Bloggnorge.com // بێدەنگی
Start blogg

بێدەنگی

( نووسراوەکانی گوڵاڵە کەمانگەر )

میکانیزمەکانی خەتیب بۆ کاریگەری دانان لە سەر بەردەنگ

لەم رۆژانەدا نامەی مەلایەکی کوردستانی باشووری بڵاو بوەتەوە کە بۆ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدەی نووسیوە لە بارەی ئەو یاسایەی کە بۆ کانتۆنەکانی رۆژئاوا پێشنیار کراوە. ئەو نامەیە جگە لەئەوتووڕەیی و هەڕەشەیە کە سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشاوە هەڵگری هێندێ تایبەتمەندیە کە وای لێدەکات ببێت بە بابەتێک کە بۆ ئاوردانەوە دەبێت و دەکرێ قسەی لە سەر بکرێ.

ئەوەی ئەو نامەیە وا لێدەکات ببێت بە جێگای باس زیاتر لە هەموو شتێک شێوازی داڕشتنەکەیەتی و هەروەها دەرکەوتنی مەلا کامەران لە فۆرمی خەتیبێکی تەواو دا، بە هەموو تایبەتمەندیەکانی خەتیب بوونەوە.

خەتیب (واتە ئەو کەسە خیتابەیەک دەڵێ)  ناوێکە کە زیاتر لەوەی کە بۆ وتاربێژی سیاسی و کۆمەڵایەتی  کەڵکی لێ وەربگیردرێ، بۆ مەلایانی ئایینی بە کار دەچێ، لەو کاتەدا کە لە مزگەوت دا خوتبە دەڵێنەوە.

خەتیب بوون لە هەر بیاڤێک دا و لە هەر چوارچێوەیەک دا کە بێت هێندێ تایبەتمەندی نەگۆڕی هەیە کە لە هەموو ئەو بیاڤانەدا (واتە سیاسەت و ئایین و … ) گرنگی زۆری هەیە و بەشێک لە خوێندنی خوێندکارانی ئەو بیاڤانەیە. خەتیب لە وانەی خوێندن دا فێری ئەوە دەبێ کە چۆن سەرنج و متمانەی بەردەنگ بۆ لای خۆی رابکێشێت. چۆن ئەو بەو قەناعەتە بگەیەنێ کە لە گەڵ شتێکی لۆژیکی و عەقڵانی بەرەوڕووە.  و لە کۆتایی دا چۆن لە گەڵ راو بۆچوونی خۆی هاورای بکات و کاریگەری لە سەر دابنێ و بە نیسبەتی ئەو مەسئەلەیە کە باسی دەکات هیچ دڕدۆنگی تێدا نەهێڵێ و وای لێبکات بڕیاری کۆتایی هەر لەو کاتەدا بدات.

خەتیب گەر بتوانێ ئەو سێ کارە بە دروستی جێبەجێ بکات لەو بوارەی خۆیەدا دەبێت بە کەسێکی سەرکەوتوو. خیتابە ئەگەرچی مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی هەیە بەڵام بە درێژای ئەو مێژوویە هەمیشە یەک تایبەتمەندی زۆر گرنگی بووە ئەویش پۆتانسیەل و ئامادەیی زۆری بۆ خەڵەتێنەر بوونە کە لە هەمان هەوڵ دان بۆ بە قەناعەت گەیاندنی بەردەنگ دا دەردەکەوێ. خەتیب هەوڵ ئەدات بەردەنگ وا لێبکات کە قسەکانی بە قسەی عەقڵانی و هزری ببینێ و لێرەدایە کە چییەتی ئەو پۆتانسیەلی خەڵەتێنەر بوونە دیاری دەبێ. واتە خەتیب رێگەگەلێک بۆ ئیستدلال دەگرێتە بەر کە مەرج نیە ئیستدلالی راستەقینە بن. ئیستدلال کردن پاڵی داوە بە زانستی لۆجیک یان مەنتقەوە کە زانستێکە کە ئەگەرچی هەموو مرۆڤێک بە ئاسانی دەتوانێ لێ تێبگات بەڵام جیاکردنەوەی ئەوەی لۆجیکی و ئەوەی نالۆجیکیە دەتوانێ هێندێ جار ئاسان نەبێ و ئەوە ئەو شتەیە کە خەتیب لە خوێندنی دا فێری دەبێ. ئەو فێردەبێ کە چۆن ئەوەی نالۆجیکیە وەکوو لۆجیکی بنوێنێ، دیارە نواندنیش بە مانای بوون نیە، واتە خەتیب دەروەستی مەعقوول بوون و لۆجیکی بوونی ئیستیدلالەکانی خۆی نیە و خۆی بەوە ماندوو ناکات کە ئایا ئەوەی باسی دەکات بە راستی لە باری لۆجیکیەوە تەواوە یان نا، بەڵکوو ئەو لۆجیک وەکوو کەرەستەیەک بۆ وتارەکەی خۆی بە کار دێنێ، ئەو لە رواڵەتێکی لۆجیکی دا و لە رێگای سەرەتایەکی لۆجیکیەوە بە ئاکامێک دەگات کە پێوەندیەکی ساختە و ناواقعی لە گەل سەرەتاکەوە هەیە و هەر لێرەوەیە کە سەفسەتە وەکوو کەرەستەی باوی خەتیب لە دایک دەبێ. ئەم مەوزووعە لە نامەکەی کامەران عەلی دا بە روونی دەبیندرێ و دیارە لە زۆربەی ئەو وتارە ئایینی و سیاسی گەلەی کە بە ئەو شێوازە داڕێژرابن هەر بەرچاوە و دۆزینەوەی ئەو پێوەندیە ساختەگەلە زۆر سەخت نیە.

