Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

فدیە

Kategori: Ukategorisert | 0 kommentarer » - Skrevet torsdag 5. januar , 2017 kl. 01:39

فدیە

لە دنیای کۆن دا کاتێ نەهامەتیەک رووی لە خەڵکی وڵاتێک، ناوچەیەک، خێڵێک ئەکرد و خەڵکەکە یان لە سەرەوەی خەڵکەکە سەرکردایەتی خەڵکەکە بەو ئاکامە دەگەیشت کە هیچیان لە دەست نایە تەنیا یەک رێگایان بۆ دەمایەوە : قوربانی یان فدیە ، بۆ ئەوەی خوداکان لە خوێنی قوربانی بخۆنەوە و بۆنی گۆشتە برژاوەکەی بچێ بە لووتیان دا و بەڵاکە لە سەر خەڵک لادەن. قوربانی دەبا لە باشترینەکان دەست چن کرابا، کوڕی گەورەی سەرۆک خێڵ یا شا، جوانترین کچی وڵات، بەرچاوترین مرۆڤەکان ئەوانەی لە هەموو بێ عەیب تر بوون … خوداکان بە کەمتر لەوانە رازی نەدەبوون و کۆمەڵگا بە قوربانی و سەرکردە و خەڵکەوە بەو ئاکامە دەگەیشتن کە ئەوە کارێکی ناچارە و هەر دەبێ بکرێ…

فدیە لە رازاوەترین جل دا و لە دوتوی رێورەسمێکی پڕ شکۆدا ئەچووە قوربانگا، دەنگی ئاوازی پیرۆز و حەماسی لە گەڵ بۆنی عوود و گوڵ و هەلهەلەی خەڵک پڕ شکۆترین ساتی ژیانی قوربانیان ئەنەخشاند، لە دڵەوە هەست بە ئارامیەکی رێژەیی، رزگاری خەڵک، گیان بەخشین بۆ زیندوو مانی ئەوانی دیکە، وە پێش مەرگی خەڵک کەوتن، شانازی فدیە بوون …. پلەکانەکانی قوربانگا و دڵێک کە هەر سات و توندتر لێدەدا، خەڵکێکی تینووی بینینی ئەو چرکە ساتە گرنگ و ئازار بەخشە، خەڵکێک پڕ لە خۆشەویستی قوربانی بە چاوی گریان چاوەرێی بینینی هەڵدڕینی سکی خۆشەویستەکەیان ، خۆشەویستی ئەو چرکە ساتە، کەسێ کە بە مەرجی ئەوەی بە سەری دێت خۆشەویستە… دواهەمین پلە و بەرزایی قوربانگا کە دەبێ ببێ بە سیمبولی بەرزی پلەی قوربانی ، قوربانیەک کە قەرارە دوایی ناوی ببێ بە شەهید، قەرارە نەمر بێت و گیانی لە شوێنێکی بەرزەوە ئاگاداری بەهاکانی خەڵک بێت… راکشان لە بەر دەستی کاهینی گەورە، بەرەو لووتکە چوونی هەلهەلەی خەڵک ، گریان و شیوەن و هاوار و دەماری دەرپەڕیوی لامل و بۆنی خوێن و ورووژانی خوداکان و خەڵک پێکەوە، هەڵدڕینی سینگی سپیی قوربانی و دەرکێشانی دڵێ کە هێشتا لێدەدات، دوا دیمەنی ژیانی قوربانی دڵی خۆیە، خوێناوی و گەرم و بە ترپە لە پێش چاوی خۆی، کێ شانازی ئەوەی پێ دەبەخشرێ دڵی خۆی و ترپەکانی ببینێ ؟! جگە لە فدیە جگە لەوەی دواتر ناوی دەبێ بە شەهید کێ وەها شانازیەک بە خۆی دەبینێ؟! ….

