و عەقڵییەتی ژنی تەنانەت خوێندەواری ئەم سەردەمەی کوردستانمان بۆ دەردەخات. بۆ ئەو مەبەستە لە روانگەی دەروونناسییەوە دەروانینە قسەکان‏و خەون‏و خەیاڵەکان‏و کردەوەکانی  پاڵەوانی ئەم چیرۆکە.

لەم لێکۆڵینەوەدا هاوکات لە گەڵ شیکاری کەسایەتی پاڵەوانی یەکەم چۆنییەتی کەڵک وەرگرتنی نووسەر لە هێماکان‏و ئامرازەکان بۆ خولقاندنی چیرۆکێکی دەروونناسانە دەخەمە بەر باس.

سەرەتا دەبێ باسێکی کورت سەبارەت بەو چەمکە دەروونناسیانەی کە بۆ ئەم وتارە کەڵکیان لە وەرگیراوە، پێشکەش بە خوێنەری بەرێز بکەم و پاشان دەرۆمە سەر شیکاری چیرۆکەکە:

روانگەی زاڵ بە سەر شیکاری دەروونناسانەی هونەر تا ئەم دواییانە ئەو روانگەیە بوو کە پاڵی دابوو بە فرۆیدیسم و روانگەی بەناوبانگی بنەواشەی چێژ  pleasure principle ئەو روانگەیە هەموو دیاردەکان لە چوارچێوەی گرێی سەرچاوەگرتوو لە سەرکوتی وارسکە تاوتوێ دەکات‏و بنەما سەرەکییەکەی گرێی ئۆدیپە. بەڵام دەروونناسی دوای فرۆید گۆڕانی زۆری بەسەرداهات، قوتابییەکانی فرۆید هەرکامیان بوونە نوێنەری رێبازێکی جیاواز، «یونگ» باسی نەستی بە کۆمەڵی هێنایە پێش و «لاکان» سەرنجی تایبەتی خستە سەر بیاڤی ‌هێماناسی و پێوەندی پێکهاتەی رەوان لە گەڵ زماندا.  کچەکەی فرۆیدیش خۆی بوو بە دامەزرێنەری رێبازێکی نوێ کە بە ناوی بیردۆزی پیوەندی لە گەڵ بەرناس object relation theory دەناسرێ. ئەم رێبازە کە دەسکەوتی تێکۆشانی ئانا فرۆید و مێلانی کلاین بوو تەرکیزی لە سەر پێوەندی نێوان دایک و کۆرپەکەی بوو.

  لەم بیردۆزەدا (کە بەشێکی زۆر لە بنەمای ئەم لێکۆڵینەوەش لە سەر ئەو بنەمایەدایە ) چۆنییەتی پێوەندی نێوان مرۆڤ‏و بەرناس، بە تایبەت یەکەمین بەرناس کە دایکە باس دەکرێت. لە بیردۆزی بنەواشەی چێژدا گرێی سەرەکی دەگەرایەوە بۆ قۆناغی ئۆدیپی و یەکەم رکەبەرایەتییەکانی منداڵ لە گەڵ دایک یان باوکی (کوڕ لە گەڵ باوک و کچ لە گەڵ دایک) بەڵام بیردۆزی پێوەندی لە گەڵ بەرناس کێشە دەروونییەکان دەگەرێنێتەوە بۆ قۆناغی پێش ئۆدیپی pre-oedipal و پێوەندی لە گەڵ بەرناس object ، بەستراوەیی attachment بە دایک، جیابوونەوەو لە دەست دان، مەترسی مەرگ، پێداویستی زاری و بەستراوەیی (مەبەست لە پێداویستی زاری وارسکەی مژینە)، توندوتیژی و پێکهاتەی کەسایەتی کۆرپە infantile . ئەو دەروونناسییە کە پشتبەستوو بەم بیردۆزەیە بە دەروونناسی من ego دەناسرێ و لە بەرانبەر دەروونناسی ئەو id کە پاڵیداوەتەوە بە مەسەلەی ئۆدیپ و بنەواشەی چێژ.

پێوەندی منداڵ لە گەڵ ئوبژە(دایک)دا سێ قۆناغی هەیە یەکەم لەخۆدا بوون (autistic phase) لەم قۆناغەدا منداڵ ناتوانێ پێوەندییەک لە گەڵ دایکدا پێک بێنێ. قۆناغی دووهەم هاوژیانی (symbiosis) ئەم پێوەندییە پێوەندییەکە کە بە سوودی هەردولایەنە واتە هەم منداڵ پێداویستییەکانی خۆی لە رێگای دایکەوە دابین دەکات و هەم دایک مەیلی دایکانەی خۆی لە رێگای منداڵەوە دادەمرکێنێ، قۆناغی سێهەم دابڕان-تاک بونە (separation- individuation) لەم قۆنا‌غەدا بەو رادە لە گەشە دەگات کە دەتوانێت لە نێوان خۆی و دایکیدا  جیاوازی بنێت و وردە وردە سنوورەکانی «من»ی خۆی لە سنوورەکانی دایکی جیاکاتەوە. منداڵ لەم قۆناغەدا دەتوانێ لە دایکی جیا بێتەوەو بەشەکانی دیکەی کەتواری دنیای دەورووبەری خۆی بناسێت و لە بەستراوەی خۆی بە دایک کەم کاتەوە. ئەم جیابوونەوە و بە تاک بوونە قۆناغێکی هەستیارەو ئەگەر بە درووستی روونەدات دەبێتە بنەمایەک بۆ کێشە دەروونییەکانی تاک لە داهاتوودا. منداڵێک کە قۆناغی دابڕان- تاکبوونەوەی بە درووستی تێنەپەڕاندوە، سەرچاوە دەروونییەکانی خۆی ناناسێت و ناتوانێ کەڵکیان لێ وەربگرێت بۆیە بەستراو دەمێنێتەوە.

ئەم بەستراوەییە لە گەورەساڵیدا خۆی بەو شێوە دەرردەخات کە تاک هەم دەیهەوێ پێداویستییە بەستراوەییەکانی خۆی (dependency need)لە پێوەندی لە گەڵ ئوبژەدا دابین بکات و لە هەمان کاتیشدا ئەو پێداویستیگەلە ئینکار دەکات و نیسبەت بە پێوەندییەکە تووڕەیە. «من» ێک کە پێوەندیەکی تێکەڵ بە ترس و نیازی لە گەڵ ئوبژەکەیدا هەیە کەسایەتیەکی مەجبوورە (amankastic personality) و هەست بە بێ توانایی و نائەمنی و یەخسیر بوون دەکات، بێزاری خۆی بەرانبەر بە ئەو ئۆبژەیە کە بەستراویەتی دەردەبڕێ و تەنیا ئاواتی دەبێتە رزگار بوون لە بەند و قەفەز و زنجیر، لە نیهایەتیشدا دژ بەو قەفەزە کە تێیدایە رادەپەڕێ، ئەم راپەڕینە ناواخنی خەیاڵ و خەونەکانی تاکی مەجبورو پاسیڤە، لە ناو بردنی ئۆبژەو رزگاربوون لە دەستی ئەو دەبێتە خولیای تاک. هەزاران جار و بە هەزاران شێوە لە دنیای خەیاڵدا خۆی دەرباز دەکات، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە قۆناغی بە تاک بوونی تێنەپەراندوەو کەسایەتیەکی سەربەخۆی نییە هەموو هەوڵەکانی بۆ رزگاری، لە ئاستی خەیاڵ تێناپەڕێ و شیوەیەکی شاراوەی هەیە کە زیاتر لە یاری منداڵان دەچێت و دیسان دەگەرێتەوە سەر شوێنی خۆی. رەنگە رۆژێکیش ورە بداتە خۆی و بە راستی راپەڕێ بەڵام رزگار بوون لە قەفەز بە مانای دەرباز بوون نییە چوونکو قەفەزە راستەقینەکە کە بەستراوبوونە، لە دەروونی خۆیدایە. راپەرین لە دژی ئۆبژە،  لە ناو بردنی و پسانی ئەو کۆت و بەندە کە ئۆبژە بە سەریا سەپاندوویەتی، لە ئاکامدا نائەمنی و بێ پەنابوونێکی کوشەندە دەخاتە گیانی تاکی بەستراوە، بە شێوەیەک کە دۆخی دوای راپەرین لە گەڵ ئەوەی پێشدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.