گرنگی ئەم مەسئەلەیە و وردبوونەوە لە پێکهاتەی خیتابە بەتایبەت خیتابەی ئایینی یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی بە رازی کاریگەری دانانی خەتیب لە سەر بەردەنگ بزانین. ئەو رازەی کە وادەکات خەتیبێکی ئایینی بتوانێ هاودڵی و سۆز و هاورایی ئەو خەڵکەی بۆ پای خوتبەکەی دەچن رابکێشێ و هەر ئەو توانای راکێشانە ببێت بە هێزی ئەو و وای لێبکات خۆی لە شوێنێک دا ببینێ کە بە ئاسانی هەڕەشە لە کەسانی دیکە (لە رۆشنبیر و نووسەرەوە هەتا سیاسەتمەدار و سیستەمی حکومەتی ) بکات.

ورد بوونەوە لە پێکهاتەی خیتابە ئەو ئیمکانەمان پێ دەدات کە یەکێک لە هۆکارەکانی گەرم و گوڕ بوونی کۆڕی مەلای ئایینی مان بۆ دەرکەوێ.

واتە ئەم نامەیەی مەلا کامەران کە لە فۆرمی خیتابەیەک دا نووسراوە نمونەیەکە کە لەودا دەتوانین هەم فۆرمی خیتابە بناسین و هەم ساختەچیەتی ناو ئیستدلالەکان و چۆنیەتی ئاراستە دان بە مێشک و هزری بەردەنگ ببینین.

لەم نامەیەدا مەلا کامەران سەرەتا بە باس کردنی ئەوەی کە خۆی یەکەم مەلایەکە کە باسی ناڕەوا بوونی حزووری داعش و رەوایی خەباتی پێشمەرگەی کردوە، یەکەم هەنگاو بۆ پێشکەش کردنی خیتابەکەی دەهاوێ کە بریتیە لە راکێشانی هاوسۆزی و متمانەی بەردەنگ.  نامەکە وەها دەست پێدەکات : « بەو پێیەی بەندە یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژایەتی خۆم بۆ هەڵوێستی گروپە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش بەرەی نصرە دەربڕی ئەوكات كە لە عفرین و ناوچە كوردیەكان لە دژتان دەجەنگان، هەروەها یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژاریەتی خۆمم دەربڕی لە چوونی گەنجانی كوردستان بۆ نێو ئەو گروپە ئیسلامیانە بۆ شەڕدژی كوردانی سوریاو بەڕاشکاوی ڕام گەیاند کە هەر کوردێک لەشەڕی دژی کوردستانی ڕۆژئاوا بکوژرێت پێی ناوترێت شەهیدو ستەمکارە، وە بۆ ئێستاش هەمووان هەڵوێستی بەندە دەزانن سەبارەت بە داعش و کۆبانی و پێشمەرگەو شەڕڤانەکان….هتد»

