گۆرستان
لەوەتی لە بیرم بێ گۆرستانی خوداکانم
ئەو خودایانە بێزار بوونە لە جەبەرووتی خودایی
ئەو خودایانە هیلاک بوونە لە بێمەرگی
ئەو خودایانە کوژراون و هەزار جار گۆڕ بەگۆڕ کراون و گۆڕەکانیان هەمیشە ون بوە
ئەو خودایانەی وەسوەسەی فانی بوون بە گیانیان دا ئەگەڕێ
ئەوانەی بۆ جارێک بۆنیان بە بۆنی هەناسەی مرۆڤەکانەوە ناوە و بە تاوانی مەستی لە کۆشکی خوداکان دەرکراون
ئەوانەی تاقەتی گەمژەیی بەندەکانیان نەماوە
هەموو ئەو خودا تەبارەک و تەعالاگەلە
کە بەیانیەک لە هەمان عەرشی خودایی و لە داوێنی دایکم دا بوون بە خودا و چوونە ناو زکرەکانیەوە
هەموویان
یەک لە دوای یەک
دەمەو ئێواران دێن و لە لەپی دەستی من دا خۆیان ئەکوژن!
هەر وەک سامووراییەکی رەسەن
دائەنیشن و شەرمی نوقسانی خودایی بە شانازی خۆ کوشتن قەرەبوو ئەکەنەوە
ئینجا تەرمەکانیان لە ناو دەنگی دووری زکرەکانی دایکم و هەیبەتی سامناک و جوانی مەرگ دا بە حورمەتێکی خودایانە ئەنێژرێن
هەموو دەمەو ئێوارەیەک
خودایەکی هیلاک شوێنێکی هێمن و بێدەنگی بۆ مردنێکی شکۆمەند دەست ئەکەوێ و
گۆڕستانی خوداکانیش پڕ ئەبێ لە عەتری پیرۆزی تەرمی ئەو…