تاکێک کە تووشی قەیرانی بێزاری لە ئۆبژە بووە گوشارێکی دەروونی لە سەرە، گوشارێک کە ئاکامی دووفاقی هەستیارانەیە لە لایەکەوە «ناخ» (id) پێداویستیەکانی لە ئۆبژەدا دەبینێتەوە و لە لایەکی دیکەوە «منی باڵا» (super ego) خوازیاری سەربەخۆیی و چەمکە باڵاکانە. «من» دەبێت بە شێوەیەک لە خۆی بەرگری بکات و پێش بە پارچە پارچە بوونی کەسایەتی تاک بگرێت، دیارە ناتوانێت هیچکام لە لایەنەکان لە ناو ببات چون لە دەروونی خۆیدان، کەوابوو ناچار دەبێت لە شێوەگەلی بەرگری دەروونی بۆ خۆدوورکردنەوە لەو شتەی بەشی ئاگای دەروونی قەبووڵی نییە هەوڵ بدات. بۆ ئەو مەبەستە لە ئامرازگەلی بەرگری دەروونی وەک دیهاوێژی (projection)  و بەرتەکدانەوە (repression)کەڵک وەر دەگرێ.

یەکێک لە سەرەکی ترین ئامرازگەلی بەرگری بەرتەکدانەوە (repression) بەڵام ئەو شتەی بەرتەکدراوەتەوە هەمیشە ئەیهەوێ بگەرێتەوە، ئەم گەرانەوە (return of the repression) هەر لەو رێگایەوە کە بەرتەکدانەوە روویداوەە لە چوارچێوەی خەون و خەیاڵدا دەگەرێتەوە.

تاوتوێ:

چیرۆکی ژنێک بە سەر منارەوە باسی کێشە دەروونیەکانی بێوەژنێکی دۆڕاوە، تاکێکی دابڕاو لە ئۆبژە کە تووشی دووفاق بوونی سۆزداری بووە. فاقێک بێزاری لەو ئۆبژەیە کە بە راوچی ناوی دەبات و فاقێکی دیکە خۆشەویستیەکی رەها بەنیسبەت هەمان ئۆبژە کە لە رێگای مکانیزمی جێگۆرکێوە (displacement)  لە دیمانەی منارەدا خۆ دەنوێنێ. چیرۆکەکە لە دوو بەشدا ئامادە کراوەو داستانی رۆژێک تا ئێوارەیە، رۆژێکی پاییز کە لە بەیانیەوە تا دوانیوەرۆ هەموو بیرەوەرییەکان و گفتووگۆی پاڵەوانی یەکەمی چیرۆکەکە( شادی) لە گەڵ خۆیدایە. دەسپێکردنی چیرۆکەکە بە وەسفی پاییز و دواهەمین گەڵازەردەکانی دارەکان خوێنەر بۆ بەرەورووبوون لە گەڵ وەرزێکی سەخت و کوشەندە ئامادە دەکات. زستان هێمای مەرگ و نەمانەو ئەم پێشەکییە بۆ چوونەناوی چیرۆکێک کە باسی چۆنیەتی فەوتانی مرۆڤێک دەکات پێشەکەیەکی باش و گونجاوە. لەم بەشەدا خوێنەر هەموو شتێکی بۆ دەر دەکەوێ، شادی بۆ خوێنەری رووندەکاتەوە کە چۆن خۆشەویستەکەی دوای ئەوەی کە لەگەڵی جووت بووە و خۆی گوتەنی «بێ بنی کردوە» و بە جێی هێشتوە، ئەمیش مەجبوور بووە شوو بە پیاوێکی بە تەمەن بکات، کۆنە پێشمەرگەیەک کە ئەو عەیبەی بەلاوە گرینگ نەبووەو ئەو نهێنییە گەورەیەی داپۆشیوە. دوای ماوەیەکی کەم مێردەکەی مردوەو شادی کە لە ژیانیدا هیچ شتێکی بۆ خۆشەویستی و پاراستن نەماوە خۆی بە پارێزەر و پاسەوانی منارەیەک دەزانێ کە لە بەرانبەر ماڵەکەیدایە. لەم بەشەی چیرۆکەکەدا خوێنەر هەموو چتێکی بۆ دەردەکەوێ جگە لە چۆنیەتی و هۆکاری رۆیشتنی خۆشەویستەکەی شادی (واتە بەهرام).

 لە بەشی دووهەمی چیرۆکەکەدا کە لە دوانیوەرۆوە هەتا ئێوارەیە، بەهرام کە ماوەیەکە هاتووەتەوە، سەردانی شادی دەکات و خوێنەر تا دواهەمین لاپەرەکانی چیرۆکەکەیش هەر چاوەروانی ئەوەیە بەهرام زاری بکاتەوەو  قسەیەک بکات، بەڵام بەهرام بە بێ ئەوەی کە قسەیەکی ئەوتۆ بکات دەروات و چیرۆکەکە بە رووخانی یەکجاری شادی کۆتایی پێدێت.

بۆ ورد بوونەوە لە ئەو هێماو نیشانەگەلە کە خوێنەر بەرەو ئەو ئاکامە رێنوێنی دەکەن کە ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی دەروونناسانەیە . هێما و نیشانەو دیمانە دووپاتکراوەکان جیا جیا دەخەینە بەر باس.

١- منارە:

منارە لە دوای شادی بەرچاوترین کارەکتەری ئەم چیرۆکەیەو هەموو کێشەکان دەگەرێتەوە بۆ ئەو. منارە لە بنەڕەتدا پەرەستنگایەکی کۆنە کە جێگای پیرۆزی ژن-خوداکان بووە. لە لاپەرەی ١٤ دا ئەو شتە بە روونی باسکراوە کە ئەو منارە شوێنێکی پیرۆز بۆ ژنان بووە و بە دەیان خودای مێی تێدا نیشتەجێ بووە و دوای هێرشی «پیاوە شمشێر بە دەستەکانی بیابان» ئەو منارە تەنیا کەوتوەو خوداکانیشی نەماون. دیارە ئەم منارەیە کە باسی دەکەین مێژووی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی مێ‏وەجاغی.  نەخش و نیگارەکانی منارەکەیش هەموویان پێوەندیان بە مارەوە هەیە کە لە فەرهەنگی ئەو سەردەمەدا بوونەوەرێکی پیرۆز بووەو لە مێژە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر پێوەندی  لە گەڵ ژندا هەیە. لە شوێنێکدا راستەوخۆی باسی ئەو پێوەندییە دەکرێ :  «کەم نین هەقایەتی نێوان ژن و مار» (ل. ١٠٧) باسی مار لە شوێنی خۆیدا دەکەین. بەڵام لێرەدا هەر  ئەوە دەبێ بزانین کە بە لە بەرچاو گرتنی باکگراوندی مەسەلەکە  بە پێچەوانەی باسی فرۆید کە مار و منارە و هێمای لەم چەشنە بە هێمای پیاوانە دەناسێنێ، منارە لێرەداو لە روانگەی ئوستوورەناسییەوە  هێمایەکی بەستراو بە فەرهەنگی ژنانەیە. ئەڵبەت ئەو راستییەش لە بەرچاو ناکەین کە بناماکە هەر ئەوەیە کە فرۆید باسی کردوەو پەرستنگای ژن- خوداکان کە پێوەندییان لە گەڵ زاو زێ هەبووە پڕ بووە لە هێمای ئێرۆتیک و فەرهەنگی سەرەمی مێوەجاغی بە گشتی پێداگری لە سەر پێوەندی سێکسی و زاوزێ کردوە.

منارە لەم چیرۆکەدا لە دوو بیاڤدا هێماسازی بۆکراوە. لایەنی تایبەتی کە پێوەندی بە ژیانی تایبەتی شادیەوە هەیە و لایەنی کۆمەڵایەتی کە لەگەڵ چەند نیشانەی دیکەدا مانایەکی جیاواز بۆ چیرۆکەکە دەخولقێنن. لە لایەنی تایبەتیدا منارە لە رەوتی بێزار بوون لە پیاو، لە رێگای مکانیزمی گۆڕان (conversion)ەوە دەبێتە وێنای ئایدیالی پیاو بۆ شادی. شادی لە قووڵایی دەروونی خۆیدا ئاواتخوازی پیاوێکە کە لە دنیای واقێعدا بوونی نییە. منارە دەبێت بە زایەڵە (reflex) ی ئەو پیاوە خوازراوە. خەونەکانی شادی بەڵگەی ئەم قەسەن.  «لە خەونەکانتدادەتبینی چۆن بۆ تۆ دەنووشێتەوە. لەودیو پەنجەرەکەوە سەرەتاتکێ دەکات و لە شووشەکە دەداو دەرگای باڵکۆنەکە دەکوتێ و لە وێنەی شاسوارێکدا دێتە ناو پێخەفەکەتەوە.» (ل. ٨١) خەون ئاوێنەی باڵانمای ئاواتەکانی ئینسانە. منارە ئایدیالی نێرینەیی بۆ شادییە. نە بەهرامەو نە هۆمەر،بۆ هاتنە ژوورەوە شووشەکە ناشکێنێ (شووشە هێمای کچێنیە لێرەدا). ئەو بیرەوەرییە پڕ ئێش و ئازارو شەرمێونەی یەکەم جووت بوون، لە خەوندا شێواز دەگۆڕێ و شکڵی دڵخواز دەگرێتە خۆ. رواڵەتێکی سەرئاوەژوو، جوان و خوازراو لە سێکس.