لێرەدا مەلا کامەران ئەو متمانەیە لای بەردەنگ ساز دەکات و هاوخەمی خۆی پێ دەسەلمێنێ و دڵنیای دەکاتەوە کە کەسێکی نەتەوەییە و ئەوەی بە دوای ئەم سەرەتایەدا باسی دەکات هەموو بۆ خزمەتی بە پرسی نەتەوەیە و لەو رێگایەوە خۆی و قسەکەی خۆی لە ئەو باوەڕە باوە کە لە بارەی مەلا و قسەی ئەو هەیە (واتە بەرگری هەمیشەیی لە ئیسلام) دوور دەکاتەوە و بوونێکی تاقانە و جیاواز بە خۆی دەبەخشێت. جیاوازیەک کە وای لێدەکات زیاتر لەوانی دیکە گرنگی پێ بدرێ. واتە ئەو هەر لە سەرەتاوە دەڵێ من جیاوازیم هەیە، خاوەن بیرم، بۆیە گرنگیم هەیە و هەموو ئەمانە هەم لە راکێشانی متمانەی بەردەنگ کاریگەریان هەیە و هەم لە ئەو هەڵویستەدا کە لە کۆتایی دا دەینوێنێ. ئەو هەر لە سەرەتاوە بنەڕەتی ئەو کۆتاییە تووڕە و پڕ خرۆشە بە وردی دادەنێ و مێشکی بەردەنگی بۆ ئامادە دەکات.

پاش ئەوە دەچێتە ناو داڕشتنی ئەو شتە بە رواڵەت لۆجیکیە کە کاکڵەی نامەکەی پێکدێنێ.

لە شوێنێک دا بە ساڵح موسلیم دەڵێ:»بەڕێزتان و پەكەکەو پەیەدەو ئەو هێز گەل و ئایدۆلۆژیایە یەكسان نین بە یەك بست لە خاك و نیشتمانی کوردستان، ئێوەو هەڵوێستەكانتان یان بیروباوڕ و ئایدۆلۆژیاتان جیگەی ڕەخنەو قسە لەسەركردنە»

دیارە ئەم بەشە و ئەم قسەیە تەواو راستە و لە شوێنی خۆیدایە، واتە حیزب و ئایدیولۆژی یەکسان نین بە خاک و ئەوە لای تاکی کورد شتێکی پەسند کراوە کە خاکی کوردستان لە سەرەوەی هەر حیزب و ئایدیولۆژی و رێکخراوێک دایە. بەڵام کێشەکە لەوێ ساز دەبێ کە مەلا کامران لە بیر خۆی و بەردەنگی دەباتەوە کە بە هەر پێناسەیەک لە ئایدۆلۆژی، ئیسلام بێ گومان جۆرێکە لە ئایدۆلۆژی واتە ئایدیالێکی بۆ مرۆڤ لە بەرچاو گرتوەو و گەیاندنی مرۆڤ بە ئەو ئایدیالە بە ئەرکی خۆی دەزانێ.

لێرەدا مەلا کامەران لە ناو رستەیەک دا کە هەڵگری راستیە و هزر پەسەندە شتێکی شاردوەتەوە یان باشتر بڵێم بە بێدەنگی هێشتوەتەوە کە نەک هزر پەسەند نیە بەڵکوو لە ئەگەری دەکەوتنی ئەو دا کۆی نامەکەی بێ ئیعتبار دەبێ. واتە گەر هیچ ئایدۆلۆژیەک لە سەرەوەی خاکی کوردستان نەبێ ئەوە ئیسلامیش بە پێی ئەو لۆجیکە ناتوانێ لە سەرەوەی کوردستان بێ و دەکرێ جێگای رەخنە و قسە لە سەرکردن بێت و  یاسای سیکۆلاریش رێگای هەمان رەخنە و قسە کردن لە سەر ئایدۆلۆژی دەکاتەوە. بۆیە خودی تووڕە بوونەکە و هاواری «وا اسلاماه » و هەموو نامەکە بێ مانا دەبن.

لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ : «ڕاستە ئێوە قوربانی زۆرتان داوە لە مێژووی شۆڕشی نەتەوایەتیدا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئەوەی دەتوانن بیكەنە دەستورو نەهج و پرۆگرامی حیزبی خۆتان بەهەمان شێوەش بیسەپێنن بەسەر گەلانی ژێر دەستەتاندا»

ئەمەش دیسان گوزارەیەکی تەواو راست و عەقڵانیە، هیچ شتێک و هیچ مێژوویەک ناتوانێ ببێت بە رەوایی بەخشی داسەپاندن و بە زۆر جێگیرکردنی هیچ  یاسا و بەرنامەیەک. بەڵام مەلا کامەران لەم دەستپێکە عەقڵی و رەوایە بەوە دەگات کە هەر یاسایەکی سیکۆلار لە کوردستان دا شتێکی داسەپاو و نەخوازراوە و لە بەرانبەردا یاسای ئیسلام یاسای خوازراوە کە پێوەندی جەوهەری لە گەڵ خەڵکی کوردستان دا هەیە و لادان لەوە بە واتای ستەمکاری و خۆ سەپاندنە. لە شوێنێک دا بە نموونەکانی ئەو یاسا ئیسلامیانە کە ئەو بە زاتیی و پەسەندکراوی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی دەزانێ ئاماژە دەکات و باسی » میرات و مارەیی ئافرەت» دەکات کە دەبێ وەکوو خۆیان چۆن لە ئیسلام دیاری کراون هەروا بچنە ناو یاساوە. چونکوو بە رای ئەو مافی هاوبەشی ئافرەت بۆ میرات بە زۆر داسەپاندنی پرۆگرامێکی حیزبیە و دیارە داسەپاندنیش خۆی ستەم کردنە!

با لەوەیان گەڕێین کە لە باسی پۆلێنبەندی ستەمەکاندا  لە نێوان حوکمی نیوە بوونی مافی ژن بۆ میرات لە لایەک و دیاریکردن و بە قەولی مەلا کامەران داسەپاندنی یاسایەک کە ئەو حوکمە هەڵبوەشێنێتەوە لە لایەکی دیکەوە، کامیان دەتوانێ ستەمکارانەتر و لەو رێگایەوە نائەخلاقی تر بێت. چونکو لە بنەرەت دا ئەوەی بەلای توێژی خەتیبەوە کەمترین گرنگی هەبێ بابەتی ئاکار و ئەخلاقە (کە گەر لایان بوایەت بەو ئاسانیە ئاگاهانە نەدەچوونە ناو کایەی فریودانی هزری خەڵکەوە)

 لێرەدا خەتیب کامەران بێ ئەملا ئەولا بوونی حوکمی ئیسلام بە نیسبەت مافی ئافرەت بە شتێکی سەلماو و روون دادەنێ و وەکوو باوەڕ و خواستێکی زاتی و نەگۆڕی خەڵکی کوردستان دەینوێنێ. لێرەدا ئاماژە بە هۆکاری ئەو دەستنیشانکردنەش پێویستە، پرسیار ئەوەیە کە بۆچی مەلا کامەران دەست دەخاتە سەر باسی میرات و مارەیی ئافرەت؟

ئایا بۆ ئەوە نیە کە دوو بابەتێکن کە پێوەندیان بە بەرژەوەندی مادی خەڵکەوە هەیە و ترساندنی خەڵک (لەوەی کە بە بوونی یاسایەکی سیکولار زەرەرمەند دەبن و  داراییان لە دەست دەچێ) باشترین ئامرازە بۆ بەرگری کردن لە دادپەروەری و پیرۆزایەتی ئایینی ئیسلام؟!

واتە ئەو ناحەقیە کە لەو یاسایەدا هەیە هەرچێک بێت و هەرچەندە هەڕەشە بێت بۆ دادپەروەری ئەوەندەی هەیە کە بەرژەوەندیەکی زیاتر بۆ پیاوی موسڵمان دەستەبەردەکات و عەقڵی بەرژەوەندی خوازی مەلا کامەران و بەردەنگەکانی دەڵێ بۆ دەبێ ئەو بەرژەوەندیە بفەوتێ؟!

