Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

ئیشی من ئەمەیە

Kategori: Ukategorisert | 0 kommentarer » - Skrevet lørdag 11. juli , 2015 kl. 13:19

A Crowded Street

ئیشی من ئەمەیە
هەموو رۆژێک بەیانیان گزگەکەی دایکم هەڵئەگرم و لەتە پەرش و بڵاوەکانی رۆحم کۆ ئەکەمەوە، هەر جارەو لە شوێنێک وەک سیسرکی سەم لێدراو کەوتوون، جارێ لە بن دیوارێکی رووخاوی نازانم کوێ، جارێک لە ناو حەمامێکی عمومی(یان خصوصی) سەدساڵ لەمەوبەر، جارێک لە چێشتخانەی چەور و تێری خانقایەک، لە بن فەرشێک، ناو پۆتینێکی سەربازی، تۆی خەیاڵی پتورکاوی کابرایەکی هەزار ساڵ لەوەپێش مردوو … کۆیان ئەکەمەوەو ئەیانخەمەوە ناو جەستەم و ئەچمە دەرەوە بەرەو هەمان هیچکوێ کە ئەوانی تر ئەچن. لە ئیستگای ئوتوبوس لە گەڵ هەشت کەسی تر رائەوەستم، لە گەڵ پێنجیان سوار ئەبم و لە گەڵ سێ یان دائەبەزم و دیسان لە گەڵ دووانی تر سوار ئەبم و ئەمجار بە تەنیا دائەبەزم . لە ناو رێگە بیر ئەکەمەوە کە ئەو سیانەکەی تر کە سواری ئوتوبوس نەبوون بۆ کوێ چوون؟ پیرە ژنێکی چارشێو رەشی بەردەم بازاڕی یەهوودی کرماشانم ئەکەوێتەوە بیر کە چارشێوە کۆنەکەی بە دیانی گرتبوو و تەلیسێکی زل و چێو پەردەیەکی بە دەستەوە بوو و توند ئەرۆشت… ئەوەندە توند کە وات ئەزانی مناڵێکی هەشت ساڵانە! سیسرکەکان ئەکەونەوە جووڵە تا ئێوارە هەزاران ژیانی جۆراوجۆر بۆ بنیامەکانی ناو ئوتوبوس و ناو خیابان دروست ئەکەن ، هەزار جۆر رۆشتن کە هیچیان بە هیچکوێ ناگات…. تا ئێوارە هەرکام و هەزار جار ئەزێن و ئەبنە سیسرکی بچووک بچووک ، لە جیاتی خوێن سیسرک بە دەمارەکانما ئەچێ. بۆ ئێوارە نان و سیسرک دروست ئەکەم ، تەنیا خۆم ئەیانبینم خاسە! ئەیانبینم کە لە ژێر نینۆکەکانمەوە دێنە دەروو بە قەد کەوچکە دارینەکا شۆڕ ئەبنەوە و خۆیان ئەخەنە ناو چێشتەکە، بیر لەوە ئەکەمەوە کە بەیانی رۆژی دوایی ئەمانە لە کوێ و چۆن ئەبێ کۆ بکەمەوە!
نان کە ئەخۆم لە بەر خۆمەوە ئێژم خۆزگا هەموویان لە ناو بەشە چێشتەکەی خۆما بن و بە بێ زەحمەت بگەرێنەوە ناوەوەم … لەتکەکانی رۆحی بە سیسرک بووی خۆم ئەجاوم و قووتی ئەدەم .
شەو دیسان لە گەڵ ئەوانیتر ئەکەونەوە جووڵە… تا دێ بچووک ئەبن و دیسان تەشکیان ئەگۆڕێ و ئەمجار ئەبن بە مێشوولە، مێشوولەی ورد و ورد و بێ تاقەت. لە ناو تاریکیا خۆیان لە دەر و دیوار ئەدەن. ویزە ویز مێشکی سەرم ئەبەن ، ئەزانم ئەوەندە پێمەوە ئەدەن تا بێ خیالێ زەحمەتی بەیانی بم و رێگەیان پێ بدەم خۆیان بە لامپێک ،چرایەک شتێک بگەیەنن و وازم لێ بێنن… ئەوەندە بە چاومەوە ئەدەن تا رێگای خۆیان ئەکەنەوە، بەرئەبنەوە هەریەک بە لایەک و بەرەو هەر شوێنێک وردە رۆشنایەک هەبێ یان نەبێ و خەیاڵ بکەن هەیە، ئەڕۆن و من بیر لەوە ئەکەمەوە کە بەیانی مردووی چەند دانەیان ئەدۆزمەوە و چەنێکیان ئەکەونە دەرەکاتی هەمان دۆزەخی نازانم کوێ و هیچکات گزگەکەی دایکم ناتوانێ کۆیان بکاتەوە…

(بێهودە نووسینەکانی چرکەساتە بێهودەکانی هەر ئێستا)

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Laget av Hjemmesideleverandøren
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørsmål rettes til post[att]lykkemedia.[dått]no.