 وەبیر هێنانەوەی بەهرام و رووداوی ژێر کەپرەکە، دوابەدوای خەونەکە راستی ئەم هێماخولقێنییە دەسەلمێنێ. ئەوەش کە هەموو پیاوەکانی دنیای واقع لە بەراورد لە گەڵ منارەکەدا بچووکن لە زۆر شوێندا ئاماژەی پێکراوەو نیشاندەری بچووک بوونی پیاوە راستەقینەکان لە بەرانبەر وێنای پیاوە ئایدیالەکەی دەروونی شادییە. خۆشەویستی بەرانبەر بە منارە جوابێکە بەو بەشەی دەروونی شادی کە ناتوانێ بە یەکجاری لە ئۆبژەی خۆی (پیاو) دابڕێت.

لە لایەنی دیکەشەوە کە لایەنی کۆمەڵایەتییە، منارە دەبێتە نوێنەری شۆڕش وبابەتی لەم چەشنە. شادی لە گەڵ هۆمەر دەدوێ و دەڵێ:» تۆ بڕوا دەکەیت ئەو منارەیە ئەوەندە لار بووبێتەوە کە بڕووخێت؟ بە شەرمی پیاوێکەوە کە دڵی نیگەران بێت دان بەوەدا بنێت … وتی تێناگەم ئەم هەرایە چییە لەوەتەی من لەم ماڵە لە دایک بووم و ژیاوم ئەو منارەیە قیت و قۆز وەستاوە.»(ل.٥٨)

هەر بۆیە پاراستنی بۆ هۆمەریش ئەوەندە گرینگە. شادی کە لە ژیانیدا دۆراوەو خۆی بە فەوتاو دەزانێ روولە شتێکی دیکە دەکات. شتێک کە بە قەدەر ژیانی خۆی گرینگەو لە فەوتاندایە. دەیهەوێ ئەگەر نەیتوانیوە ژیان و سەبەرزی خۆی بپارێزێ، دەست بە پاشماوەی ئەو سەربەرزییەوە بگرێت. منارە لێرەدا دەبێتە هێمای خەبات و شۆڕش و هاوتەریب لە گەڵ هۆمەردا وەکوو دواپیاوی شەڕو سەنگەر وردە وردە لاردەبێتەوەو روو لە فەوتان و رووخان دەکات. لەم بەشەی چیرۆکەدا، ئەو ماڵەی کە هۆمەر دەیکات بە ناوی شادییەوە هێمایە بۆ نیشتمان. هۆمەر دوای ناسینی شادی و دوای زاڵ بوونی نەخۆشینەکەی لە ریزی راوچییەکان دێتە دەرێ و ماڵەکە واتە وڵات بە شادی دەسپێرێ. بەڵام نە شادی ئەو توانای هەیە کە بە بێ پشتیوانی پاسەوانە سمێڵ بابڕەکان بیپارێزێ، نە پیاوانی دیکە ئەو شتەیان پێ تەحەمول دەکرێ.

  منارە هێندێک جار لە گەڵ خودی هۆمەر هاوسەنگی دەکات، هەردووکیان لە وێرانی و مەرگ و رووخاندان و هەردووکیان پێشینەیەکی مێژوویی و قارەمانانەیان هەیە. هێمای پیاوە شۆڕشگێڕەکانن، ئەو بەرەی کە لە ناوچووەو هۆمەر دواهەمینیانە و لە ئەوپەڕی لاوازی و هەژاریدا دەمرێ. شادی ئەو سەربەرزییەی خۆش دەوێ کە لە منارەکەداو هەروەها لە هۆمەردایە، » ئێستا هەست دەکات درۆی لاربوونەوی منارەکە و رووخانی، بیانوویەکی ئەو پیاوە گرگن و هەمیشە کڕنۆشبەرانەیە کە رقیان لە وەستان و سەربڵندییە.» (ل. ٢١٥) شادی لە پیاوەکرنۆشبەرەکانی دنیای دەرەوە بێزارەو ئەو سەربەرزییە دڵخوازەی خۆی لە منارەکەدا دەبینێتەوە. ئەم خۆشەویستیەی شادی تامەزرۆ بوونە بۆ پیاوێک کە وەک منارەکە سەربڵند بێت.

باڵندە:

لە سەرانسەری ئەم چیرۆکەدا باڵندە سەمبولی شادی و بە شێوەیەکی گشتگیرتر سەمبولی ژنە، کە هەمیشە نێچیری راوچییەکان واتە پیاوەکانە. یەکەمجار ئەم وێنە لەوێدا دەبینین کە شادی کاتێ لە گەڵ خوشکە بچووکەکەی دەڕواتە نێو کەپرەکەوە لە گەڵ لاشەی ئەو باڵندەیە کە هۆمەر کوشتوویەتی بەرەوڕوو دەبێ. (ل. ٣٢)

ئەم مووتیڤە (یەکسانی شادی و باڵندە) لە لاپەرەی ٣٣دا بە روونی ئاماژەی پێدەکرێت.

 «کۆتر کوشتن و ژن کوشتن وەک یەک ئاسان بووە.»(ل. ٦٠)

» تۆ دە جاران خۆت وەکوو ئەو کوکوختیە کوژراوە دەبینی کە خوێنی هەردووکتان لە ژێر ئەو کەپرەدا تکان» (ل.٥٠)

کوکوختی خودی شادییە کە بۆتە قوربانیی بەهرام. شادی و باڵندە هەردووکیان سەمبولی ژنن و بەهرام و پیاوە راوچییەکان نوێنەری پیاو بە گشتی.

باڵندە لە چەند شوێندا سەمبولی ژن بوونە. ئەو باڵندەگەلەش کە بە دەور منارەکەدا دەخولێنەوە و باڵاگەردانی دەبن  هەر ئەو ژنانەن کە باڵاگەردانی پیاوە راوچییەکان دەبن

«لەو کۆترە شینە کێوییانە رادەمایت و کەیفساز دەبویت کە بە دەوری منارەکەدا هەڵدەفڕین» (ل.٥١)

 ئەمانە ئەو ژنانەن کە خۆشیان لە ستەمی پیاوەکاندا بەشداری دەکەن. شادی ئەگەرچی لە راوچییەکان بێزارە بەڵام لە ناخەوە خۆزگە بەو ژنانە دەخوازێت کە خۆیان لەو کولتوورەدا ناسیوەتەوەو شادن، بۆیە بە بینینی ئەو باڵندانەی کە منارەکە دەپەرستن کەیفساز دەبێت. لە راستیدا شادیش لە ناخەوە خۆی یەکێکە هەر لەو ژنانە کە گیرۆدەی هەمان کولتوورەو لە فەوتانی خۆیدا بەشدارە. تەنیا شتێک کە بۆتە هۆی بێزاریی شادی لە راوچییەکان ئەو رووداوەیە کە خۆی گوتەنی تێیدا کچێنییەکەی دۆڕاندووە. ئەگەرچی بۆ خۆی رابردوویەک دەخولقێنێ کە تێیدا هەمیشە لە راو بێزار بووەو ئەیهەوێ خۆی وەکوو ژنێکی کراوەو ئازادو ئاڵاهەڵگری دژایەتی لە گەڵ راوچییەکان بناسێنێ بەڵام دەردی شادی ئەوە نییە کە بۆچی بێ بن بوون تاوانە، بەڵکوو ئەوەیە کە بۆچی خۆی بێ بن بووە؟! بۆچی خاڵۆزاکەی وای لێکردوو رۆشت؟ شادیش خۆی بە شێوەیەکی دیکە لە هەمان راودا بەشدارە کە لێی بێزارەو لە واقێعدا ئەویش وەکوو ژنانی دیکەی وڵاتەکەی درێژەدەری ئەو ستەمەیە، بۆیە خەونی باڵندە کوژراوەکان بەری نادات. لە شوێنێکدا ئەو شتە بە روونی دەردەکەوێت:

» هەر لەو رۆژەوە کە هۆمەر کوکوختییەکەی کوشت و خۆت ناشتت خەونی جڕناو فڕنا دەبینیت. خەونێکەو دووبارەو دەبارە دەبێتەوە» (ل. ٥٢)  ئەگەر راوچییەکان بە درێژایی مێژوو جەستەو هەست و بوونی ژنیان داوەتە بەر گوللە، شادی خۆی یەکێک لەوانەیە کە ئەو جەستەیەی ناشتوە. بێ‏توانا بوون لە هەستان و پشت بە خۆ بەستنەوە، دوای ئەو رووداوەی ژێر کەپرەکەو بە گشتی دۆڕانی هەمووشتێکیش،  نیشانەی ئەو جۆرە بینینەیە.