مەلا کامەران لە شوێنێکی دیکە لە نامەکەی دا باسی ئەوە دەکات کە بوونی یاسایەکی سیکولار «سەرئەنجام دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزوتنەوە ئیسلامیەكان و ئینتمایی ئاینی»

لەو پێوەندیە دا بە یەکیەتی سۆڤیەت و تورکیە ئاماژەدەکات کە گوایا لە کۆشکی کرملین پاش ستالین «قل هو اللە احد» دەخوێندرێ! عیلمانیەتیش لە تورکیە ملی بە دەستی ئیسلام شکاوە! دیارە هیچکام لەو ئیدعایانە بۆ بەرێز کامەران عەلی قابلی پشت راست کردنەوە نین بەڵام بگرە دەرەنجامی چەسپاندنی یاسای سیکولار بە هێز بوونی ئینتمای ئایینی بێت، زانایەکی ئایینی کە گەورەترین خەمی خۆی بە خەمی ئایین دەزانێ بۆ دەبێ لە بە هێز بوونی ئینتمایی ئایینی نیگەران بێت؟! گەر بەرهەمی یاسای سکۆلار لە خۆیدا بە هێز بوونی بزوتنەوەی ئیسلامی بێت ئەوە دەبێ هەموو زانایانی ئایینی هەوڵ بدەن کە ئەو ئیمکانە بۆ ئەو بە هێز بوون و ئینتمایە برەخسێنن. جگە لەو هەڵەیە کە دەتوانێ لە باری عەقڵیەوە و قابلی چاوپۆشی بێت و تەنیا دەرخەری هەستێکی رووکەش بۆ باوەڕەکەی بێت ، ئەوەی لەم پێوەندیەدا گرنگی هەیە ئەو روانگەیە کە دەڵێ ئیسلام نە قابلی گۆڕانە و نە قابلی وەلاوەنان بەڵکوو دەبێ هەر بە هەمان شێوە کە تا ئێستا بوە هەبێت و هەر سیستەمێکی سیاسیش کە بێتە سەرکار بە مەرجێک دەتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست کە ئەو یاسایانەی ئیسلام بەرێوە ببات دەنا لە کۆتایی دا ئەوە ئیسلام و ئیسلامیەکان ملی دەشکێنن.

لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێ کە گەر یاسای ئیسلام لە ناوەند دایە و هەموو سیستەمێکی سیاسی ئەم ناوچەیە دەبێ لە سەر یاسای ئیسلام بن و مەلا کامەران ئەوەندە نیگەرانی ئەو یاسا سکۆلارانەیە (هەمان ئەو یاساگەلەی کە لە دەرەنجام دا دەبنە هۆی بە هێز بوونی ئیسلام و ئینتمای ئیسلامی) ئەی،  دژایەتیەکەی لە گەڵ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە چی دایە؟ مەگەر ئەوان هەمان یاسا بەرێوە نابەن کە مەلا کامەران نیگەرانیەتی؟ مەگەر ئەوان سوور نین لە سەر ئەوەی میرات و ماف و مارەیی ئافرەت و یاسای باج و هتد هەموو هەر ئەوە بێ کە لە ئیسلام دا هەیە، بنەمای ئەم دژایەتیەی مەلا کامەران لە سەر چیە؟ ئەو کە نایهەوێ دەوڵەتی ئیسلامی یاسای ئیسلام بەرێوە ببات و لە هەمان کاتدا نایهەوێ لایەنی سیکولاریش یاسای سیکولار پەسەند بکات خوزیاری چیە؟

لێرەدا کێشەی کەسانی وەک ئەو (کە زۆرینەی مەلاکان و ئەو تۆێژە لە کەسانی ئایینی کە خۆیان بە ئیسلامی میانەرەو ناو دەبەن) چیە؟ ئایا پرسی ئەوان پرسی ئایینە و پێیان وایە ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی دەیکات ئایینی ئیسلام نیە؟ گەر وایە بە چی دەتوانن ئەوە بسەلمێنن کە ئەو کردەوەگەلە و ئەو یاساگەلە یاسا و کردەوەی ئایینی نین؟ ئایا پرسی ئەوان پرسی کۆمەڵگا و نیشتمانە و نیگەرانی ئەوەن کە دەوڵەتی ئیسلامی کۆمەڵگا بەرەو دواکەوتوویی ببات؟ گەر وایە کێشەیان لە گەڵ یاسای سکولار چیە؟

لێرەدا بە پێی ئەوەی لە دەقی نامەکەی مەلا کامەران دا هەیە تەنیا یەک هۆکار بۆ ئەو هەڵویست نواندنە هەیە.