دڵەکە لە دەستی کاهین دا لە ترپە دەکەوێ و ئەخرێکە سەر کوانوویەک کە ئامادە کراوە پێشتر، بۆنی دڵی برژاو ئەگاتە لای خوداکان، مرۆڤەکان لە سەر دەستی یەکترەوە پەلامی پلەکانی قوربانگا ئەدەن، لە سینگیان ئەدەن، ئەگرین و بە دوای شتێک، بەشێک لە جل یان قژی قوربانی دان ، پارچە پەڕۆیەکی تەرجیحەن خوێنین کە وەکوو تەوەڕک بیبەنەوە بۆ ماڵ و ببێت بە بەڵا گەردانی باڵای موڵک و ماڵ و منداڵیان … لە سەر و چاوی یەکتر ئەدەن و هەرکەسەو چنگێ لە قوربانی گیر ئەکەن و بەشی خۆیانی لێ ئەبەن و گۆشت و دڵ و جەرگیشی بەشی تایبەتی خوداکانە کە لە مەعبەد دا کەباب ئەکرێ… رێورەسمی قوربانی کۆتایی پێ دێ و تاکەوشی قوربانی لە بن پلەکانەکانی قوربانگا جێ ئەمێنێ و خەڵکە ماتەمینەکە بەڵاوە ئەکەن و ئەچن لە ماڵەوە لە کۆ بوونەوەی بچووک بچووک دا دەدەنیشن و ئەوەی دیویانە دوبارە باسی ئەکەنەوە، هێندێکیان دوبارە ئەگرین، هێندێکیان بە باڵای شەهیدەکەدا دەڵێن بەڵام هەموویان لە دڵەوە هەستێکی هێمنی و شادیان هەیە لەوەی کە ئەو باشترین و جوانترینەیان رازی بوو ببێتە قوربانی بۆیان، کە شەرمەندەی دەرگای خوداکان نەبوون و ئەوەی شیاوی ئەوان بوو پێشکەشیان کرا، کە بەڵاکە لە سەریان لانیکەم بۆ ماوەیەک لاچوو ، دوایی ئەوەش خودا گەورەیە و وڵات لەو قوربانیانە بە تەواوی چۆڵ ناکات…. باسی شەهید و چاکەکانی لە ناو خەڵک دا نابڕێتەوە ، هەموویان بۆ زیاتر باسکردنی لە یەکتر پێش ئەکەون، شاعیرەکان شیعری بۆ ئێژن، پەیکەرتاشەکان پەیکەری ئەتاشن. لە ماندوویی دەرکردنی نێوان دوو جووت بوونیش دا پەیکێک بە یادیان هەڵئەدەن و ئاخێک لە نەبوونیان، فیلسووفترین و زاناترینەکانیشیان ئەڵێن چ ناکرێ ژیان تا بووە هەر وا بووە و هەر وا دەبێ و دوای ئەوەش باسێک لە سەر دێترمینیسمی مێژوویی مرۆڤەوە پێشکەش ئەکەن ….

 

لە دنیایەک دا کە کۆن بوون و کەونار بوون لە سەر و چاوی هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤەکانیەوە ئەبارێ و ئاشکرایە، لە دنیایەک دا کە هیچ شتێک نوێ نیە و هیچ بیرێکی نوێ و رەسەن بوونی نیە و تەنیا رواڵەتی شتەکان نوێیە و ناوەرۆک بۆنی هەمان هەزاران ساڵ لەمەو پێشی لێ دێ، شەهید هیچ نیە مەگەر هەمان فدیە کە ئەوکات پێشکەشی خوداکان ئەکرا و ئێستا پێشکەشی دایکی نیشتمان! (ژن خودایەک کە لە پەسەندێکی نەوتراو و گشتی دا لە جێی خوداکانی کۆن دانراوە و قوربانی پێشکەش ئەکرێ!)

لە دنیایەکی وەهادا شەهید نوێنەری ئامانجێک نیە و ئامانجە نادیارەکان لە ناو هەرای ماتەمگێڕان دا هەمیشە ون ترن لەوەی هەن ، هەموو شت ئاڵۆزە، ئامانجەکان درووشمگەلێکن کە بە ئاسانی جێگۆڕکێیان پێ ئەکرێ، وەلا ئەنرێن و فەرامۆش ئەبن و زۆریش بۆ هەموو کەس ئاساییە کە فەرامۆش بکرێن چون لە سەرەتاوە لە قووڵایی ناخی ئەو خەڵکەدا ئەوەی گرنگە قوربانی کردنەکە و رێورەسمی قوربانی و پێشکەش کردنی خوێن و بۆنی گۆشتی برژاو و شین و رۆڕۆی دوای رۆژی قوربانیە…. شتەکان بە رواڵەت نوێن، شۆڕش و ئامانج و سوور بوون لە سەر بڕوا و نەسرەوتن تا سەرکەوتن بەڵام سەرکەوتن چیە؟! شتێک کە بۆ خەڵکی دەڤەری ئەم قوربانگا گەورەیە کە ناوی کوردستانە هێشتا نا روونە کەس نازانێ سەرکەوتن چیە؟ بەس دەزانن شتێکی باشە! سەرکەوتن وشەیەکە بۆ جوانکاری بە کار ئەچێت و هیچ بەرانبەرێکی روونی لە دنیای واقێع دا نیە، ئامانجیش هەروا ، ئەوەی وەکوو دوا مەنزڵی شۆڕش پێناسە ئەکرێ لە خۆیدا هەمیشە تەماوی و نادیارە…. ئێرە تەنیا شوێنی دنیایە کە شۆڕش خۆی ئامانجە نە رێگا! تەنیا شوێنی دنیایە کە رێگا و ئامراز بە ئاسانی فەرز ئەبێ بە سەر ئامانج دا ،کە  ئامانج لە بنەوە هەر بوونی نیە! خیاڵێکی ناروونە کە لای هەر کەس و وێنایەکی هەیە ….