شادی سەرەڕای بێزاری لە راو و راوچی (واتە ستەمی پیاوانە) بەردەوام چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەوان کارێکی بۆ بکەن.

» هەر تاوێک و لە ناو لەپی یەکێکیاندا دەمردیت. جار هەبوو تیماریان دەکردیت… زیندوو دەبوویتەوەو لە قەفەزیان دەنایت. بەڵام هەرگیز ئازاد و بەرەڵڵا نەدەکرایت» (ل.٥٢-٥٣)

لە روانگەی شادییەوە هەموو شتێک بە تەواوی لە دەست و کونترۆڵی پیاوە راوچییەکاندایە، خۆیان دەیکوژن و ئەگەر بیانهەوێ زیندووی دەکەنەوەو لە قەفەزی دەنێن. خودی شادی هیچ رۆڵێک ناگێرێت. ئەو بەستراوەییە قووڵە لە بەکارهێنانی کردارەکاندا بە روونی دەردەکەوێت، دەڵێ (هەرگیز ئازاد نەدەکرایت) ناڵێ ئازاد نەبووی دەڵێ ئازاد نەدەکرایت. واتە ئازادی بۆ ئەو شتێکە کە دەبێ لە لایەن راوچییەکانەوە پێی ببەخشرێ، ئەوانن کە بڕیار دەدەن ئازادی بکەن یان بیخەنە قەفەزەوە و یاخود بیکوژن. لە واقێعدا شادی زیاتر لەوەی کە بەستراوی داوی راوچی بێت بەستراوی پەیوەندییەکە کە هۆگری بووە، راوچی هەمان ئۆبژە ستەمکارەکەیە کە شادی لە نێوان رق و خۆشەویستی ئەودا سەرگەردانە. قەت  بیری نایەت سەربەخۆ بووبێت، هەمیشە راوچی پێداویستییەکانی بۆ دابین کردوە، بە بێ ئەو ورەی بەرەوڕووبوون لە گەڵ دنیای نییە، ئاواتە خوازی رزگاری و بێزار لەو شتەیە کە تێیدایە بەڵام ترس و هۆگربوون توانای هەر کارێکی لێ سەندوە. لە شتێک بێزارە کە لە دەروونی خۆیدا ریشەی کوتاوەو بەرزەخێکی سەختی بۆ خولقاندوە. پێوەندی شادی لە گەڵ پیاوەکانی ژیانیدا (بەهرام و هۆمەر و باوک و براکانی) کە وەکوو راوچی ناویان دەبا وەبیر هێنەری پێوەندی نێوان کوڕ و باوک لە «حەسارو سەگەکانی باوکم»دایە. پەیوەندێکی ناخۆش بەڵام ناچار، زیندانێک کە نەبوونی لایەنی زاڵ و ستەمکار دیوارەکانی ناڕووخێنێت. نیاز بنەمای بەستراوەیی تاک بە بەرناس(ئوبژە)ێکە کە لێی بێزارە. بەرناس نیازەکان‏و پێداویستیەکان دابین‏دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ستەمێک، سزادانێک و کەشوو هەوایەکی تاڵ و پاوانخوازانە بە سەر ئەو کەسەدا زاڵ دەکات و بەو شێوە بە جۆرێک تووشی ناچاری و مەجبوور بوونێکی سەخت و نەخوازراو دەبێت کە سەربەخۆییەکەی بە تەواوی دەکوژێت. لەم حاڵەتەدا تاک توانای ژیان بە بێ ئوبژە لە دەست دەدات. جیابوونەوە (Separation ( لە ئۆبژە (دایک) هەمیشە هێندێک ترس و خۆفی تێدایە. ئەگەر پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک وەکوو ئوبژە پەیوەندێکی تەندروست بێت، منداڵ بە کەمترین ئازارو نەخۆشینەوە ئەو قۆناغە تێپەڕدەکات، بەڵام هەر جۆرە بشێوییەک وەکوو دڵنیا نەبوونی منداڵ لە خۆشەویستی دایک و ترسی لە دەست‏دانی، تاک تووشی نەخۆشینی دەروونی دەکات کە رەنگە لە گەورەساڵیدا خۆی بنوێنێ. لە گەورەساڵاندا ئەو جۆرە بەستراوەییە (dependency) نیشاندەری ناتەواو بوونی گەشەی دەروونییە کە هەم کوڕەکەی «حەسار» تووشی هاتوەو هەم شادی. بەستراوییەک لە سەر بنەمای ترس، نیاز، هۆگربوون و لە هەمان کاتدا ئاواتی رزگاری کە جۆرێک لە دووفاقیی سۆزدارانە پێکدێنێ کە «من»ی تاک دوو لەت دەکات. لەتێک بێزاری و لەتێک خۆشەویستی. ئەم حاڵەتە لە شادیدا بە روونی دیارە. لە بەهرام بە بۆنەی بێ بن کردنی بێزارە بەڵام لە هەمان کاتدا هەمیشە بۆی دەگری. لە باری سەمبولیسمەوەش هەر وایە، شادی لە راوچییەکان بێزارە بەڵام عاشقی منارەکەیە کە ئەگەرچی زۆر تێدەکۆشێ بیسەلمێنێ کە ئەو منارەیە نوێنەری خۆشەویستی بۆ پیاو نییەو بە واتایەکی دیکە پێش لەوەی رەخنەگر باسی ئەوە بکات خۆی باسی دەکات و رەتی دەکاتەوە، بەڵام راست ئەوەیە کە منارە دەرخەری بەستراوەیی شادی وەکوو ژنێکی ئەم وڵاتە بە ئۆبژەی خۆی واتا پیاوە. پیاوێک کە ژنی ئەم کولتوورە هەرچەندە لێیشی بێزار بێت بەڵام ناتوانێ بەتەواوی بینێتە لاوەو سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. شادی راوێکە کە بەستراوی راوچییەکەی خۆیەو بە بێ ئەو هیچ پێناسەیەکی سەربەخۆی بۆ خۆی نییە. ئەو قەفەزەش کە باسی دەکات لە دەروونی خۆیدایە بۆیە دەرباز بوونی بۆ نییە.

کاتێ باسی ناسینی هۆمەرو پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە گەڵ ئەودا دێتە ئاراوە، شادی  دیسانەوە خۆی وەکوو باڵندەیەکی بێ دەسەڵات و چاوەڕوانی یارمەتی دێتە بەرچاو:

» خۆت بەو مەلە بریندارو پێکراوە دەهاتە بەر چاو کە ئەو دەتوانێت هەڵتبگرێتەوە و تیمارت بکات، دان و ئاوت بۆ دابین بکات و بتخاتە ناو جوانترین قەفەزەوە…» (ل. ٦٧)

پەپوولە:

پەپوولەیش وەکوو باڵندە سیمایەکی دیکە لە شادی و هەموو ژنانە. راوکردنی پەپوولە کایە و سەرگەرمی منداڵیی بەهرامە. واتە بەهرامیش هەر لە منداڵییەوە نیمە راوچییەکە. شادی لە خەونەکانیدا خۆی وەک پەپوولەیەک دێتە بەرچاو کە بەهرام لە سەر لاپەڕەیەکی سپی دەرزی ئاژنی کردوە. لە خەونەکەیدا پیرەمێردێک دێت و دەرزییەکان لادەبات و لە گیرفانی دەنێ. گیرفانی پڕە لە پارەی ئاسن کە کاسی دەکات. (ل. ٨٣) ئەم خەونە شێوەیەک لە نێوئاخن بینی و شهودە بە نسبەت داهاتوەوە. بەهرام بە خۆشەویستیەکی بێ ئاکام دەزی ئاژنی دەکات هۆمەر دێت و لەو دەرزییە بەهرام لە جەستەی داوە رزگاری دەکات بەڵام ئەوە ئازادی نییەو دەوڵەمەندییەکەی هۆمر هیچ خۆشیەکی پێ نادات و تەنیا کاسی دەکات.