لە شوێنێک لە نامەکەدا هاتوە :» هێشتا كات زووە بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە لە سەلامەتی و سەقامگیری حوكومەتەكەت و بێ منەتیت لە ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!!»

لێرەدا دەردەکەوێت کە کێشەی مەلا کامەران و هاوبیرانی ترسی بێ منەت بوونی حکومەتی داهاتوی کانتۆنەکانە لە زانایانی ئایینی. واتە هەموو باسەکە دەگەڕێتەوە سەر بەشە دەسەڵاتی زانای ئایینی کە رێکخراوی دەوڵتی ئیسلامی ئەوەیان پێ نادات و ئەگەر بێت و لایەنی دژی دەوڵەتی ئیسلامیش ئەوە لە بەرچاو نەگرێت ئەوە بژیوی ژیانی ئەو گرۆپە دەکەوێتە مەترسی. لەم روانگەیەوە هەڕەشە کردنی مەلا کامەران لە ساڵح موسلیم شتێکی سەیر نیە. ئەویش وەکوو هەر لایەنێک کە خۆی بە خاوەنی سەنگی سیاسی دەزانێ، داوای بەشی خۆی لە دەسەڵات دەکات و هەر وەک لە مێژووی کۆنی مرۆڤ دا هەمیشە وا بووە قەشە، مەلا، کاهین یان هەر ناوێکی دیکە ، بە گشتی ئەوەی خۆی بە بەڕێوە بەری ئایین دەزانێ بە پێی گوێڕایەڵی خەڵک بۆ خۆی ئەو مافە بۆ خۆی بە مافێکی نەگۆڕ دەزانێ و گەر بۆی دەستەبەر نەبێ هەڕەشەیش دەکات. دیارە لایەنی حکومەتیش بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێ ئەگەرچی نابەدڵ بەڵام ملی بۆ دادەکێشێ و ئەوە روو دەدات کە لەم مێژووە دا بەردەوام دووپات دەبێتەوە و لە نمونەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دا دیسان دەکەوێتە بەرچاو. توێژی مەلا بە هەڕەشە کردن بەشی خۆی لە دەسەڵات وەردەگرێ بۆ نمونە وەزارەتی ئەوقافی بۆ دیاری دەکرێ و یاسا بە خواستی ئەو پەسەند دەکرێ و ئیمکاناتی پێ دەدرێ کە مەلایەتی (کە بە ئیدعای خۆیان پیشەیەکە بۆ خزمەت بە ئایین و خوا) ببێت بە پیشەیەکی پڕ داهات و دیارە ئەوەش خۆی هەرچەند زیاتر پەرە بستێنێ لایەنی خاوەن حکومەت رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ناچار دەبێ بە پاشەکشە و لە ئاکامدا ئەو رێککەوتنە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان مەلا و سیاسەتمەدار دا بە زاڵ بوون و بە هێز بوونی مەلا ،  لە لایەن ئەوەوە هەڵدەوەشێتەوە .

مەلا یان سیستەمی ئایین وەک لە سەرەوە باس کرا لە لایەک بە کەڵک وەرگرتن لە خیتابە و ئیمکاناتی سەفسەتە کە لە خیتابەدا هەیە توانای زاڵ بوون بە سەر هزری زۆرینەی هەیە ، بەتایبەت کە ئەو خیتابە گوتنە و کەڵک وەرگرتن لەو سیستمە بە رواڵەت فکری و هزریە وەکوو نەریتێک هەموو هەینیەک لە هەموو بنکەکانی کۆبوونەوەی خەڵکی باوەڕمەند و خوازیاری گوێگرتن لە خیتابە بەڕێوە دەچێت و ئەوە پێش بە هەر کەلێنێک و نوقسانێک دەگرێ کە لەوانەیە لە بیرکردنێکی درێژماوەدا لە لای بەردەنگ بکەوێتە ناو لۆجیکە دیاری کراوەکەی خەتیب. واتە ئەو بەردەوامیە و دووپات بوونەوە دەتوانێ بە تەواوی خودی لۆجیک و پێناسەی ئەویش لە لای بەردەنگی هۆگری خیتابە بگۆڕێ و ئەو هەڵەگەلەی لێ ببێت بە خودی لۆجیک و توانای تێگەییشتن و لێکدانەوەی مەنتقی لە دەست بدات.