شەهید بە هەمان عادەتی هەزاران ساڵ پێش لە ناو حەماسە و هەرای خەڵک دا رەوانەی قوربانگا ئەکرێ ، چرکە ساتی مێژووی لە بەر چاوی خەڵک تۆمار ئەبێ ، رەنج و چێژی شاراوەی شین گێڕێ خەڵک تێکەڵی خوێنی فدیە ئەبێت و ئەکرێ بە قورگی دایکی نیشتمان دا کە تێر بێت و لە رۆڵە بە غیرەتەکانی رازی بێت…. شەهید دوای رێورەسمی قوربانی پارچە پارچە ئەکرێ و هەرکەس و بەشی خۆی لێ ئەبات ، حیزب و سازمان بەشی خۆی، ئیدئۆلۆژی بەشی خۆی، شاعیران و شین گێڕان بەشی خۆیان جەوانە رۆمانتیکەکان بەشی خۆیان کە گریان بۆ جوانی قوربانیە … هەر کەس و بەشی خۆی ئەبات و هەموو کەس لە قووڵایی دڵیان دا رازین بەوەی رووی داوە و سەر و بنی قسەیان ئەبێ بە نامرن ئەوانەی لە دڵی میللەتا ئەژین! سووکترین جۆری پاساو بۆ دووبارە و هەزار بارە کردنی ئەو رێورەسمە نەگبەتەی کە هیچکات قەرار نیە کۆتایی پێ بێت…

لە قەیرانی بیر کردنەوەدا ، لە زاڵ بوونی رۆحی حەماسە و خوێن و ژن خودایەکی گەمژە و سەرەرۆ بە ناوی نیشتمان دا نیشتمانێ  کە کەس نازانێ هێشتا سنوورەکانی لەشی تا کوێیە! کەس نازانێ کە ئایا دیلە و قەرارە رزگار بێکرێ یان قەرارە رۆژێ هەزار جار بە شوو بدرێ، کەس نازانێ کە قەرارە هاوکات بە سەر چەن کەس دا دابەش بکرێ … نیشتمانێ کە هەیە بۆ قوربانی گرتن و خەڵکێک کە تامی حەماسەی قوربانی بە هیچ شتێکی دیکەی ئەم دنیا ناگۆڕێ ، لە شوێنێکی وەها دا داستانی شەهید داستانی قووڵایی رەنجێکە بە ناوی نەزانین و بێ مەیلی بۆ زانین … داستانی دووبارە بوونی بێ کۆتای هەڵبژاردنی دیارترین کوڕ ، جوانترین کچ و بردنی بۆ قوربانگا و پاشان هەمان سووڕی بێ کۆتا ی شین و خۆ بەتاڵ کردنەوە یە ….

داستانی قسە کردنی بەردەوام و بێ تامی ئێمەیە لە بارەی کەسانێک کە لە قەیرانی ئامانج دا لە قەیرانی خواستێکی حەقیقی رزگاری دا دانە دانە و هەرکام و لە کاتێک دا رەوانەی قوربانگا ئەکرێن….

 

بیر کردنەوەکان و بێ تاقەتیەکان ئەمشەو، بە بێ ئیدیت ….. ٤.١.٢٠١٧

 

 

Annonser

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Drevet av Lykke Media AS | PRO ISP - Webhotell & domene
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørmål rettes til post[att]bloggnorge.[dått]com.