پەنجەرە:

پەنجەرە هەر وەک لە سەریشەوە ئاماژەم پێکرد هێمای هەرێمی ژنانەیە. شادی لە خەوندا منارەکە دەبینێ کە بە ئەسپایی لە شووشەی پەنجەرەکە دەدات. واتە هێرش ناکاتە سەر هەرێمی ژنانەی. لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: «ئەو فڕندە جوان و هێمنانەش وەک شێت بە یەک شەققەی باڵ لە منارەکەوە بە تاو دێن و کوێرانە خۆیان بە پەنجەرەکاندا دەدەن، وەها کوێرانەو توندو زەبر کە دوو جاران شووشەکان هاڕەیان کردوەو شکاون»(ل. ٩١) شکانی شووشەکان لە لایەن فڕندەکانەوە بە لە بەرچاوگرتنی هێمای شووشە وەکوو ئەندامی ژنانە دەتوانێ هەڵگەرانەوەیەک بێت بۆ خەتەنە کردنی شادی لە منداڵیدا کە بیرەوەرییەکی زۆر ناخۆش وەکوو ئەوەی ژێر کەپرەکەی بۆ بە جێهێشتوە. لە هەردووی ئەو رووداوانەدا ئەندامی ژنانە تووشی ئازاری توندو خوینبەربوون دەبێ. دوو رووداوی سەخت‏و یەک چەشن کە خۆی لە دوو جار شکانی شووشەکانی پەنجەرەکەدا نیشان دەدات. فڕندە بە گشتی لەم چیرۆکەدا سەمبولی ژنە، خۆ کوتانی فڕندەکان بە شووشەکەدا دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی ژنانە هێندێ جار لە لایەن خودی ژنانەوە دەرووخێ ( وەک ئەوەی لە خەتەنەکردندا روودەدات) لە هەمان کاتدا ئاماژە بە برینێکی کۆنی کۆمەڵگای ژنان دەکات کە خۆیان زۆر جار دژایەتی هاورەگەزەکانی خۆیان دەکەن»تاکە پەنجەرەی رۆشن هی ئێوە بوو کە تاک و جووت و پۆل پۆل خۆیان دەکوتا بە پەنجەرەکەو رۆناهی ژوورەکان بوو یان سەدای فڵندی ناڵەو نرکەی نەخۆشی گێژی دەکردن»(ل. ٩٢) هۆمەر لە دواهەمین رۆژەکانی ژیانیدا » بە دەم کۆکەوە دووبارەو دەبارەی دەکردەوە کە رێک هەر تۆزێک لەمەوبەر خەونی شکانی پەنجەرەکانی بینیوە» (ل. ٩٢) ئەم خەونەی هۆمەریش نیشاندەری نیگەرانی ئەو بۆ هاوسەرە جوان و کەم تەمەنەکەیەتی، کە دوای مردنی ئەو لە کۆمەڵگایەکی بێ‏بەزییدا دەبێ چ بکات.

خوێن:

یەکەم خوێنێک کە لە چیرۆکەکەدا لە شادی دەڕوات و تا کۆتایی چیرۆکەکەیش هەر کۆتایی پێ‏نایەت  ئەو خوێنەیە کە لە ژێر کەپرەکەی ماڵ خاڵۆیدا لێی دەروات. ئەو خوێنە بە هۆی ئەوەی کە تێکەڵی خوێنی مانگانە بووە زۆر زۆرترە لە خوێنی کچێنی. بەڵام بۆچی ئەم دوو خوێنە هاوکات و تێکەڵ دەبن؟

 خولی مانگانە پیسی و ناپاکی مێژوویی ژنە، گوناهێکی لە مێژین کە ژنی لە کولتوری پیاوسالاردا سڵپۆت کردوە، رژانی خوێنی کچێنیش گوناهێکی گەورەترەو تێکەڵ بوونی ئەم دوو گوناهە کە هەردووکیان ریشەیان لە ژنانەیی و ژن بووندا هەیە و بە شێوەیەک گوناهی جەوهەری ژن دێنە ئەژمار، وا لە شادی دەکەن کە نەتوانێ قەت ئەو سووچە لە داوێنی خۆی بسڕێتەوە. شادی خۆی بە تاوانبار دەزانێت تاوانێک کە کوڕە خاڵۆزاکەی بۆ هەتا هەتایە بە سەریدا سەپاندوویە و قەت رزگاری لێ نابێ.

بەهرام لە ترسی گوناهی لابردنی کچێنی شادی پەنا دەباتە داوێنی جەنگ تا کەفارەی گوناهەکەی بداتەوە. «ترسی جەنگ و رژانی ئەم هەموو خوێنە بوو دەنێو کوشتارگاکاندا یان رژانی ئەو گۆمە خوێنەی دامێنی تۆ کە هەڵەتەو دەربەدەری وڵات و شارانی کرد؟» (ل. ٤٩) بەهرام لە خوێنێک پەنادەبات بۆ خوێنێکی دیکە. لە ئاڵۆشی سێکس پەنادەبات بۆ ئاڵۆشی مەرگ. بەڵام بۆچی؟

لە فەرهەنگی دینی‏دا کە فەرهەنگێکی پیاوسالارە خوێنی جەنگ بە پێچەوانەی خوێنی ژنانە نە تەنیا پیس نییە بەڵکوو مرۆڤ پاکانە دەداتەوە. بۆیە شەهید ناشۆرنەوەو هەر بە خوێنەکەی خۆیەوە دەینێژن. بەهرام دەروات بۆ جەنگ تا ئەو تاوانەی کە کردوویەتی پاساو بداتەوەو خوێنی پیس بە خوێنی پاک بشواتەوە. لە رووبەروو بوونەوەی دنیای ژنانە کە سووچی بەرچاوی شەهوەتە، لە گەڵ دنیای پیاوانە کە گوناهی بەستراوەی جەنگ و کوشتنە، ئەو لایەنەی کە لە کولتوری پیاوانەدا پیرۆزی پێدەبەخشرێت، شەڕ و خوێنڕشتن و کوشتنە. دەڵێ ئینسان مەجبوورە لە نێوان شەڕو شەهوەتدا یەکێکیان هەڵبژێرێ و ئەمە بەراستی ئەو هەڵبژاردنە ئەستەمەو ئەو کێشە بنەماییەیە کە دنیای نەریتی رۆژهەڵات کاتی بەرەورووبوون لە گەڵ دنیای مۆدێرندا توانای چارەسەر کردنی نییە.

«خوێن رشتن» و «خوێن بەبوون» و «یەکەم دڵۆپە خوێن» و «گۆمی خوێن» و… وشەگەلێکە کە لەم چیرۆکەدا زۆر  دووپات دەبێتەوەو تەنانەت خوێنەر وەرەز دەکات:

» هەندێک جار لە ناو زەریای خوینی خۆمدا بێ سەوڵ خۆم دەبینی و شەپۆلێک بەلەمەکەی سەرووژێر دەکرد و لە ناو خوێنی رژاوی کچێنی خۆمدا دەخنکام.» (ل.٢٠٠)

» چ زەحمەتە سەر لە نوێ کوتانەوەی هەمان رێگای مەرگ و دۆران تا وەکوو جەرگەی جەهەننەم، چوونەسەر یەکەم دڵۆپە خوێنی تکاو لە دامێنت کە زەریایەکی پڕ لە گێژەن و گەرداوی بۆ خولقاندی. ئەستەمە گێرابەوەی چیرۆکی هەلا هەلا بوونی رۆحت.» (ل. ٩٤)

شادی دەیەها جار باسی ئەو یەکەم دڵۆپە خوێنەی دامێنی خۆی دەکات و خوێنەر وادەزانێ باس دیسان باسی ژێر کەپرەکەیە بەڵام لە بەشە دواهەمینەکانی چیرۆکەکەدا کاتێ دەرۆینە ناو کەش و هەوای سوورئالیستیی بیرەوەریەکانی شادی، دەبینین کە یەکەم دڵۆپە خوێن ساڵانێکی دوور لە دامێنی تکاوەو گۆمێکی خوێنی درووست کردوە کە لە ژێر کەپرەکەدا دووبارە کراوەتەوە. بیرەوەری تاڵی خەتەنە بوون چوەتە بەشێکی لە بیرکراوی مێشکی شادی و تووشی نەخۆشینێکی دەروونی کردوە. بێ‏توانایی شادی لە چێژ بردنی سێکسی(تەنانەت لە گەڵ خۆشەویستەکەیدا) گشتێنراوە بە هەموو بەشەکانی ژیانی. توانای هیچی نییە. نە توانای دەرباز کردنی خۆی لەو وەزعییەتە نە توانای بەرگری کردن لە خۆی و نە تەنانەت توانای بە‏رێخستنی گەلەرییەک بۆ تابلۆکانی . کاتێ دۆست و هاورێکانی داوای لێدەکەن لە ماڵ بێتە دەرێ و گەلەرییەک دابنێ دەڵێ: » منیش حەز دەکەم… بەڵام تا ئێستا نەمتوانیوە… بۆ؟   نازانم.» (ل. ٩٤)

ئەو» نازانم»ە دەرخەری هەبوونی ئازارێکی شاراوەو نادیارە کە خۆیشی حەز ناکات و حازر نییە دانی پێدا بنێ. شتێک کە نایهەوێ قەبووڵی بکات و بە پێچەوانە، ئەیهەوێ بە شێوەی بەرتەکدانەوە حاشای لێ‏بکات و تا دوورترین و قووڵترین شوینەکانی دەروونی پاڵی پێوەنێت بەڵکوو بەتەواوی لە بیری بباتەوە.