هۆاکاری دیکە کە هێزی مەلاو سیستەمی ئایینی گەرەنتی دەکات، جگە لەو کایە عەقڵیە، شتێکی زۆر وردە کە لە بەشێک لە خیتابەکەی مەلا کامەران دا ئاماژەیەکی کورتی پێکراوە .

خەتیب کامەران لە بەشێک لە قسەکانی دا دەڵێ:» ئیسلام پێویستی خەڵكە نەك پێویستی بە خەڵك بێت، ئیسلام ناسەپەێت بەڵكو دەبێت خۆت زۆر مەمنونی ببیت ئەگەرنا منەتی پێت نیە»

ئەو قسەیە کە دیارە قسەیەکی تازە نیە و تەنیا بە نیسبەت ئیسلامیشەوە نیە و زۆر لە دین باوەڕەکان بەردەوام ئەوە دەڵێن کە ئایین یان دین پێویستی خەڵکە و بۆیە تا ئەمڕۆش ماوەتەوە.

بەڵام ئایا ئایین و لەوانە ئیسلام بە راستی پێویستی خەڵکە؟ چی وادەکات بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم دنیایە تەنانەت پاش دڵنیا بوون لە هەڵەکانی ئایین و ناتەواو بوونی لە پاساوهێنانەوە بۆ پرسیارەکانین هێشتا هەست بکەن پێویستیان بە ئایینە و نەتوانن لێی بێ خەم بن و گەر دووریشی لێ بگرن پاش ماوەیەک بگەڕێنەوە بۆی؟

بۆ وەڵام دانەوە بەو پرسیارە هێندێ لە رۆشنبیران و لێکۆلەرانی بواری ئایین بەردەوام باس لە خواست و مەیلێکی دەروونی مرۆڤ دەکەن بۆ ئەو شتەی کە ئەوان بە ئەزموونی دینی و ئایینی ناوی دەبەن. واتە ئەوان ئایین وەکوو پێکهاتە و رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەو هەستە کە لە لای خەڵک دا هەیە جیا دەکەنەوە و لەو باوەڕەدان کە ئەزموونی ئایینی شتێکە کە هەموو مرۆڤێک لە ناو خۆی دا ئاشنایی لە گەڵی هەیە و بریتیە لە مەیلی ئەو بۆ مێتافیزیک و عیبادەت کردنی خوایەک.

لەم روانگەیەوە باس لە دوو جۆر و دوو ئاست لە ئایین دەکەن وەکوو ئایینی کەمینەیی و ئایینی زۆرینەیی، ئایینی کەمینەیی هەر ئەوەیە کە لای خەڵک هەیە واتە لانیکەمی بوونی ئایین لە ناو کۆمەڵگادا ئەوەیە کە دەتوانێ وەکوو ئەزموونێکی ئاسمانی و ئایینی لە لای خەڵک بێت.  ئایینی زۆرینەیی ئەوەیە کە دەسەڵات بە تەواوی دەگرێتە دەست و کۆنترۆڵی هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک و وڵاتی بە دەستەوەیە. رۆشنبیرانی بواری ئایین لەو باوەڕەدان کە باشترین رادە لە بوونی دین هەمان ئەو ئەزموونە دینیەیە. و هەر لەو رێگایەوە ئەوەش دەسەلمێنن کە بوونی ئایین شتێک نیە کە لە لای مرۆڤەوە قابیلی وەلاوەنان بێت و وەک مەلا کامەران گوتویە بە پێویستیەکی مرۆڤی دەزانن.

بەلام لێرەدا ئەوەی جێگای وردبوونەوەیە چیەتی و ناوەرۆکی ئەو هەستەیە کە ئەوان بە هەست یان ئەزموونێکی دینی ناوی دەبەن.

