Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

لاس و خەزاڵ

brogel_21120000_1

چیرۆکی رکەبەرایەتی دوو ژن خودا

بەیتی لاسو خەزاڵ بە چۆنییەتی لە‏دایک‏بوونی لاسەوە دەست‏پێ‏دەکات. ئەحمەدئاغای بابی لاس پاش کوشتنی شێرێکی پیاوشکێن، لە سەر پشتی شێرەکە، لەگەڵ شەمێی دایکی لاس جووت دەبێ و لاس وەکوو ئاکامی ئەو پێوەندە لە دایکدە.

کوشتنی گیانلەبەرێکی دڕندە یان ئەژدیهاو دێوو هتد بە دستی پاڵەوانی ئوستوورە بۆ وەدەست‏هێنانی ژنێکی مەزن  مووتیڤێکی زۆر کۆنەو لە ئەدەبی هەموو دنیادا نموونەی دەبیندرێت.

ئەم مەسەلەیە دەتوانێ دوو سەرچاوەی هەبێت، سەرچاوەیەکی مێژووییو سەرچاوەیەکی ئەساتیری. لە بارەی سەرچاوە مێژووییەکەوە دەبێ بگەرێینەوە بۆ سەردەمی مێ‏وەجاغی  کە ژنان لەکۆمەڵگادا خاوەنی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بوونو پیاوان زیاتر کاری راوو نچیریان دەکرد. ژنان بۆ دابین‏کردنی خۆراکی خۆیانو منداڵەکانیان، هێنانی نچیریان وەکوو مەرجێک بۆ پیاوان دیاری دەکردو بە پێی رادەی ئازا بوونی پیاو لە کاری نچیرڤانیدا، ژنێکی پێگە نزم یان پێگە بەرز، پیاوەکەی پەسەند دەکرد، لەوێوە پێوەندی نێوان راوو کوشتنی گیاندارێکی زلو دڕندە لەگەڵ وەدەست‏هێنانی ژن یان کچێکی مەزن‏زادە بەجێماو چیرۆکی جۆراوجۆر لە سەر ئەو بنەما دروستکرا.

سەرچاوەی دیکەی ئەم مووتیڤە (واتە کوشتنی گیاندارێکو پاشان پێوەندی لە گەڵ ژنیکدا) دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئوستوورەی ژن-خودای ئاوو دێوی وشکساڵی.

لەم ئوستوورەیەدا دێوێک یان ئەژدیهایەک پێش بە ئاوو باران دەگرێتو پاڵەوانێکی بە هێز لەگەڵ کوشتنی دێو یان ئەژدیهاکە، ئاوە لە بەندکراوەکان ئازاد دەکاتو پاشان کچێکی جوانو گەورەزادە وەکوو خەڵات وەدەست‏دێنێ. لە بڕێک لە گیڕانەوە ئوستوورەییەکاندا، بەشی پێوەندی لەگەڵ ژنو لە بەشێکیاندا ئازاد بوونی ئاو نەماوەو سڕاوەتەوە. بۆ نموونە لە دەقی ئوستوورە هیندوئورووپاییەکاندا شەڕی ئیندیرە بۆ رزگار کردنی بارانەو هەروەها لە ئاوێستایشدا لە شەڕی تیشتەر لە گەڵ دێوی وشکساڵی، باس لە ئازاد بوونی ئاو دەکرێتو باسێک لە ژن نییە. لە لایەکی دیکەوە لە ئوستوورەی فەرەیدوندا کوشتنی زەحاک بە دەستی فەرەیدونو پاشان بەدەست‏هێنانی خوشکەکانی جەمشیدو هەروەها لە چیرۆکی بەناوبانگی ئوروپایی واتە ؛جوانی خەوتوو؛ تەنیا باس لە ژنو ئەژدیها دەکرێتو ئیدی باسی ئاو نییە. لە واقێعدا ژنو ئاو کە پێوەندی قووڵی ئوستوورەییان لەگەڵ یەکتردا هەیە، وەکوو هاوواتا بە کاردێن.