شادی لە بەشێک لە قسەکانی لە گەڵ بەهرامدا بە چروپڕی باسی بیرتەسکی رەخنەگرەکان دەکات کە لە هەر شتێکی سادە تەفسیرێکی ئێرۆتیک دەکەن و چاوی جوان بین و روانگەی جوانناسانەیان نییە. لەم بەشەدا شادی ئەگەرچی تا رادەیەک دەبێتە زمانی حاڵی نووسەر، بەڵام ئەگەر قسەکانی بگوازینەوە بۆ پێگەی خۆی وەکوو ئەکتەری یەکەم، ئەم قسانە دەرخەری هەمان گرێیە کە ناردراوەتە بەشێکی نادیار لە مێشکی شادی. گرێیەک کە لە گەڵ خەتەنە کردنەکەیدا پێوەندی قووڵی هەیە. شادی بە منداڵی سەقەت کراوە، بە شێوەیەکی نامرۆیانە ئەو بەشەی جەستەی کە گرێدراوی کەسایەتی ژنانەیە هەنجن هەنجن کراوەو کاریگەری قووڵی لە سەر ژیانی داناوە، بۆیە خودبخود بەرهەمەکانی شێوازێکی ئێرۆتیک دەگرنە خۆ. ئەو شتە کە ساڵها برتەکدراوەتەوە دوای رووداوی ژێر کەپرەکە دێتە بەشی ئاگای مێشکی شادی و خۆی لە نیگارەکاندا دەردەخات

» تۆ رۆیشتیت و کەوتیتە ئەو دیو سنورەکان، کەچی سەدەها شەو خەونم بەو تنۆکە خوێنانەوە دەبینی کە لە من دەرژاو زۆر جاران دەبوو بە دەریاچەیەکی سوور یان گۆلاوێکی پر خوێن تێیدا دەخنکام… سێ ساڵ باکگراوندی هەموو نیگارەکانم رەنگی سوور بوو…» (ل.١٨٥)

«تا ئێستاش ئەو دڵۆپە خوینەی لە مندا تکاندت برینێکەو هەرگیز سارێژ نەبوە و هەر خوێنی لە بەر دەروا.» (ل.١٧٨)

هەر وەک لە هێماسازی منارە ئاماژەم پێکرد ئەم چیرۆکە لایەنێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە لەم لایەنەدا خوێن بەربوونەکە بەرینی مانایی پێدەدرێت، لە هێماسازی زەینی شادیدا خوێن رشتن واتە دەسپێکردنی بێزاری و لە ناو چوون، خوێن رشتنی خۆی لە دوای سێکس و خوێنڕشتنی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا. خاڵی هاوبەشی ئەم دوو خوێنرشتنە ئەوەیە کە هیچکامیان ئاکامی بەرەورووبوون لە گەڵ دوژمن نین. خوێنرشتنێکە کە لایەنی دەرەکی تێدا نییە، لایەنێک کە دوژمن بوونی ئەو ئازارە پاساو بداتەوە. بەڵکوو تێکهەڵچوونێکی خۆماڵی و دەروونییە کە دەبێتە دەسپێکی جیا بوونەوەو هەڵوەشانەوەی تۆکمەیی.

مار:

مار لەم چیرۆکەدا یەکەم جار وەکوو نەخشێک بە دیواری منارەکەوە دەردەکەوێت و هەر ئەو جۆرە کە باسم کرد بە پێی ئەو ئاسەوارگەلەی کە لە کولتوری سەردەمی مێوەجاغی بە جێماوە، مار لە گەڵ ژن-خوداکاندا پەیوەندی هەبووەو بە پیرۆزیان زانیوە. بەتایبەەت لە بیاڤی شارستانییەتی ئیلامدا ئەم شتە بە روونی دیارە. ژن و مار لە سەردەمانی کۆنەوە پەیوەندیان هەیە بۆیە لە بەشێکی چیرۆکەکەشدا کاتێ مارێکی رەش لە ماڵەکەی شادیدا دەبینرێ دەخوێنین: «ئەوانەی دیویانە دەڵێن مار نییەو ئەژدیهایە، مارێک نییە دەیەهایە… ژنەکان لەوە دەترسان مارەکە عاشقی ئەو بێوەژنە ناسک و نازادارە بێت و هەرگیز لەو ناوە دوورنەکەوێتەوە کەم نین هەقایەتی نێوان ژن و مار» (ل. ١٠٧)

 دوای زاڵ بوونی کولتووری پیاوسالارە کە سیمای مار لە بوونەوەرێکی پیرۆز دەگۆڕدرێ بە هێمایەکی شەیتانی و ترسناک. یەکێک لەو تەفسیە باوگەلەی کە لە بارەی هێمای مارەوە دەکرێ ئەوەیە کە نووسەر لە زمانی گەنجێکی دەروونناسەوە باسی دەکات:

«گەنجێکی دەروونناس دەڵی: ئەم بێوەژنە دیارە چییەتی، عوقدەی خەساندنی هەیەو هیچیتر… ئەم بەزمەی مار و منارەیەجگە لەو دەردەی بێبەش بوون لە سۆز و سێکس هیچی تر نییە… جار جاریش چاوی رەشکەو پێشکە دەکات و ماری رەش و سوور دەبینێ، فرۆید واتەنی مەسەل تەعویزە کە ئەمرۆکە لە نووسیندا بە قەرەبوکردنەوە ناوی دەبەن. » (ل. ١١٣-١١٤) بەڵام لەم هێماسازیەدا نوسەر چاوی زیاتر لەوەی کە لە دەروونناسی بێت لە ئوستوورە بووە. مار لە دنیای کۆنداو لە پەرستنگای ژن خوداکاندا(هەر وەک لە منارەکەشدا دەیبینین) وەکوو بوونەوەرێکی پیرۆز و پارێزەری هەرێمی پیرۆزی ژن خوداکان ناسراوە. پەیدا بوونی مارێک دوای مەرگی هۆمەر بۆ پاراستنی هەرێمی شادییە. ئەو مارە نائاساییە کە دەڵێین ئەژدیهایە و مارێک نییە و دەیەهایە و… مارێکی تایبەتە کە دەبێتە پاسەوانی دواهەمین ژن خودای دواهەمین منارەی شار.

کارەکترەکان‏و ناوەکانیان:

لەم چیرۆکەدا سێ کارەکتەری سەرەکی بوونیان هەیە وناوی هەرکام لەوانە بە مەبەستێکی تایبەت هەڵبژێردراوە‏ کە تا رادەیەکیش دەرخەری کەسایەتی پاڵەوانەکانن، لێرەدا باسی کارەکتەرەکان و ناوەکانیان دەکەین:

شادی:

 شادی پاڵەوانی یەکەمی چیرۆکەکەیە. ناوی شادی مانایەکی (کنایی) و (تهکمیە)ی هەیە واتە بە پێچەوانەی ناوەکەی ژیانی پڕە لە خەم و ئازار و پەژارە. نووسەر بەهەڵبژاردنی ئەم ناوە تانە لە هەموو ئەو ناوە ژنانەگەلە دەدات کە مانای جوانیان هەیە و باس لە بەختەوەری دەکەن. ئەو ژنەی لێرەدا وەکوو ژنی کورد بە گشتی دەیبینین هیچ پێوەندییەکی راستەقینەی لە گەڵ ناوی شادی و ناوگەلی لەم چەشنە نییە. ژنی کورد ژیانێکی پڕ لە ترس و ئازار و مەینەتی هەیەو شادیش یەکێک لەو ژنانەیە.