ئایا ئەو هەستە و ئەو ئەزموونە لە راستی دا هەمیشە دینیە؟ ئایا ئیمکانی ئەوە نیە کە مرۆڤ لە دەرەوەی دین بێت و هەستەکەیشی هەستێکی دینی نەبێت بەڵام تێگەییشتن و هەستێکی بە نیسبەت بابەتی سەرەوەی مادە بێت؟

ئایا بیرکردنەوەی مرۆڤ لە فەلسەفە خۆی بیرکردنەوە لە مێتافیزیک نیە؟ ئایا مێتافیزیک و حەقیقەت و بوون بابەتی سەرەکی بیری فەلسەفی نەبوونە هەمیشە؟

دیارە ئەو بابەتانە هەموو بابەتی عەقڵین ئەویش عەقڵێک جیاواز و لە سەرەوەی ئەو عەقڵەی کە سەرقاڵی بابەتی زانستی ئەزموونییە، واتە بیاڤی عەقڵ لە بیری فەلسەفی دا زۆر بەربڵاوترە لە بیاڤی زانست و هەر ئەوەش وادەکات مێتافیزیک ببێت بە بابەتی سەرەکی بیری فەلسەفی.

کەوابوو مەیل و خواستی مرۆڤ بۆ مێتافیزیک مەرج نیە ناوی مەیلی مرۆڤ بۆ ئایین بێت و وەکوو پێویستی مرۆڤ بۆ ئایین پێناسە بکرێت. مرۆڤ لە واقێع دا مەیل و خواستی بۆ مانا هەیە، مانایەک کە لە حەقیقەتێکی فەلسەفی یان خودایەکی ئایینی بۆ مرۆڤ لە چرکەساتگەلێکی کورت دا دەردەکەوێ و مرۆڤ چێژێک و ئازادیەک لەو چرکەیەدا هەست پێ دەکات کە هەر لە لای دەمێنێتەوە. مانا وەکوو خواست و مەیل و ونبوویەکی مرۆڤ هەرشتێک بێت بێ گومان لە سەرەوەی ئایینە، بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئایین بە درێژای مێژوو ئەو بیاڤەی داگیرکردوە و وەکوو موڵکی نەگۆڕی خۆی ناساندوویەتی و رۆشنبیرانی ئایینیش بە هێنانە باسی ئەزموونی دینی و ئایینی ئەو ئەزموونە تاقانە و ماناتەوەرەی مرۆڤ کورت دەکەنەوە بە ئەزموونێکی دینی و لەو رێگایەوە رەواییەکی هەمیشەیی بە ئایین و دام و دەزگای ئایینی دەبەخشن و وا دەکەن کەسێک وەک مەلا کامەران بتوانێ ئیدعا بکات کە ئیسلام پێویستی خەڵکە. لە حاڵێک دا نەک ئیسلام و نەک هیچ ئایینێکی تر پێویستی نەگۆڕی خەڵک نین و تێکەڵ کردنی «مانا» و «ئایین» تێکەڵ کردنێکی نەریتی و لە هەمان کاتدا هەڵەیە کە لە لای کەرەستەگەلی دیکە (وەکوو ئەوەی لێرەدا لە چوارچێوەی تایبەتمەندیەکانی خیتابەدا باس کرا) دەسەڵاتداری و زاڵ بوونی بەرێوەبەری ئایین گەرەنتی دەکەن.

بۆیە رێگاکانی دەرچوون لەو دەسەڵاتە و لەو خۆ سەپاندنە و گەییشتن بە ئازادی راستەقینە (ئازادی وەکوو بەرهەمێکی ناوخۆیی و نەک هاوەردەیەکی دەرەکی) پێش لە هەموو شتێک بەستراوی ناسین شێوازی کار و ئەو میکانیزمگەلەیە کە دام و دەزگای ئایین بۆ زاڵ بوون و زاڵ مانەوە کەڵکی لێوەردەگرێ.

لێرەدا نامەی خەتیب کامەران لە واقێع دا بیانوویەک بوو و نموونەیەک بۆ پەرژانە سەر بەشێک لەو میکانیزمە و چۆنیەتی کارکردنی لە سەر هزری خەڵک و روانینەکانی ئەو لە  خۆی و دنیا.

Annonser

css.php
Driftes av Bloggnorge.com | Drevet av Lykke Media AS | PRO ISP - Webhotell & domene
Denne bloggen er underlagt Lov om opphavsrett til åndsverk. Det betyr at du ikke kan kopiere tekst, bilder eller annet innhold uten tillatelse fra bloggeren. Forfatter er selv ansvarlig for innhold.
Personvern og cookies | Tekniske spørmål rettes til post[att]bloggnorge.[dått]com.