لە چیرۆکی لاسو خەزاڵیشدا کوشتنی شێری مرۆڤ شکێن بە دەستی ئەحمەدئاغاو پاشان خەوتن لەگەڵ دایکی لاس، رەنگدانەوەی ئەو ئوستوورە کۆنەیە، ئوستوورەیەک کە بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لە بەشێکی بەرچاو لە چیرۆکە فۆلکلۆرەکانی دنیادا خۆی دەنوێنێ.

پاش لە دایک‏بوونی لاس باس لە مارە کردنی لاسو خانزادی ئامۆزای دەکرێتو پاشان لاس، خانزاد بە جێدێڵێو بە دوای خەزاڵ دەکەوێتو دەبێت بە خزمەتکاری بابی خەزاڵ. دژایەتی لە نێوان خەزاڵو خانزاد دەست‏پێدەکاتو لە ئاکامدا لاس کە بە دوای جێبەجێ کردنی داواکاریەکی خەزاڵ واتە هێنای گوڵی شۆران رێی سەفەری گرتۆتەبەر، لە کاتی گەڕانەوەیدا بەر تیری چڵکنان دەکەوێو دەمرێو خەزاڵو خانزاد شینی بۆ دەگێڕن.

ئەم بەشە کە بەشی ئەسڵیو سەرەکی چیرۆکی لاسو خەزاڵە دوو تایبەتمەندی بەرچاوی هەیە، یەکەم دەسەڵاتی بێ بەربەستی خەزاڵو خانزاد کە هەردوکیان وەکوو سەرۆکی خێڵ دەناسرێن. جگە لەوەش ئازادیو سەربەخۆیی خەزاڵ وەکوو کچێکو پێوەندی ئازادانەو دڵداری ئاشکرای ئەو لەگەڵ لاس‏دا کە نە لە کولتووری کوردو نە لە کولتوری هیندوئوروپاییدا نموونەی دیکەی نییەو ئاسەواری فەرهەنگی مزۆپوتامیاو بابلی پێوەدیارە.

دووهەم تایبەتمەندی بەرچاوی ئەم چیرۆکە دووپات بوونەوەی چیرۆکی پاڵەوانی مردوو روەکێکو گۆڕانی پاڵەوانەکە بە روەک یان دار، لەم چیرۆکەدا سێ خاڵی رێنوێنیکەر بۆ ئەم نێوئاخنە دەکەوێتە بەرچاو. یەکەم ناوی لاس کە بە وتەی مامۆستا هێمن ناوی دارێکی سەختو چڕو دڕکاوییە (توحفەی موزەفەرییە، لاپەرەی 87)  دووهەم باسی چڕوپڕو دورودرێژی لاس لە بارەی ئەوەوە کە ئەگەر دارێک بوایە چۆن دەبو. لەم بەشەدا لاس باس لە زۆرینەی شتومەکە دارینەکان کە پێوەندییان لەگەڵ ژناندا هەیە دەکات وەکوو تەشیو مەشکەو ملوانکەو هتد…دەڵێ:

بریا دارێک بوومایە لە داری دەقەیسییان

بیاندامایە چەنگ وەستایان

شەقیان کێشابامایە بە مەشاریان

 بیاندامایە بەردەمی رەندەو کوشتەریان

… بیاناردمایە سەر وەستایەکی گەوێڵ

دروستیان کردبام بو نێرتکی تەشی یان

حەوت ساڵان پێی رستبامایە رانکو چۆغەی مێردوتی یان…

لە ئاکامیشدا دیسان دەبێتەوە دارێکی شین کە خەزاڵ لە بن سێبەری دادەنیشێ. ئەم بەشە لە چیرۆکەکە بێشک لەگەڵ ناوی لاس کە ناوی دارێکە پێوەندی هەیە.