ئەو شتەی لە بارەی شادییەوە وەکوو باسێکی دەروونناسانە دەبێ لە سەری بدوێین پارادۆکسێکە کە کەسایەتی شادی لە گەڵی بەرەوروو بووە، شادی زۆر جار باسی بێزاری خۆی لە رەگەزی پیاو دەکات و بە بەهرام دەڵێ: «من تەڵاقی رۆحیم لە گەڵ هاوتوخمی تۆدا هەیە.» (ل.١٩٥) لە شوێنێکی دیکەشدا دەڵێ تاکە لەزەت بۆ ئەو ئەوەیە کە بەرامبەر بەو چەک بە دەستانە بجەنگێ (ل. ١٥٨) بەڵام لە دەروونی خۆیدا هەر ئەو راوچی بووننەی خۆش ویستوە!

» بۆ ساتە وەختێک بیرت لەوە کردەوە کە تۆ بێئاگا لە خۆت ئەو هیزەت لەودا خۆشویستووە، هێزێکی پەنهان لە پیاودا کە کچ و ژنەکان هەر بە سەلیقە هەستی پێدەکەن» (ل.٩٩)

ژن لە نائاگای خۆیدا بەستراوی ئەو هێزە راوچی و دەستەمۆ نەکراوەی دەروونی پیاوەو خۆی بێ ئەوەی کە بزانێت ئەو بازنەی راوو راوچیگەرییە سەر لەنوێ دەخولقێنێ. شادی نارەزایەتی خۆی لە زاڵ بوونی فەرهەنگی پیاو سالارو بێزاری لە هەڵسووکەوتی بەهرام و هەروەها باوکی دەر دەبڕێ و لە بارەی باوکییەوە دەڵێ: » باوکێک کە لە سەر سفرەش لە گەڵ ئێمە نانی نەدەخوارد، وەک ئەوەی نان خواردنی ژن  کچە کانی عەیبێکی گەورە بێ. هەمیشە لە شوێنێکی دیکە بوو… هەتا گەر لە ماڵیش بوایە…» (ل.١٦٨)

«براکانیش گێژو وێژ بە دەم هات و هاوارەوە بەو ماڵەدا دەسوورانەوە، ئەوانیش هەر هەمان خوو خدەی باوکیان هەبوو، تا گەورەتر بووم هەستم کرد من و دایکم و خوشکەکانم کارەکەرین.» (ل.١٦٨)

شادی لێرەدا شوێنێک وەکوو حەسار دەشوبهێنێ دەڵێی یەکێک لە کچەکانی حەسار دەمی کردوەتەوەو حیکایەتی حەسار دووبارە دەکاتەوە، هەموو شتێک هەڵدەگەرێتەوە بۆ باوک و شمشێری تووڕەیی ئەو.  بەڵام شادیش راست وەکوو پاڵەوانی یەکەمی حەسار ئینسانێکی داماوەو بەستراو بوونی بە بەرناسەکەی (لێرەدا پیاو) وای لێ‏کردوە کە دیل بوونی و ئازادی و مەرگ و ژیانی خۆی لە دەستی پیاوەکاندا ببینێت. شادی لە ناخی دەروونیەوە هەر نێرێک ئازاد و هەر مێیەک لە قەفەزداو بێ وەسەڵات دەزانێ. ورچەکانی پارک نمونەی ئەم روانینەیە. ورچی نێر بە خۆ کوشتن خۆی لە قەفەز رزگار دەکات (بەهرام) بەڵام مێ لە قەفەزەکەدا دەمێنێتەوە (شادی و ژنانی تر) (ل. ١٨٧). ژن لە روانگەی ئەودا تەنانەت دەسەڵاتی خۆکوشتنیشی نییە! واتە بریاردەر نییە. ئەو ژنەی شادی نموونەیەتی ژنێکە کە تووشی خۆ کەم بینییەکی قووڵە (ئەو دەردەی کە بەشێکی زۆر لە ژنانی کۆمەڵگای پیاو سالار تووشی هاتوون) نەبوونی پیاو (باوک، بەهرام، ورچی نێر و…) بۆ شادی دەردێکی گەورەیە چون بوونی خۆی لەواندا دەبینێتەوەو لە روانگەی ئەوانەوە خۆی پێناسە دەکات. هەر ئەو روانگەیە کە کچ سنووردار دەکاتەوە بە پەردەیەکی تەنکی گۆشتی و هەموو کەسایەتی و بوونی لەو پەردەیەدا دەبینێتەوە. شادی ئەم روانگەی خۆیە لە وێنەیەک دا  نیشان دەدات:» خۆم وەک تابلۆیەک دەهاتە بەرچاو کە عاشقێکی هونەر بیەوێت بمکرێت بە هەر نرخێک، گەرچی تابلۆکە بەر چەقۆی شێتێک کەوتوە و رێک ناوەراستی شەبەقێکی تێبوە…» (ل. ١٧٩)

شادی خۆی وەکوو تابلۆیەکی جوان دێتە بەرچاو بەڵام زیاتر لە هەموو کەس، نەبوونی کچێنی بەلای خۆیەوە گرینگە، نەبوونی کچێنی هەموو کەسایەتی و شوناسی بردوەتە ژێر پرسیار. شادی پەیڕەوی کۆمەڵگای پیاوسالارە و سەرەڕای بێزاری لە دنیای پیاوانە، بە تەواوی گوێرایەڵیەتی، دڕانی پەردەی کچێنی بۆ ئەو هاوواتای دڕانی کەسایەتیەتی، تابلۆیەک کە ناوەراستەکەی شەقی بردوەو بێ بایەخ بوە. دڕانی ناوەڕاستی تابلۆ ناوەندیەتی کچێنی لە مێشکی شادیدا نیشان دەدات.

شادی خۆی لە پاراستنی گەورەترین داراییەکەی (کە بە رای خۆی کچێنیەتی) بە دۆراو دەزانێ، ئەو نەیتوانیوە لەو یادگارە کە لە سک دایکیەوە هێناویە پارێزگاری بکات، بۆیە پێداگری لە سەر پاراستنی ماڵ و منارەکە بە جۆرێک قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەمتەرخەمیەیە، پاراستنی ماڵ و منارە پاراستنی کچێنی لە دەس چوویەتی.

ئەو روانگەیە وای لێدەکات کە هەموو باسی، لە سەرانسەری ئەم چیرۆکەدا ببێتە باسی خەم و پەژارەی نەمانی ئەو پەردەو تکانی خوێنی کچێنی. نەمانی ئەو پەردە بۆ شادی لە دەست چووونی هەموو شتێکە. لە شوێنێکدا بە بەهرام دەڵێ: » تۆ تەنها پەردەیەکت لانەبرد خاڵۆزا، تۆ رووتت کردمەوە بێ سیپاڵ و پۆشاک بە جێتهێشتم و وتت دەی ئازابەو بۆ خۆت بژی…» (ل.٢٠٢)

بێ بن بوون بۆ شادی هاوتەریبی رووتبوونەوەیە، بەهرام رووت بەجێی هێشتوە دەڵێ بۆ خۆت بژی. شادی بە هۆی ئەو کلتوورە کە تێیدا گەورە بووە، فێربووە کە ئەو کەسەی رووتی دەکاتەوە (واتە پەردەی لادەبا) دەبێ داڵدەی بداتێ و دابینی بکات. شادی زاتەن بەستراوەی پیاوەو دوای بەهرام ئەو شتە گۆڕاوە. پێوەندیەکە پساوەو شادی سەرەڕای ئەوەی کە لە رەگەزی پیاو بێزار بووە، پەنا دەباتە ئامێزێ پیاوێکی‏تر. ژیانی شادی چیرۆک‏خوانی ژیانی بەستراوەو مشەخۆری ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالارە. شادی بە رواڵەت زاناو خوێندەوارە بەڵام هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ دایک و داپیری خۆیدا نییە. زانست و هونەر روانگەی نەگۆڕیوەو تەنیا روکەشێکی جوانە. مۆدێرن بوونی رواڵەتی، هەر وەک ئەو جۆرە مۆدێرن بوونەی کە لە کۆمەڵگاکەدا رووی داوە. هاتنی ئامرازەکان‏و هێماکانی مۆدێرنیسم و بێ بەشبوون لە عەقڵیەتی مۆدێرن.

شادی لە دەرەوەی بەستراوەییە نەریتییەکانی بە پیاوان، هیچ بوونێک بۆ خۆی نابینێ. شتەکە بە پێچەوانەی قسەکەی خۆی مەرگی رۆحی نییە چون ئەگەر وا بوایە ئەو دەردە سەرەکییە کە بەردەوام باسی لێ دەکات دەبوو چوونی بەهرام بوایە نە بێ بن بوون. کێشەی شادی ئەوەیە کە بۆچی بێ بن بوو. و ئەو پیاوەی کە ئەو کارەی کرد بۆچی وەکوو هەموو پیاوان لە باتی ئەو پەردە، دابین کردن و پاراستنی ئەوی نگرتە ئەستۆ؟

» ئێرە مەملەکەتی قەیرە کچ و بێوە ژنە تەنیاکانە.» (ل. ٢٠٤) ئەو قەیرەکچ و بێوەژنانەی کە هیچ پیاوێک نییە لە باتی لە ئامێز گرتنیان دابینکردنیان بگرێتە ئەستۆ!

بەهرام:

بەهرام ناوی پاشایەکی ئێرانییە کە راوچییەکی بەناوبانگ بووە و لە مێژوودا بە «بەهرامی گوور» دەناسرێ. گوور لە فارسیدا نچیرێکی کێوییە کە بەهرام شارەزای راو کردنی بووە. لێرەشدا بەهرام وەها رۆڵێک دەگێڕێ ئەەویش وەکوو هەموو پیاوەکان راوچییە. بە منداڵی پەپوولەی راو کردوەو هەر لەو ساتەوە ترسی راوی لە دڵی شادیدا چاندوەو بۆتە بەردی بناغەی بێزاری ئەو لە راوچییەکان کە دواتر هەموو پیاوەکان دەگرێتەوە. پەپوولە راوی بەهرام ئەگەرچی وەکوو راوە مرۆڤەکانی هۆمر کارەسات خولقێن نەبووە بەڵام خۆڕاهێنانێک بووە بۆ راوێکی گەورەتر لە داهاتوودا، راوێک کە لە ژێر کەپرێکدا کەوتە داوی بەهرام و ناوی راوچی بۆ هەتاهەتایە لە سەر ئەو دانا. بەهرام ئەگەرچی کاریگەری زۆری لە سەر ژیانی شادی بووە بەڵام بوونی لە چیرۆکەکەدا زۆر کەمرەنگە. بەردەوام لە زمانی شادییەوە پێناسە دەکرێت و تەنیا لە پێوەندی لە گەڵ بێ بن بوونی ئەودا دەناسرێ. تەنانەت کاتێکیش کە دوای ئەو هەموو ساڵە سەردانی شادی دەکات هیچ جوابێکی نە بۆ شادی هەیەو نە بۆ خوێنەر. خوێنەر تا دواهەمین بەشەکانی چیرۆکەکەش هەر چاوەروانی ئەوەیە کە بەهرام دەم بکاتەوەو باسی بەسەرهاتی خۆی وهۆکاری رۆیشتنی بکات بەڵام ئەوەی لە بەهرام دەیبیسین هەمان قسەی ئەوانی دیکەیە، باسی ئابڕووی بنەماڵەو هیچی دیکە.

کارەکتەری بەهرام کارەکتەرێکە کە بە باشی وێنا نەکراوە. خوێنەر نە لە بارە ئەو، نە لە بارەی پیاوەکانی دیکەی چیرۆکەکەوە، جگە لەوەی شادی دەڵێ، هیچ زانیاریەکی نییە. پیاوان لەم چیرۆکەدا وەکوو ژنان لە چیرۆکی حەساردان. بە بەراوەردێکی کورت لە بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن دەتوانین بڵێین چیرۆکەکانی هەمیشە تاکە دەنگن، واتە لە تکنیکی مۆنۆلۆگ کەڵک وەردەگرێت و تەنیا یەک روانگە بە خوێنەر دەناسێنێت بۆیە دەرفەتی ئەوە بە خوێنەر نادات کە وێنایەکی تەواوی لە کەش و هەوای چیرۆکەکە بێت.

هۆمەر:

 ناوی هۆمەریش وەکوو بەهرام وەبیر هێنەری کەسایەتییەکی مێژووییە. هۆمەر لە کوردیدا هەمان عومەری عەرەبییە. کارەکتەری هۆمەریش وەکوو ناوەکەی زۆر لە کارەکتەری عومەری مێژوویی نزدیکە. پیاوی شەڕ و شاخ و خەباتکارێکی بەرچاوە. بەڵام هۆمەر بە ناسینی  شادی گۆڕانی بە سەردادێت. خۆی لەو بارەوە دەڵێ: » تۆ منت کرد بە ئینسان… ئێستا کەمێکی فام دەکەم خەریکە ببمە بەشەر. کەچی ئەوەندەم نەماوەو دەمرم…» (ل. ٩٨)

گۆڕانی لەم ئاستەدا بۆ پیاوێکی نەریتی لە واقێعدا مردنیەتی. پیاوی نەریتی بینایەکی بێ چەوازییە، چەمانەوەی لە ئاراستەی مەرگیدایە. ئەم سەردانەواندنە چەمانەوە نییە بەڵکو داڕمانە. وەکوو منارەیەکی بەرز کە سەر دانەواندنی هەمان روخانیەتی. راوو کوشتن بووەتە بەشێکی گەورەی کەسایەتی ئەو. دەست هەڵگرتن لەو کارە دەسپێکردنی مەرگییە. واتە بڕیاری هۆمەر بۆ دەست هەڵگرتن لە راو لە واقێعدا بڕیاری مەرگی خۆیە.

» من جگە لە راوچی و جەنگاوەرهیچی تر نەبووم. تەواو بوو خانمە چکۆلە، ئەو جەنگاوەرە راوچییە دەمرێ و ئەم جەنگەڵ و کوشتارگایە بە جێدێڵێت.» (ل. ٩٨)

هۆمەر لە کاتی پێشمەرگایەتیدا لە لایەن دوژمنەوە دەرمانخوارد بووەو ئەو ژەهرە دوای ساڵانێک، راست پاش ناسینی شادی کاریگەری خۆی دەردەخات و مەرگی وردە وردەی هۆمەر دەست پێدەکات. نەخۆشین‏و پیربوونی لەناکاوی ئەو پیاوە جەنگاوەرە بە سەرهاتی کۆمەڵگای کوردی دێنێتەوە بیری شادی :»رۆژ بە رۆژ هەستت دەکرد کە ئەم پیاوە داماوەنەخۆشە وێنەو بەرجەستەی رۆحی نەخۆشی ئەم رۆژگارە ناشیرینەیە کە هەمووتان تێدا دەژین، رێک وەک خەەنی راپەرین و هەستانەوە و رابوون و سەرفەرازی کە زوو پیر بوو…» (ل. ١٠٠)

هۆمەر بۆ شادی هێمای شۆڕشە کە لە رۆژانی شاخدا ژەهراوی بوە و لە گەڵ هاتنی بۆ شار نەخۆشینەکەی زۆری گرتوە… » پتر لەو شۆڕشەی خۆمان دەچوو … لە ناکاو ژەهراوی دەبێت تا دەگاتە ناو شار لە پەل و پۆ دەکەوێت» «زۆر جار خۆم وەک ئەم نیشتمانە دێتە بەرچاو، یان ئەم نیشتمانە وەک منی بە سەر هاتوە، ئەتک کراو و تەنیا جێماو.» (ل. ١٨٨)

لەم بەراوەردەدا شادی خوێنی کچێنی خۆی لە گەڵ ئەو خوێنەی لە جەنگی براکوژی رژاوە یەکسان دەزانێ! یەکسانیەکەیان دیارە لە هاوبەش بوونیان لە ستەم و خەیانەتدایە.

ئاکامگیری:

 چیرۆکی ژنێک بە سەر منارەوە ئەگەرچی باسی ژنێک دەکات بەڵام ئەم ژنە دەتوانێ نوێنەری هەموو ژنانی کوردستان بێت. دەروونناسیی پاڵەوانی ئەم چیرۆکە دەرووناسیی ژنی کورد بە گشتییە. ژنێک کە بەدرێژایی مێژووی بەستراوە بووەو بوونێکی سەربەخۆی نەبوە. ئەو بەستراوەییە بۆتە هۆی ترسێکی دەروونی و باوەڕبەخۆنەبوونی ژن.

 لە بەرەورووبوون لە گەڵ دنیای مۆدێرندا چۆنییەتی رۆڵگێڕانی ژن مەسەلەیەکی گرینگ و کارتێکەرە، بۆیە چەندە ژنانی کۆمەڵگایەک لە تێپەڕاندنی قۆناغی بەستراوەیی و گەییشتن بە سەر بەخۆیی سەرکەوتووبن، هەر ئەوەندەش کۆمەڵگا لە پرۆسەی پێشکەوتنی خۆیدا سەردەکەوێ. دەروونناسی ئەم بەشەی کۆمەڵگا و ناسینی کێشە بنەماییەکانی دەبێتە بەردی بناغەی چارەسەری ئەم کێشەگەلە.

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.