سێهەم خاڵی رێنوێنی کەر  تێداچوونی لاس لە دوی گوڵێک بەناوی گوڵی شۆڕانە. بەیتەکە باس لە تایبەتمەندی ئەو گوڵە ناکاتو تەنیا لە زمانی خەزاڵەوە لەوباریەوە دەڵێ:

گوڵی شۆڕان هەن لە چل پلەی عومانێ

چراو لالەت ناوێ سەربەخۆ دایسێ هەتتا سبحەیانێ

بەس ئەوەندە باس لە گوڵی شۆڕان دەکرێ کە دیار دەکات ئەو گوڵە تیشکی هەیەو گوڵێکی سیحراویو نائاساییە.

ئەم چیرۆکە لەو دەستە چیرۆکانەیە کە باس لە چۆنییەتی خولقانی دیاردەیەکی سروشتی دەکاتو نموونەی ئەم چەشنە چیرۆکە کەم نییە. داستانی تەشک گۆڕان (مەسخ بوونی) ئینسانێکو گۆڕانی بە روەک یان گیانلەبەرێک، لە زۆرینەی فەرهەنگەکاندا هەیە، بۆ نموونە چیرۆکی تەشک گۆڕانی ئینسان بە مەیموون کە لە ئەساتیری ئیسلامیو دەقی پیرۆزی موسڵماناندا باسی لێدەکرێو هەروەها مەسخ بوونی سیبەل(خودای یونانی) بە درەختی کاجو نموونەکانی دیکە.

ئەم چیرۆکە زیاتر دەکەوێتە ناو بازنەی ئەو ئوستوورەگەلەی کە بنەمای هۆکار ناسانەیان هەیەو بە جۆرێک روون‏کەرەوەی چۆنیەتی خولقانو پێکهاتنی دنیاو سروشتن، دنیایەک کە مرۆڤ لە (مرکز)ی ئەودایەو هەموو شتێک لە پێوەندی لەگەڵ ئەودا مانا دەبێ. ئەم چەشنە چیرۆکە کە بەسراوی بیرۆکەی دینییە هەمیشە گیڕانەوە(تەفسیر)یەکی ئەخلاقیو خۆفناکی هەیەو مەبەستێکی دینی هەیەو ها بەدوای چاوترسێن کردنی خەڵک بۆ خۆ پاراستن لە هەندێک کردەوەی ناشایست. کەوا بوو مەسخ بوون هەمیشە سزای تاوانێکە، واتە ئینسان بە هۆی تاوانێکەوە سزا دەدرێتو جلی مرۆڤایەتی لەبەردادەکەندرێتو دەگۆڕدرێتە بوونەوەرێکی دیکە.

لەم چیرۆکەش‏دا دەتوانین بڵێین لاس بە بۆنەی پشت‏هەڵکردن لە خانزادی خیزانی خۆیو تووڕە بوونی خانزاد تووشی تەشک گۆڕان دەبێ. لە بەشێک لە چیرۆکەکەدا خانزاد لە کاتی رۆیشتنی لاس‏دا دەڵێ:

یارەبی لاسە شۆڕ هەڕۆ بڕۆ، سەر نەیەنیە دواوە

یارەبی ئەۆ وەک کاکە مەمی جوانەمەرگ بی، ئەەر لەجێما لە شاری جزیرێ

لە ئاکامیش‏دا دۆعای شەڕی خانزاد، لاس دەگرێتو جوانەمەرگ دەبێ. چیرۆکی لاس و خەزاڵ چیرۆکی رکەبەرایەتی دوو ژن خودای بە هێزی دنیای کۆنە. یەکەم ئەوەى کە خودای پشتیوانی ژن و بنەماڵەو زاوزێیە و بەناوی ئاناهیتا و ئەرمەئیتی دەیناسین و دووهەم ژن-خودای خۆشەویستی و چێژ کە ئاکسیونی سەرەکی ئەو هەڵخەڵەتاندنی پیاوانە و زیاتر بە ناوی عەشتاروت(ئیشتار) دەناسرێ. لەم تێکهەڵچوونەدا ژن-خودای پاکداوێنی پارێزەری بنەماڵە سەر دەکەوێت و بەو شێوە جەخت دەکرێت لە سەر پیرۆزی بنەماڵە و پاراستنی، کە ئاکامی ئەخلاقی چیرۆکەکەیە.

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.